پەیامی پیرۆزبایی رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات بەبۆنەی جێژنی نەورۆز

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!

لاوان و ئافرەتانی خوێنگەرمی ڕیزەکانمان!

بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین. هیوادارین ئەم جێژنە ببێتە مایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و لاوان و ئافرەتانی تێکۆشەر و خەباتگێڕی کوردستان و گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانمان.

لاوان و ئافرەتانی تێكۆشەر!

 لە كاتێکدا ئەم یادە مەزنە دەکەینەوە کە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان  لە سەرەتایترین ماف وئازادیەکان بێ‌بەشن و لە دۆخێکی نالەبار و دژواردا ژیان بەڕێدەکەن.

 ڕژێمی ئاخوندی هەلومەرجێکی نا لەبار و نامرۆڤانەی بەسەر لاوان و ئافرەتانی دڵسۆزی کوردستان سەپاندووە و ڕۆژانە تووشی چەندین لەمپەر دەکرێن و بەدەست دەیان ئازارەوە دەناڵێنن.

بارودۆخی  خراپی ئابووری، کێشەی کۆمەڵایەتی، مادەی هۆشبەر، هەلومەرجی خراپی خوێندن، زیندان، ئەشکەنجە و ئیعدامی لاوان و ئافرەتانی تێكۆشەر، ئەو کێشانە و دەیان كێشەی تریش بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە و ڕژیمی ئاخوندی بەو پلان و بەرنامە گڵاوانە بە بەردەوامی لە هەوڵی بێ‌ تواناکردنی پێگەی لاوان و ژنانی کوردە.

 دەسەڵاتدارانی ڕژێم ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە پلانە دزێوەکانیان نە لە ڕابردوودا و نە لە ئێستادا بەهیچ جۆرێک نەیتوانیوە چۆک بە لاوان و ئافرەتان و خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان دابدا و تا ڕووخان و لەناوچوونی ڕژێمی مرۆڤ کوژی ئاخوندی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن.

سەرەڕای ئەم بارودۆخە ناهەموارە لە ئێراندا، بە هاتنی جێژنی نەورۆز و بەهار و سەری ساڵی کوردی جۆش و خرۆش  لە ناو جەماوەر لە پەرەسەندندایەو بە هومێدەوە لە ئایندە دەڕوانن. دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە ڕژێم دژبە جێژن و دڵخۆشی خەڵکی کوردستانە و لە ژێرناوی پاراستنی ئەمنیەت،  سوپا‌ و هێزە ئەمنییەكانی بەردەداتە خەڵک و ڕێگری لە ئاهەنگەكانی نەورۆز و سەری ساڵی تازە دەکات.

بە پێی هەواڵەكان عەلی شەمخانی لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی سوپای پاسداران كۆبوەتەوە‌و هەڕەشەی لەحیزبە كوردییەكانی كوردستانی ٸێران كردوە بەوەی هەر هەوڵێك بدەن بۆ تێكدانی ئارامی ئێران ئەوا زۆر بەتوندی وەڵام دەدرێنەوە.

هیومیدوارین کە ساڵی تازە، ساڵی سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بێ و جێژنی نەورۆزی داهاتوو لە کوردستانی ئازاد و ڕزگارکراودا بکەینەوە و لاوان و ئافرەتانی کورد بگەن بەهەموو مافێکی ڕەوای خۆیان و بە ئازادی بژین، بە ئازادی چالاکی بکەن و بە ئازادی بۆنە و یادەکان بەڕێوەببەن.

جارێکی تر پیرۆزبایی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزتان پێدەڵێین و هومێدەوارین ساڵێکی پڕ لە ئارامی و خۆشی بۆ تێكڕای دانیشتوانی ئێران و كوردستان بێ‌.

بروخێ رژێمی دیکتاتۆری ئاخۆندی

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان

 

رێکخراوەکانی  ئافرەتان و لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

۲۸ رەشەمەی ۱۳۷۹
ڕێکه‌و 2019-03-19 09:31:09
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی