ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات سیمینارێکیان بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک، بەڕێوەبرد!

ئێوارەی ٢ ی رەشەمەی ١٣٩٧ ، رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات سیمینارێکیان لە ژێرناوی (پشت گوێ خستنی زمانی دایک، لەبیرکردنی مێژوومانە) بەرێوەبرد.



سەرەتای سیمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ رێزگرتن لە رۆحی هەرگیز نەمری مامۆستا سەید جەلالی حسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری نەتەوەکەمان دەستی پێکرد.



پاشان پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک لە لایەن کاک شەماڵ میللی، ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری رێکخراوی لاوان خوێندرایەوە.



سیمینارەکە کە پێک هاتبوو لە دوو پانێل، پانێلی یەکەم لەلایەن خاتوو شیلان محەممەدی، ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری رێکخراوی ئافرەتان لەژێر ناوی (گرینگی و کاریگەری زمانی دایکی لەسەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی) پێشکەش کرا، خاتوو محەممەدی لەناوەرۆکی پانێلەکەیدا تیشکی خستە سەر کاریگەری زمانی زگماکی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و لایەنی کەسێتی تاکەکان لەناو کۆمەڵگاو ئاخێوەرانی ئەو زمانە و ھەروەھا ھۆکارەکانی مردن و کوژانەوەی ھەر زمانێک.



پانێلی دووەمیش لەلایەن کاک فواد جەعفەری بەرێوەبەری رێکخراوی لاوان لەژێر ناوی (کاریگەری دەسەڵاتدارانی داگیرکەر لەسەر زمانی کوردی) پێشکەش کرا، بەرێز جەعفەریش لە ناوەرۆکی باسەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی زمانی کوردی و کاریگەری رژیمە باڵادەستەکانی ئەو ناوچانەی کوردیان تێدا نیشتەجێیە کرد و لەگەڵ باسکردن لەسەر گرنگی و پێویستی پاراستنی زمانی زگماکی نەتەوەی کورد.



پاشان ئامادەبووان بە راو بۆچوونەکانیان بەشداریان لە باسەکاندا کرد.



دواتر کۆڕی هونەری سازمانی خەبات بە سرودێک کۆڕ وسمینارەکەیان ڕازاوەترکرد.



کۆتا بڕگەی سیمینارەکە فیلمێکی دێکومێنتاری بوو دەربارەی رۆژی جیهانی زمانی دایک، کە لەلایەن راگەیاندنی رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات ئامادەکرابوو .

ڕێکه‌و 2019-02-23 20:23:25
به‌شی ( چالاکیه‌کان )







سیاسی