کورتە فیلمی "رەش و سپی" خەڵاتی فستیڤاڵی فرێسکۆی ئەرمەنستانی پێ بەخشرابەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، کورتە فیلمی چیرۆکی رەش و سپی، لە دەرهێنانی جەلال ساعید پەنا، لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە فستیڤاڵی "فرێسکۆ"ی ئەرمەنستاندا بەشداریی کرد و خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی فستیڤاڵەکەی لەژێر ناوی "ئۆقرە و خۆڕاگری"ی پێ بەخشرا. کورتە فیلمی رەش و سپی لە رکابەری لەگەڵ ٢٠ فیلمی وڵاتانی وەک فەڕانسە، ئەمریکا، رووسیا، ئاڵمان، ئیتالیا، ئەرمەنستان و ئەندونوزیدا توانیویەتی ئەو خەڵاتە مسۆگەر بکات. بەپێی هەواڵی بەشی راگەیاندنی کورتە فیلمی رەش و سپی؛ لێژنەی داوەران سەبارەت بەو فیلمە رایانگەیاندووە کە ئۆقرە، شێنەیی و ئەشق، لەم فیلمەدا لەو پەڕی خۆیدایە و کۆتاییەکی شیرین و شاد لە نێوان رەش و سپیی ئەم فیلمەدا بەدی دەکرێت. خەڵاتەكانی ئەم فستیڤاڵە لە حەوت بەشی باشترین فیلمدا لەژێر ناوی (باشترین پەیامی "عەشق")، (باشترین پەیامی "ئاشتی")، (باشترین پەیامی "ئازایەتیی")، (باشترین پەیامی "وتووێژ")، (باشترین پەیامی " ئۆقرە")، (باشترین پەیامی "مرۆڤایەتیی") و (باشترین پەیامی "پێداویستیی زیان لێكەوتووەكان") بە دەرهێنەرە سەركەوتووەكان بەخشراوە. کورتە فیلمی رەش و سپی لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فستیڤاڵی دهۆکدا لە شاری دهۆک، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەو فستیڤاڵەی بەدەست هێنا.

ڕێکهو 2014-07-14 14:38:33
بهشی ( ئهدهب و هونهر )