سێ لاوی باکووری کوردستانی ئێران حوکم دران دەزگای دادوەریی رژێمی ئاخوندی ئێران لە ورمێ، حوکمی ٤٢ مانگ زیندانی بەسەر ٣ لاوی کورددا سەپاند. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، دوو برا بە ناوەکانی هووشەنگ پیرووززادەگان و محەممەد پیرووززادەگان لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری ورمێ، بە ٢ ساڵ و شەش مانگ زیندان، حوکم دران. ئەو حوکمە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا و بە بڕیاری دادوەر چابۆک لە لقی یەکی ئەو دادگایە دەرکراوە. تاوانی ئەو دوو لاوە کە ٢ ساڵی بۆ هووشەنگ پیرووززادەگان بڕاوەتەوە، "هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی" ڕاگەیەندراوە. برایانی پیرووززادەگان لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤، لە دەورووبەری ورمێ دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیران.هەروەها لە هەواڵێکی دیکەدا هاتووە؛ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ماکۆ بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. ناسنامەی ئەو کەسە بە، نەسرەدین دالایی‏میلان بڵاوبووەتەوە کە لە کۆتایی وەرزی پاییزی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هەرسێکیان بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی لە بەندی زیندانییانی غەیرە سیاسی ڕاگیراون و دۆخی گشتییان نالەبارە.
ڕێکه‌و 2016-04-04 20:31:58
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی