وتووێژ لەگەل بەرێز فواد جەعفەری بەرپرسی ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران
بەكێ‌ دەلێن لاو؟ گرینگی قۆناغی لاوی چیە؟ 

پێناسەی لاو لە رووی تەمەنییەوە بە كەسێك دەڵێن لاو كە تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 40 ساڵ بێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت باس لە گرنگی قۆناغی لااویەتی بكەین دەبێت بڵێم تەمەنی لاویەتی گرنگی تایبەتی هەیە، لاو كەسێكە كە ئەگەر بە باشی مەیدان و فۆرسەتی پێ بدرێت ئەتوانێت داهێنەر بێت ئەتوانێت كاریگەری راستەوخۆی هەبێت لەسەر بابەتەكانی پەیوەست بە كۆمەڵگاوە، قۆناغی لاویەتی قۆناغێكە كە ئێنسان دەتوانێت بە هەموو شێوەێك كەڵكی لێ‌ وەربگرێت، لاو وەك نەمامێك وایە كە بەهەر شێوەێك بتەوێت ئەتوانێت لەگەڵ قاڵبەكەی بیگۆنجێنیت.گرنگی قۆناغی لاوی لەوە دایە كە مێشك و ئەندامانی لەشی ئینسان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی هەموو شتێك جا بۆیە پێویستە لەو قۆناغەدا ئیمكانات و پێداویستی شیاو بۆ لاوان دابین بكرێت تاكوو بتوانێت بە باشی خۆی بۆ داهاتوو ئامادە بكات و سوودی هەبێت بۆ كۆمەڵگاكەی.

ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران بەرنامەی چی هەیە بۆ لاوانی كوردستانی ئێران ؟

ناوەندی لاوان بە حۆكمی ئەوەیكە ئەندامانی لە لاوانی كوردستانی ئێران پێك هاتوون و بە باشی لەگەڵ كێشە و گرفتەكانی لاوان لە كۆمەڵگادا ئاشنان بەرنامە و پلانی خۆی هەیە كە بە شێوەی گشتی لە بەرنامەو ئەساسنامەی ناوەندی لاوان پەسەند كراوی كۆنگرەی یەكەم ئاماژەمان پێداوە، بەڵام ئەگەر بمەوێت بە كۆرتی چەند خاڵێك باس بكەم دەبێت ئاماژە بكەم بە بەرنامەمان لەسەر هۆشیار كردنەوەی لاوان لە كێشە و گرفتەكانی مادە هۆشبەرەكان لە ئێران كە بە باوەری ئێمە لە درێژەی سیاسەتە بەرنامە بۆدارێژراوەكانی رژێم لە كوردستان پەرە بەو مەوادانە دەدرێت و هەر رۆژەو نەعێك مەاد لە ئێران و كوردستان بڵاو دەكرێتەوە. بە باوەری ئێمە دەبێت لە ئاستی خوێندنگاكانی كوردستان هەموو چەشنە یمكاناتێكی عیلمی و كەرەستەێكی وەرزشی بۆ خوێندكارانمان دابێن بكرێت تاكوو لاوان بتوانن بە باشی خۆیان بۆ خزمەتی كۆمەڵگا ئامادە بكەن. لەم بەشەدا بە هۆی كەمی كاتەوە ناتوانم ئاماژە بە هەموو ئەو بەرنامانە بكەم كە ناوەندی لاوتان لەسەری كار دەكات بەڵام ئەو بەرێزانەی ئەیانەوێت زیاتر ئاگاداری كارەكانمان بن ئەتوانن سەردانی سایتەكانی ناوەندی لاوان بكەن و پەسەند كراوەكانی كۆنگرەی یەك بخوێننەوە.

بارودۆخی لاوان لە كوردستانی ئێران و كێشە و گرفتە سەرەكیەكانیان چۆن هەلدەسەنگی ؟

بارودۆخی لاوان لە كوردستان ئێران بە داخەوە هەر وەك لە سەرەوە ئاماژەم پێ كرد بە هۆی سیاسەتی بە ئەنقەستی رژێم لە كوردستان لاوان لە ئێستادا لە بارودۆخێكی ناڵەباردان، خوێندكاران دوای تەواوو كردنی خوێندن بە هۆی نەبوونی بەرنامەێكی درووست، بێكار دەبن و هەلی كاریان بۆ نارەخسێت، مادە هۆشبەرەكان لە لایەن دەست و پەیوەندەكانی رژێمەوە لە ناوو لاوان بڵاو دەكرێتەوە، ئەو لاوانەی كە بە هۆی هەژاری و دەستكۆرتی بنەماڵەكانیانەوە پەنا دەبەن بەر كاری سەخت و تاقەت پرۆكێنی كۆڵبەری بەرەوو رووی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی رژێم دەبنەوە و هەروەك ئاماژەم پێ كرد بێكاری، هەژاری، ئێعتیاد، خۆكوژی و نەبوونی سیاسەت و بەرنامەێكی ئۆسۆڵی بە تایبەت لە كوردستانی ئێران و چەندین كێشە و گرفتیتر لاوانی بەرەوو رووی كێشەو گرفت كردووەتەوە.

ناوەندی لاوان خەباتی كوردستانی ئێران چ دەورونەخشێكی بینیوە لە هۆشیاركردنەوەی لاوانی كورد لە بوارە جیاوەزەكاندا ؟

ئێمە بە حۆكمی ئەوەیكە لە كۆمەڵگای خۆمان دوریین و بەداخەوە ناتوانین راستەوخۆ كاریگەریمان هەبێت لەسەر لاوان، بەڵام ئەمەش نەبووە بە هۆكار كە ئێمە هیچ كارێك نەكەین، بە پێی ئیمكانات و تواناكانی ناوەندی لاوان هەوڵمان داوە كە لاوان لە كوردستانی ئێران و بگرە هەموو بەشەكانی كوردستان هۆشیار بكەینەوە لە رێی، بڵاو كراوەكانمان لە سایتەكان و رۆژنامەكەماندا، ئێمە هەوڵمانداوە لە رێگای پەیوەندی گرتن بە ئەندامانی خۆمان لە ناوخۆی وڵاتەوە كاریگەریمان هەبێت لە ئاست كۆمەڵگای كوردستانی ئێران هەروەها بە بەشداری كردنمان لە كۆر و كۆبوونەوە و گرتنی سمینار و كۆنفەرانسە جۆراوجۆرەكان بە باشی تەئسیری خۆمان داناوە.

پەیوەندیتان لەگەل رێكخراوە سنفیەكانی رۆژهەلات و پارچەكانی دیكەی كوردستان  لە چ ئاستێكدایە  ؟

پەیوەندی ناوەندی لاوانی خەبات لەگەڵ رێكخراوەكانی تایبەت بە لاوان بە تایبەتی لە كوردستانی ئێران پەیوەندیێكی دۆستانە و دوو لایەنەیە و ئێمە لەگەڵ هەموو رێكخراوەكان پەیوەندی و هاوكاریمان هەیە و پێكەوە كاری هاوبەش دەكەین، لە ئاست رێكخراوەكانی پارچەكانیتری كوردستانیش دۆستایەتی و هاوكاریمان لەگەڵ زۆربەی رێكخراوەكان هەیە و ئێمە وەك ناوەندی لاوان تەبایی و هاوكاری رێكخراوەكان لە ئاست هەر چوار پارچەی كوردستان بە پێویستیێكی گرنگ دەزانین و باوەرمان وایە كە بە هاوكاری و كاری هاوبەش ئەتوانین بە ئامانجەكانمان بگەین و هەر لەو پەیوەندەدا ئامادەی هاوكارین لەگەڵ هەموو رێكخراوەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان.

لەماوەی رابردوودا یەكەمین كۆنفرانسی لاوانی رۆژهەلات بەرێوەچوو مەبەست لە بەستنی ئەم كۆنفرانسە چی بوو  ؟

لاوان لە هەموو جیهان و بە تایبەت لاوانی كورد هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ بوون لە ناوو كۆمەڵگادا، هەر وەك دەزانن كۆنفەرانسی لاوانی چوار پارچەی كوردستان سێ سالە بەرێوە دەچێت و وەك نەریتی كارەكانی كۆنفەرانس هەر ساڵە و پارچەێك لە كوردستان ئەركی بەرێوەبەری كۆنفەرانسەكەی لە ئەستۆیە، ئێمەش بە حۆكمی ئەوەیكە ئەمساڵ بەرێوەبەری چوارەمین كۆنفەرانسی لاوانی چوارپارچەی كوردستانین بە مەبەستی رێكخستنی كارەكانمان و زیاتر لە یەك تێگەیشتن و هەروەها نیشاندانی ئەو راستییەی كە ئێمەی لاو بە پێچەوانەی حیزبەكانمان كە تاكوو ئێستا نەیانتوانیوە لە ژێر یەك سەقفدا و بە پلاتفۆرمێكی هاوبەش كۆببنەوە و كاری هاوبەش بكەن، ئێمە سەرەڕای ئەوەیكە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی جیاوازمانە هەیە و هەر رێكخراوەێك سەر بە یەكێك لە حیزبەكانە بەڵام بە خۆشییەوە ئەتوانین پێكەوە كاری هاوبەش لە راستای بەرژەوەندی نەتەوییدا بكەین و بە دوژمنانیشمان نیشان بدەین كە ئێمەی لاو یەك هەڵوێست و یەكگرتووین لە ئاست كێشە نەتەوەییەكانماندا و هەر بەو مەبەستەش یەكم كۆنفەرانسی لاوانی رۆژهەڵات لە كەش و هەواێكی دۆستانە و ئارامدا بەرێوە چوو و توانی دەستكەوتی باشی هەبێت بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

پێتان وایە لاوان بتوانن لە نزیك بوونەوەی حیزبەكانی رۆژهەلات دەورو نەخشێكیان هەبێت ؟

بە باوەری من بڵی: لاوان ئەتوانن دەوری كاریگەریان هەبێت لە ئاست لێك تێگەیشتن و نزیك بوونەوەی حیزبەكان و هەر وەك دەبینین تا ئێستاش كاریگەری خۆیان داناوە و هەر لەو راستایەشدا توانیمان بە دەعوەت كردن لە سەركردایەتی حیزبەكانمان بۆ یەكەم كۆنفەرانسی لاوانی رۆژهەڵات و بەشدارییان لەو كۆنفەرانسەدا كاریگەری خۆمان نیشان بدەین و بە خۆشحاڵییەوە سەركردایەتی حیزبەكانیش بە دڵێكی ئاوەڵاوە وڵامی بانگهێشتەكەی ئێمەیان دایەوە و لەو كۆنفەرانسەدا بەشدارییان كرد.

كار و چالاكیەكانی داهاتووتان چی دەبێت ؟

هەر وەك وتم بە حۆكمی ئەوەیكە بەرێوەبەری چوارەمین كۆنفەرانسی لاوانی چوارپارچەی كوردستانین، ماوەێكە كار لەسەر رێكخستن و راپەراندنی كاروباری ئەو كۆنفەرانسە دەكەین و گرنگترین كارمان وەك هەموو رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە كە بتوانین بە باشی ئەو كۆنفەرانسە بەرێوە ببەین و لەو پێاوەدا سەرقاڵی كۆبوونەوە و پەیوەندی لەگڵ باقی رێكخراوەكانیتری هەر چوار پارچەی كوردستانین.

297745_205114466221761_227698850_n

ڕێکه‌و 2014-03-28 14:02:19
به‌شی ( دیمانه )







سیاسی