شوێنە گشتییەكانی شاری سنە كراون بەمەیدانی تیرهاوێژی بوونی مەیدانی تیرهاوێژیی پادگانە نیزامییەكانی رژێمی ئاخوندی ئێران لە شوێنە گشتییەكان و دەورووبەری شاری سنە مەترسیی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست كردووە وخەڵكی لەو كارە نیگەرانن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا، لەشكری ٢٨ی پیادەی كوردستان لە سنە ماوەیەكە چەندین مەیدانی تیرهاوێژی بە مەبەستی راهێنان و مەشقی نیزامی لە نزیك شوێنە گەشتیارییەكان دروست كردووە و دەنگی تەقە و هەرا و هوریای سەربازەكان خەڵكی نیگەران کردووە و ناڕەزایەتیی لێكەوتۆتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە هاووڵاتیان رایگەیاندووە، شوێنەكانی وەكوو ئاویەر و (خەیرە زنە"خدری زیندوو") بوونەتە مەیدانی تیرهاوێژیی لەشكری ٢٨ی كوردستان و هیچ ئەمنیەتیەكی گیانیش بۆ ئەو مەبەستە لەبەر چاو نەگیراوە. ئەو هاووڵاتیانە باسیان لەوەش كردووە، سەرەڕای دەنگی تەقە، زۆر جار پاشماوە و ئاشغاڵی پادگانەكەش بەشێوەی ناتەندروست لە نزیك ئەو شوێنە گەشتیاریانە لەناو دەبردرێن. لەحاڵی حازردا بە هۆی بەرین بوونەوەی شار ئەو شوێنە تیرهاوێژیانە كەوتوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی شاری سنە و ئەوەش مەترسی بۆ دروست كردوون.
ڕێکهو 2014-12-25 12:55:57
بهشی ( کۆمهڵایهتی )