پەیامی ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی 16ی سەرماوەرز رۆژی خوێندكار 59 سال لەمەوبەر لە رۆژی 16ی سەرماوەزی 1332 خوێندكارانی زانكۆكانی تاران بە دژی هاتنی نیكسۆن جێگری ئایزنهاور سەرۆك كۆماری ئەو كاتی ئەمریكا بۆ ئێران، رژانە سەر شەقامەكان و دەنگی نارەزایەتی خۆیان لەدژی رژێمی پاشایەتی و هەروەها هاتنی نیكسۆن و كودەتا چیەكان بەرزكردەوە ، هێزە ئەمنیەتی و سەركوتكەرەكانی رژێمی پاشایەتی بە شێوەیەكی درندانە كەوتنە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و لە ئەنجامی ئەوەشدا سێ‌ خوێندكار كوژران و 27 كەسیتریش برینداربوون. و لە دوای ئەو رووداوە خوێنینە رۆژی 16ی سەرماوەرز وەك رۆژی خوێندكاران لە ئێران دیاری كراو هەموو سالێكیش سەرەرای بوونی كەش و هەوایەكی ئەمنیەتی توند بەسەر زانكۆكاندا، بەلام خوێندكارانی نیشتمان پەروەر بە گروتینێكی زۆرەوە یادی ئەو رۆژەدەكەنەوە و وەك هێمایەك بۆ دژایەتی كردنی ستەم و زۆرداری دەسەلاتداران سەیردەكەن .
دیارە بە هاتنی رژێمی ئاخوندیش نەك هەر فشارەكان بۆ سەر خەڵكی ئازادیخواز و بە تایبەت خوێندكاران كەم نەبووەتەوە بگرە چەند ئەوەندە زیادی كردووە و كاربەدەستانی رژێمی ئاخوندی بە زانینی ئەو راستیە كە زانكۆكان لانكەی شۆرش و بەرخۆدانن و چینی ئاگا و وشیاری خوێندكاری لە ستەم و ناعەداڵەتیەكان سڵ ناكەنەوە و دەنگی نارەزایەتی خۆیان دەردەبرن هەر لە سەرەتاوە زانكۆكانیان میلیتاریزە كردووە و تاكوو ئەمرۆ دەیان جینایەتیان لە زانكۆكان خۆڵقاندووە و بە سەدان بەربەستیان لە پێش خوێندكاران و ئەو چینە وشیارەی كۆمەڵگا درووست كردووە بەڵام هەنووكەش دەبینین كە خوێندكارانی ئێران بە گشتی و خوێندكارانی كورد بە تایبەتی لە هەر بۆنە و مەراسمێكی نەتەوەییدا دەور و نەقشی خۆیان دەگێرن و سەرای دەستبەسەر كردن و هەرەشەكردن لێیان قەد سەریان لە ئاست سیاسەتەكانی ئەو رژێمە تۆتالیترە دانەنەواندووە و بە حەق دەبێت بڵێین پێشرەوی كۆمەڵگا دەكەن بە مەبەستی وشیاركردنەوە و بەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتیەكانیان.
خوێندكارانی خۆشەویست !
ئێمە لە كاتێكدا ئەم یادەدەكەینەوە كە رژێمی ئاخوندی بە هۆی فشاری گەمارۆ نێونەتەوەییەكان و تەریك كەوتنەوەی لە نێو كۆمەڵگای جیهانی و پەرەسەندنی ناكۆكی نێوان باڵەكانی رژێم رۆژ بە رۆژ لە شكست و لە ناووچوون نزیك دەبێتەوە. هەر بۆیە دەستی داوەتە پەلەقاژێ و بە نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی دەرەكی و پاڵپشتی لە تیرۆریسم و هەروەها وەرێخستنی شەپۆلی ئیعدامەكان و گرتن و بێ‌ سەروشوێنكردنی گیراوان و شكەنجەدانی زیندانیانی سیاسی و بێرێزی كردن بە كەمایەتیە نەتەوەیەكان دەیەوێت لە ژێر باری ئەو هەموو فشارانە خۆی رزگار بكات. بێگومان رژێمی ئاخوندی بەردەوام دەبێت لە فشارەكانی بۆ سەر خوێندكاران و لەو پێناوەشدا رێوشێنی توندی ئەمنیەتی لە زانكۆ و زانستگاكانی ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی پەیرەو دەكات و بانگهێشت كردن و گرتنی بەردەوامی چالاكانی خوێندكاری لەلایەن ئیتلاعاتەوە سەلمێنەری ئەو راستیانەن.
ئێمە وەك ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران وێرای پیرۆزبایی بە سەرجەم خوێندكارانی نیشتیمان پەروەر و ئازادیخواز بۆ بۆنەی 16ی سەرماوەز ، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خوێندكارانی نەتەوەكەمان و داوا و مافە رەواكانیان دەر دەبڕین و هیوادارین كە ئەم یادە ببێتە هۆیی زیاتر یەكریزی و تەبایی نەتەوەكەمان هەر بەم بۆنەیەشەوە سڵاو دەنێرین بۆ سەرجەم ئەو خوێندكارانەی كە گیانی خۆیان پێشكەش بە ئازادی خاك و نیشتیمانیان كردووە .
ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران
دەستەیی بەرێوەبەری
15ی سەرماوەزی 1393 صورة
ڕێکه‌و 2014-12-08 10:31:57
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی