
به‌پێی راپۆرتی به‌شی فارسیی ده‌نگی ئه‌مریكا، مایكل پوزنر، لێپرسراوی گشتیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری دێمۆكراسی، مافی مرۆڤ و كار، رایگه‌یاندووه، ساڵی پێشوو له ئێران ره‌وشی مافی مرۆڤ له ئێران به‌ره‌و خراپتربوون رۆیشتووه. ناوبراو له درێژه‌دا وتوویه‌تی: "قبووڵ نه‌كردنی نارِازییان، به‌تایبه‌ت سه‌ركوتی خۆپیشانده‌ران له ساڵانی رابردوو، به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی ئازادیی راده‌ربرِین، ئینتێرنێت، به‌شداریی سیاسی، دادگایی كردنی نادادپه‌روه‌رانه، به‌رده‌وامیی حوكمی شه‌لاق، سزای مه‌رگ و له‌سێداره‌دان، ئیعدامی به‌رفراوان له ساڵی ١٣٩١، ئیعدامی به‌كۆمه‌ڵ و نهێنی، كه وایه ده‌توانین بڵێین ره‌وشی مافی مرۆڤ له ئێران زۆر لێڵ و نارِوونه". ئاغای پوزنر ئاماژه‌ی به حه‌وت رێبه‌ری "كۆمه‌ڵه‌ی به‌هاییه‌كانی ئێران" كردووه كه هه‌ركام به ٢٠ ساڵ زیندانی مه‌حكووم كراون. له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی ئه‌مریكادا هاتووه، له‌مه‌رِ رێژه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه ساڵی ١٣٩٠ له ئێران به‌هۆی بیروباوه‌رِی سیاسی یان مه‌زهه‌بی زیندانی كراون، ئامارێكی ورد و دروست له‌به‌رده‌ستدا نیه، به‌ڵام چاوه‌دێران ئه‌و ئاماره‌یان به زیاتر له ٩٠٠ كه‌س مه‌زنده كردووه كه رۆژنامه‌نووسان، خوێندكاران، پارێزه‌ران، هونه‌رمه‌ندان، چالاكانی مه‌ده‌نی و مه‌زهه‌بی و كه‌مایه‌تییه ئێتنیكییه‌كانی گرتۆته‌وه. به‌پێی هه‌مان راپۆرت، زیندانیانی سیاسی به شێوه‌ی سیستماتیك بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن له ژووره تاكه‌كه‌سییه‌كانی زیندانه‌كان راده‌گیرێن و زۆربه‌ی مافه‌كانیان وه‌ك دادگایی دادپه‌روه‌رانه و بوونی پارێزه‌ر پێشیت گوێ ده‌خرێت. له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی گه‌وره‌ی ئه‌شكه‌نجه و سووكایه‌تی له‌لایه‌ن مه‌ئموورانی زیندانه‌وه به‌ره‌ورِوون. له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ناوبه‌ناو گارده تایبه‌تییه‌كان بێ هۆ ده‌رِژێنه ناو زیندانه‌كان و به‌تایبه‌ت به‌ندی سیاسییه‌كان و ده‌یانخه‌نه ژێر لێدان و شكه‌نجه و ئازاره‌وه و هێندێ جاریش ده‌سترِێژییان ده‌كرێته سه‌ر.