دووشهمه 15 جۆزهردان 2723
ئەفسانە رەحیمی
ئاشكرایە لاوان, یەکێک لە هێز و پۆتانسیلە گرینگەکانی هەر وڵاتێکن و بە یەکێک لە بناغە سەرەکییەکان و پێوەرەکانی ئابووری- کۆمەڵایەتی, سیاسی و مەدەنی وە هەروەها هۆی گەشەکردنی وڵات و كۆمەڵگە دادەنرێن. هەربۆیە گەشەسەندنی هەر وڵاتێک پێوەندی بە ئەندازەو ڕادەی چالاك بوون و پێشكەوتنی توێژی لاوی ئەو ووڵاتە هەیە. لە وڵاتێكدا کە دەسەڵات کار و هەلی کار بۆ لاوەکان نارەخسێنێ، یان ڕێگە لە پەروەردە كردن و گەشەی فكری و ئەرك و بەرپرسایەتی لاوان دەگرن. ئەم توێژە لە تەمەنێکی هەستیاردان كە دەبێ بایەخیان پێ بدرێ بەڵام بە پێچەوانەوە سەركوت دەكرێن و بە چاوی كەم تەماشایان دەكرێ، کە بە داخەوە توشی چەندین جۆر بەڵا وەک ماددەی هۆشبەر, نەخۆشی دەروونی و رەوانی و هتد دەبن و یا هەوڵ بۆ خۆکوژی یا بەجێهێشتنی ووڵات دەدەن.کە ئەو بە كەم زانین و حیساب نەكردن بۆ لاوان دەبێتە هۆی لەناوچوونیان و لە درێژخایەندا وای لێی دێت کە كۆمەڵگە بە تێكڕایی تەمەن و توێژەكانی، نەتوانن لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان و ئەو ڕۆڵەی كە دەبێ هەیان بێ شوێن دانەر بن. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ڕژیمی ئێران لە ساڵەکانی ڕابردودا، زیاد بوونی جەماوەر ساڵانە یەک میلیۆن نەفەربووە و لەو ڕێژەیە لە ساڵەکانی ۷٤ تا۸٠ جەماوەر، ۱٥تا ۲٤ساڵ گەیشتۆتە ۱۸میلیۆن. بەڵام ئێستا بە هۆی دۆخی خراپی ئابووری و سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی ڕژیمی ئاخوندی, تەمەنی لاویەتی لەو کۆمەڵگەیە لە هەڵکشاندایەو بەرەو پیرتر بوون دەڕوات. چەقبەستوویی ئابووری ووڵات و سیاسەتی دژە مرۆڤانەی ڕژیمی ئاخوندی وایکردووە ئاسۆی ژیانێکی باش بۆ نەوەی داهاتوو تاریک بێت و دەسەڵاتداران لەجێاتی دابین کردنی ئیمکانات و پەروەردە کردنی لاوان, خەریکی بە فیڕۆدانی سەرمایە نیشتمانییەکان و دزی وگەندەڵیی بن. ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەنجانی لەدایکبووی ساڵانی حەفتا بەرەو ئەملا خۆیان لە پێکهێنانی ژیان بەدوور بگرن وخێزانەکان ڕوویان لە تاکە منداڵی کردووە. لە چوار دەیەیە ڕابردوو ڕژیمی ئاخوندی هەوڵی لەناوبردنی ئازادی، ئاوەدانی، دێموکراسی، پێشکەوتن و سەرکەوتن بۆ هاووڵاتیان و بەتایبەت لاوان دەدات و بە خەیاڵی خاوی دەتوانێ ئەو مافانە بۆ گەلانی ئێران بکاتە خەون. هەموو ئەم کردەوانەی رژیم بۆ پێش پێی گرتن بە گەشەسەندنی کۆمەڵکەو بە تایبەت لاوانە. بەڵام لاوانی ئازادیخواز نەک ئەوەی گیرودەی ئەم پیلانانەی دەسەڵات نابن، بەڵکو چەندین ساڵە سەنگەرەکانی خەبات دژ بەو دەسەڵاتەیان بەجێ نەهێشتووەو بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەم حکومەتە زاڵمە. راپەڕینە سەرتاسەرییەکانی ئەم چەند مانگە بە تایبەت دەوری لاوان لەو ڕاپەڕینانەدا کە بەناوی شۆڕشی ژینا ناسراوە، باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم وتانە كە پێشەنگایەتی كچان و كوڕان لە ناوخۆ و ڕیزەکانی خەباتی چەکداری باشترین نەمونەن کە هەموو دونیا شاهیدی بوون. حکومەتی ئاخوندی ئێران ئەوەی لەدەستی هاتووە بۆ لەناوبردنی لاوان یان ئەوەی کە بۆ لای خۆیانی بکێشێت کردوویەتی. حاشاهەڵنەگرە کەسانێکی كەمیش هەن کە فریوی ئەو حکومەتەیان خواردوە, کە ئەم کەسانە لەچاوی خەڵک دا بە خائین پێناسە دەکرێن.دیارە بە ڕوونتر بوونی ناخ و ناوەرۆکی خراپی حکومەت و سیاسەتە شوومەكانی, بەشێک لە فریو خواردووەکان، بۆ باوشی خەڵک دەگەڕێنەوەو جارێكی دیكە تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەبنەوەو لە بەرانبەر حكومەتی دیكتاتۆر شۆڕش دەكەن. دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران وێڕای هەموو پەلەقاژەکانی بۆ مانەوەی, لە کۆتاییەکانی تەمەنی خۆیدایەو بەدەستی لاوانی بوێر و چاونەترسی ووڵات, خۆیان و لایەنگەرە جینایەتکارەکانیان بە سزای گەل و نیشتمان دەگەن. لەم قۆناغە هەستیارەدا زۆر پێویستە کە خوێندکاران و بازاڕیان و هەموو توێژەکانی كۆمەڵگە دەست لە دەستی یەکتر, بە هاوکاری, هاوئاهەنگی و بەیەکگرتوویی, بناغەی ئەو حکومەتە لەبن بێنن و بە ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕشی گەلان لە ساڵی ۵۷ی هەتاوی و بەچاوی کراوە، سیستەمێکی دیمۆکراتیک و سکۆلار دامەزرێنن تا هەموو نەتەوەکانی وڵات بەو ماف و ئازادیە کە شایستەی خۆیانە بگەن.