كـــوردســتانی ئــێران و هـــەنـــگــاوی نــوێی خەبات
دوژمنی ئێمە  ،، رژیمی ئاخوندی ،، دۆستی كەمی هەیە. ئێران بە دەلیلی ئەوەی بۆتە ناوەندی بارهێنان و مۆڵگەی ترۆریستان و پشتیوانی گروپە توندڕەوەكانی جیهان،صورة بۆ هەموو دنیا بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە. ڕووخانی ئەم ڕێژیمە نەك بۆ قازانجی كورد و دۆزی كورد لە ئیران، بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتی گرنگە. ئێمە كە هەڵقوڵاوی ناو ئەو واقیعیەتە جوغرافیاییەین و لەگەڵ ئەم ڕێژیمە خوێنڕێژ و دیكتاتۆرە روو بە ڕووین،  گرنگە یەكگرتوانە وەك بزوتنەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە جاران زیاتر هەوڵ و تێكۆشانمان هەبێ و ئەو تێكۆشان و خەباتەش راستە و راست لە خزمەتی دۆزی رەوای نەتەوەكەمان  لە رۆژهەلاتی كوردستان بێ  وبە دوور بێ . لە هەر چەشنە خۆ بەستنەوە  و كاریگەری هیچ لایەن و هێزێكی دەرەكی لەسەر نەبێ .خۆكۆكردنەوە و دامەزراندنی  هێزیكی هاوبەش لە نێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دا پێویستێكی هەنوكەیی و گرنگە كە دەبێ بە وردی بخرێتە بەر باس و شرۆڤەكردن و لە هەل و مەرجی ئێستادا وەك خالێكی سەرەكی هاوكاری و هاو هەڵوێستی زەق بكرێتەوە.  ئەم هاوكاری و تێكۆشانە هاوبەشەش تەنها پێویستی بە یەك خاڵی هاوبەش هەیە، ئەویش هەوڵدان و تێكۆشان لە پێناو یەك خستن و رێكخسنی شۆڕشێكی هاوبەشی سەردەمیانە لە نێوان هێز و لایەنەكاندا كە بتوانێ لەم سۆنگەوە وێڕای بەرزكردنەوەی  ورەی كزبووی خەباتی رەوای گەلەكەمان و بەرز راگرتنی هەستی نەتەوە خوازی و  فیداكاری و گیان بازی لەم بوارانەدا، ئازادی خاكی كوردستان و ڕزگاركردنی جەماوەری كوردستانی ئێرانە لە دەستی زوڵم و چەوسانەوەی ڕێژیمی ئاخوندی. كە باشترین هەنگاو لەم بارەوە  هەوڵدانە بۆ ڕۆخانی بێ قەید و شەرتی ئەو ڕێژیمە كە لەسەر بنەما و ئەساسی چەوسانەوە و دیكتاتۆری دامەزراوە و باوەڕی بە ماف و ئازادی گەلان نەبوە و نیە و بۆتە سەر چاوی هەموو كێشە ناو خۆیی و ناوچەیی و جیهانیەكان.
 حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان ئەوە باش دەزانن، چوون هەم لە ماوەی خەبات دا ئەزموونیان لە كردار و جنایەتەكانی ئەم ڕێژیمە هەیە و دەزانن كە ڕێژیمی ئاخوندی هیچ كاتێكیش ناتوانین نە بە ئاشتی وە نە بە زۆر گەلی خۆمان لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیمەدا ئیدارە بكەین و هەوڵ بۆ دیموكراسی و ئازادی بدەین. 
شوعاری بێ كردەوە و بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و خۆبەزلزانی، سێ دەردی كوشەندەی ناو هەندێك لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتن و بە هۆی ئەم ڤیروس و پەتایەوە بە چەشنێك  زەرورەتی لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و یەك خستنی  هیزی لازم لە پێناو هاوكاری و دەستنیشان كردنی خاڵە هاوبەشە كان‌یان لە پێناو  گەیشتن بە رزگاری و ئازادی ئەم خاك و میللەتەیە لە دەستی زوڵم و چەوسانەوەی دژمنی هاوبەش لە بیر چۆتەوە كە گەورەترین زەربەی لە پەرستیژی خەباتی هاوبەش و متمانەی سیاسی و باوەر بە كۆدەنگی و هاو هەنگاوی لە پێناو پێشخستنی بزاڤی نەتەوایەتیمان داوە.
هەندێك دروشم زیاتر لە ‌دنیای فەنتازی و خەیاڵەوە نزیكترە، وەك  لە واقع و مەنتیق وپێویستە لە سیاسەتی ڕۆژ نزیك بێ. گرنگترین و باشترین هەنگاو بەڕای من گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاڵە هاوبەشەی كە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.مادام دروشمی مافی چارەی خۆنووسین یەكێكە لەو دروشمانەیە كە نزیك بە هەموو لایەنەكان دەتوانن لەسەری كۆك بن و هەموو داوای مافی نەتەوایەتی بۆ كورد و ئازادی و ئاوەدانی كوردستان دەكەن، ئیتر شەڕی دەسەڵات و كورسی و تاقم و دەستەبەندی لە پێناوی چی دا؟ بۆكێ و بۆ چی؟. هەندێك لە حزبەكان دەبێ بە جیدی و لە ماوەیەكی كورت دا كار بۆ خەباتی هەوبەش بكەن و خۆیان یەكلا بكەنەوە. یا ئەوەتا دەڕۆنەوە لەسەر هەمان باوەڕ و ئایدلۆژیای تەك رەوی و بەرنامەی خۆیان پیادە دەكەن، یا ئەوەتا بە ڕەسمی گۆڕانكاری لە خەت و ڕێبازی خۆیان دەكەن و خەت و رێبازێكی گشتگیر و نوێ دادەمەزرێنن. تەنها گۆڕان بەسەر كەسایەتی و پۆست و كورسی دا هاتوە، كە بەم رەویە و ئاكارانە  تاكو ئێستا نەیانتوانیو‌ە ببنە بنەما بۆ هێنانە ئارای ئایدلۆژی و فكرێكی نوێ بۆ ناو شەقام و شۆڕشی سەردەمیانەی كوردی. ئەم هێز و لایەنانە ئەگەر لە خەم مێژووی خەباتی حیزبەكەشیان نەبن، دەبێ بیر لە بەرژەوەندی گشتی بكەنەوە و لەو ڕوانگەوە هەوڵ بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان بدەن. نەرمی نواندن ئاخاوتنی لێزانانە وهەست كردن بە پێویستی هاو هەڵوێستی و هاو خەباتی بۆ یەكخستنی خالە هاوبەشەكان لە پێناو ئامانج و ئاواتی گشتی ، لە نێوان سەركردەكان دا زۆر گرنگە و هەوڵدان بۆ هەنگاونانی لێك تێگەیشتن و چارەسەری كۆتایی لەم بارەوە نەك هەر بۆ خۆیان بەڵكو بۆ تەواوی  خەباتی سیاسی و بزاڤی رەوای كوردی و شێوازی كاركردنی هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنەكان دا گرنگە. 
بەسەراحەت پێم خۆشە بیڵێم كە ئەو هەوڵ و تێكۆشانەی ئێمە دەیكەین لە ئاست پێویستی نەتەوەكەماندا نیە و زۆر كەمە. هەوڵدان و دامەزراندنی  بەرە یان پلاتفۆڕمێكی سیاسی- چەكداری،  زەرورە. دروسكردنی بەرەیەك وەك بەرەی هاوبەشی ساڵەكانی پێش ڕاپەڕین و چەند ساڵ دوای ڕاپەڕینەبەشكۆكەی گەلی كوردمان لە  كوردستانی عێراق دا زۆر پیویستە.
دروستبوون ودامەزراندنی بەرەیەكی هاوبەشی لەو چەشنە  لە شاخەو بۆ شار بە چەند دەلیل زۆر گرنگ و بەجێیە وەك‌:
 
١. دامەزرانی هێزێكی تۆكمە و پێكهاتوو لە هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵات، كە بتوانێ بە ڕەسمی یان ناڕەسمی پشتیوانی لە خەباتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان  بكات  لە بەرامبەر ‌ ڕێژیمی ئاخوندی دا. 
٢. بەرەی هاوبەش دەبێتە زامنی یەكگرتن و زیاتر پێكەوە كاركردن ، لەناو هێزی سیاسی و چەكدای هەموو لایەنەكاندا.  
٣. ئەگەر بەرەیەكی لەو شێوە پێك بێ هەموو حزبە بەژداربووەكان خۆی بەخاوەنی دەزانن و هەوڵی بۆدەدەن. كەسیان هێزێكی لەو شێوە لەبەر خاتری ئەوی تریان ڕەت ناكاتەوە. 
٤. شادبوونەوەی جەماوەری ڕۆژهەڵات بە ڕۆڵەكانی خۆی و هەوڵدان بۆ چالاكی ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی كوردستان دا. 
٥. بەرەوپێشچوون و مۆدێرنیزەكردنی هێزی پێشمەرگە لە فێرگەیەكی سیاسی نیزامی دا كە لە هەموو هەلوو مەرجێك دا بتوانێ پشتیوانی لە كوردستان و بزوتنەوەی كورد بكات لە كوردستانی گەورە بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی.
كوردستانی ئێران پێویستی بە هەنگاوی نوێی خەباتكردن هەیە. هەوڵ و هیمەتی هەموومانی دەوێ. ڕۆحی هاوكاریكردن و لێك تێگەیشتن لەیەك و هەنگاوی بوێرانەی دەوێ. هێز لە یەكگرتن دایە.  بەو هیوایەی هەموومان پێكەوە كار بكەین لەپێناو بەرژەوەندی كوردی ڕۆژهەڵات و ڕزگاركردنیان لە زوڵم و چەوسانەوەیان ڕێژیمی ئاخوندی.  
 
ڕێکه‌و 2014-09-30 02:00:31
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی