هـــەڵمەتـــێكی نـــوێ بـــە نـــاوی پـــرژانـــدنی تێزاب لــەناو دەزگــــای ئــاخـــوندی  لەماوەی دەسەڵاتداریی ئاخوندانی ئێران شاهیدی سەدان دیاردە و پیلانی دزێو و دوور لە ئەخلاق و ئینسانیەت بووینە و ئەو رژیمە ماكەی سەرهەڵدان و وەدیهێنەری كردەوەی قێزەون و ئاكاری نەشیاوە. خەڵكی ئێران بە هەموو گەلانیەوە لە پێناو سەركووت كردن و كۆنترۆڵكردنیان لە لایەن دەزگای دەسەڵاتداریەتی هیچ رێگەیێك نەماوە لەسەریان تاقی نەكرێتەوە. لەناو گەلانی ئێرانیش ژنان وەك توێژی زیندووی كۆمەڵگا زۆرترین ئازار و خەساریان لەلایەن ئەو نیزامە دیكتاتۆرەوە بەر كەوتووە و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە لەهەوڵی كپ كردن و نەهێشتنی ئازادییە تاكەكەسیەكانیان دان. لەماوەی مانگەكانی رابردوو شاهیدی هەڵمەتێكی جینایەتكارانەی نوێین كە ئەویش بابەتی ئەسید پاشی بۆ سەر دەم و چاوی ژنانە و بە پلانەوە لە لایەن خودی دەسەڵاتەوە بەرێوە دەچێ و ئەگەری ئەوەی هەیە پەل و پۆ بهاوێ‌ بۆ باقی شار و ناوچەكەكانی ئێران و یەك لەوان كوردستان. هەر چەند پێشتریش ئەو دیاردەیە بوونی هەبووە و بە پێی سەرژمێرییەكانی خودی رژیم لەماوەی ساڵی رابردوو 360 حاڵەتی تێزاب پرژاندن تۆمار كراوە، بەڵام ئەوەی لەماوەی مانگی رابردوو بیندرا جیاوازیی زۆری هەیە و لەلایەن خودی دەسەلاتەوە بەرنامەرێژی بۆ كراوە. بابەتی حیجابی ئیجباری و جۆری داسەپاوی جلی ژنان بە بەردەوامی یەكێك لە خەمە گەورەكانی دەسەڵات بووە و لەو پێناوەش دا دەیان رێگەكاری نوێی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو حاڵەتە پەیرەو كردووە، بەڵام خەبات و خۆراگری ژنان بۆ بە دەست هێنانی مافەكانیان تا هەنووكە ئەو هەوڵە نزۆكانەی دەسەڵاتی لەگەڵ شكست رووبەروو كردووە. لە ئاكامی خۆراگری ژنان لەبەرانبەر زۆر و ستەمی ئاخوندان لە ئێستادا رێگەیێكی دیكە بە كاردەبردێ‌ و ئەویش تێزاب كردن بەسەروچاوی ژنانە لە كۆچە و شەقامەكان و لەو رێگەیەوە لە هەوڵدان ترس و دڵەراوكێ لە نێو ژنان دروست بكەن و بە قوربانی كردنی ئەو ژنانە بە ئامانجە نگریسەكانیان بگەن. ئەو هەڵمەتە نوێیە لە شاری ئیسفهان دەستی پێكردووە و تەنیا لەماوەی یەك مانگ دا 30 ژنی ئەو شارە كەوتنە بەر هەڵمەتی تێزاب پرژاندن و بەم جۆرە داهاتوو و چارەنووسیان لەناو برا. ئەوەش لەدوای ئەوەوە هات كە بەرنوێژی هەینی ئەو شارە بە ئاشكرا فەتوای دەركرد بۆ پێشگرتن لەو ژنانەی بە قەوڵی ئەو بێ حیجاب دێنە سەر شەقامەكان و رێگەی چوونە بەهەشتی خەڵك دەگرن و رایگەیاند كە نابێ ئیزن بدرێ‌ كەسانێك بە ئاكارەكانیان رێگەی چوونە بەهەشتی خەڵكی تر بگرن و پێویستە چارەسەر بكرن و خەڵك قبووڵی نەكەن. هەر لەو پێوەندییەشدا فەرماندەی بەسیجی ئێران رایگەیاندبوو كە هاندان بۆ چاكە و نەهێشتنی خەراپە(امر بە معروف و نهی از منكر) یەكێك لە كارە سەرەكیەكانی بەسیجە و ئەو كارەش لە لایەن خوداوە خراوەتە ئەستۆی بەسیج. رژیمی دژە ژنی ئاخوندی كە ئیتر ترسی لەوە هەیە بە ئاشكرا بەربینگ بە ژنان و كچان بگرێ‌ بە بیانووی حیجابەوە و لەوەش گرینگتر بە خۆراگری ژنانی ئازادیویست شكستی هێناوە لە بەرێوەبردنی ئەو پرۆژەیە، ئێستا لە پڵانێكی بەرنامە بۆدارێژراو لە رێگەی بەكرێگیراوانیەوە تێزاب بە دەم و چاوی ژنان دا دەكات و دەیهەوێ‌ لەم رێگەیەوە پاشەكشێ بكات بە ویست و داوا سەرەتاییەكانی ژنان. زۆر گرینگە كەس لەبەرانبەر ئەو هەڵمەتە نوێیە بێدەنگ نەبێ و چوونكە ئەگەر ئەمرۆ ئەو پڵانە لە ئیسفەهانەوە دەستی پێكردووە بە بێدەنگبوون و پاشەكشە پەل و پۆ دەهاوێ‌ بۆ باقی شار و ناوچەكانی ئێران و دەبێتە مێتۆدێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژنان لە لایەن سیستەمی ئاخوندییەوە. هەر چەند تەوژمێك لە نارەزایەتی و بیزاری لە لایەن خەڵكەوە دەستی پێكرد و تا رادەیێك دەسەلاتی لەمەڕ كردەوە دزێوەكانی ئاگادار كردەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا پێویستە بە تایبەتی ژنان كۆڵ نەدەن و لەبەرانبەر كردەوە ترسنۆكەكانی ئەو دەسەلاتە پاشەكشێ نەكەن و پارێزگاری لە كەرامەتی ئینسانیان بكەن و لە لایێكی دیكەوە پێویستە ئەو جینایەتە لە ئاستی نێودەوڵەتیش شەرمەزار بكرێ‌ و پێش بە هەوڵەكانی رژیم بۆ دێزەبەردەرخۆنە كردنی ئەو پیلانە گڵاوەی بگیردرێ‌ و رێگەی دووبارە بوونەوەی كردەوەی لەم چەشنە بەتەواوی بەربەست بكرێ‌. صورة ڕێکه‌و 2014-11-28 13:51:01
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی