رێورەسمی كۆتایی دەورەیێكی تری سیاسی نیزامی سازمانی خەبات ی كوردستان

 

خەباتمێدیا: رۆژی پێنج شەممە 12ی خاكەلێوەی 1395 رێورەسمی چەكداركردنەوەی پۆلێكی تر لە لاوانی خوێن گەرمی كوردستان لە بنكەی باشیكی سازمانی خەبات بەرێوە چوو. رێورەسمی كۆتایی هاتنی دەورەی (شەهیدانی خاكەلێوە) كە لە گوندی قۆپان لە میحوەری باشیك بەرێوە چوو، سەرەتا بە دەقیەقیێك وێستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.

پاشان بەرێز كاك تاهیر عەبوو فەرماندە و راوێژكاری كومیسیۆنی سیاسی نیزامی و بەرپرسی دەوری شەهیدانی خاكەلێوە، راپۆرتی كۆتایی ئەو دەورەیەی پێش كەش كرد. 

كاك تاهیری عەبوو لە میانەی قسەكانی دا تیشكی خستە سەر نەخش و دەوری پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە رابردوو و ئێستا و بە بیرهێنانەوەی مێژووی ئەو داستانە پڕ حەماسیانەی بە دەستی پێشمەرگە چاونەترسەكانی سازمانی خەبات تۆمار كراون ، ئەرك و كەسایەتی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی لە باری نیزامی و هەروەها لە باری ئەخلاقی شۆڕشگیرانە بۆ داهاتوو وێنا كرد. بەرێز كاك تاهیر لە درێژەی راپۆرتەكەی دا بە باس كردنی دۆخی هەستیاری ناوچەكە ئەركی هێزی پێشمەرگەی بە قورستر لە رابردوو هەڵسەنگاند و پێویستی خۆراهێنان و پەروەدرەی بەردەوام و وشیاری سیاسی بۆ پێشمەرگەكان بە حەیاتی زانی. 

دواتر پەیامی دەورە لە لایەن یەكێك لە هاورێیانی تازە پەیوەست بوو بە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات خوێندرایەوە.

لە بڕگەی كۆتایی رێورەسمەكەش وێرای بەرێوەبردنی چەند جوڵەی نیزامی چەكی شەرەف و كەرامەت لە لایەن بەرێز كاك بێهروز ئەردەڵان كارگێری كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات پێش كەش بە پێشمەرگە تازە پەیوەست بووەكان كرا و ئەوانیش بە بەڵینی وەفاداری بە رێبازی مامۆستا سەید جەلالی هەرگیز نەمر و ماچ كردنی ئالای شەكاوەی كوردستان بە رەسمی ئەركی پێشمەرگایەتی خۆیان دەست پێكرد. 

سازمانی خەبات ی كورستانی ئێران ماوەی ساڵیك و نیوە وەك ئەركێكی نەتەوەیی لە سەنگەرەكانی پێشەوە رووبەرووی هێزی ترۆریستی داعش دەبێتەوە و لە میحوەری باشیك لە چەندین نوقتە پارێزگاری لە خاكی كوردستان

دەكات. 

 

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

كومیسیۆنی سیاسی نیزامی

12/1/1395

ڕێکه‌و 2016-04-01 21:54:03
به‌شی ( چالاکییه‌کان )







سیاسی