11 ی بانەمەر چوارەمین سالرۆژی دامەزراندنی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران پیرۆزبێت لاوانی تێكۆشەری كوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ئەندام و دۆستانی رێكخراوی لاوانی خەبات
بەبۆنەی چوارەمین سالرۆژی دامەزراندنی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران لەلایەن دەستەی بەرێوەبەری رێكخراوەكەمان گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە سەرجەم لاوانی كوردستان ی ئێران و ئەندامانی رێكخراوەكەمان دەكەین و هیوادارین ئەم یادە لەداهاتوویێكی نزیك لە كوردستانی ئازادكراو دا بكەینەوە.
11ی بانەمەری 1390 ئەو رۆژەیە كە بەهەوڵ و ماندووبوونی بەشێكی بەرچاو لە لاوانی تێكۆشەری ریزەكانی سازمانی خەبات و بە هاوكاری و پاڵپشتی رێبەرایەتی سازمان و بەهەستكردن بە گرینگی و رۆڵی لاوان لە كوردستاندا و كۆكردنەوەی وزە و توانای لاوانی ریزەكانی سازمان بریاردرا كە رێكخراوێكی تایبەت بە لاوان بە ناوی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران دابمەزرێ . لەگەڵ ئەوەی كەگومانی تێدا نییە دامەزراندنی رێكخراوێكی لەم چەشنە زەروور بوو، بەڵام بەردەوامی و چۆنیەتی تێكۆشان و دەور و پێگەی رێكخراوەكەش بەهەمان رێژە و زیاتریش بایەخ و گرینگی خۆی هەیە. جێگەی دڵخۆشیە كە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا توانراوە سەرەڕای كەم و كورییەكان زۆركار و چالاكی تایبەت بەو توێژەی كۆمەڵگاكەمان بەرێوە ببەین و لە رێگاری جۆراوجۆر ئامانج و كارو چالاكیەكانی رێكخراوەكەمان بە لاوانی كوردستانی ئێران بگەێنین و رێكخراوی لاوانی خەبات ببێتە مەكۆیێك بۆ پێگەیاندن و پێگەیشتنی لاوانی خەباتكار و لە پێناو بەرەوپێش بردنی ئامانجەكانی لاوان و هەروەها بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی هەنگاوی شیاو هەڵگرین.
هاونیشتیمانیانی خۆراگر!
ئێمە لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە لە ئێران بە گشتی و لە كوردستان بە تایبەتی لاوان لە بارودۆخێكی نالەباردان و زیاتر لە رابردوو لە لایەن رژێمی دیكتاتۆر و دواكەوتووی ئاخوندییەوە دەچەوسێنەوە و لە لایێكی دیكەشەوە بەردەوام و لەرێگەی جۆراوجۆر وهاوتەریبی هەوڵە پاكەكان لە هەوڵدایە كە هێز و بیر و توانایی لاوان بەلای خۆیدا راكێشێت و توانا و پوتانسیلی لاو پووچەڵ بكاتەوە. لاوان لە هەموو رەهەندەكانی سیاسی و ئابووری و كلتووری و كۆمەلایەتی زۆرترین رێژەی ستەمی دەسەڵاتدارانی ئاخوندیان بەركەوتووە و بچووكترین جم و جولیان توندترین سزا و زیندان و شكەنجە و ئیعدامی بە دوا دا دێ‌ . دیاردە و خەسارەتە كۆمەلایەتیەكان رۆژ لە دوای رۆژ پەرەدەستێنێ‌ و مادە هۆشبەرەكان بیكاری وەك هۆكاری سەرەكی هەموو بشێوییەكان لە لایەن سیستەمی ئاخوندییەوە پەرەی پێ دەدرێ‌ و لاوان گیرۆدە دەكات. لەگەڵ هەموو ئەو راستیانەش مایەی خۆشحاڵیە كە چینی لاو ئاستی ووشیاری نەتەوەیی و سیاسی و لە هەموو پانتاییەكانی دیكەش لە هەڵكشانی زیاتر دایە و شەرێكی قورس لە لایەن لاوانی پێشرەو و وریا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئاخوندیی لە ئارادایە.
دەسەڵاتدارانی ئاخوندی وەڵاتی ئێرانیان بە هۆی سیاسەتە ناعەقلانیەكانی خۆیان بەرەو دارمان بردووە و بۆ كۆنترۆڵی خرۆشانی جەماوەریی ئاستی ستەم و چەوسانەوەیان زیاتر لە رابردوو بەرەوسەر بردووە و ئەو دۆخە هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگا و بەتایبەتی لاوانی ئازادیخواز لە پێ,ەند بە بەرەوسەر بردنی هەوڵ و تێكۆشان و یەكانگریی هێز و تواناكان وەئاگا دێنیتەوە و هەر بۆیە زەورە هەموو رێكخراو و دامەزراوە و تاكەكانی سەر بە كۆمەڵگای لاو لە كوردستانی ئێران لە پێناو ئامانجە بەرزەكنانمان زیاتر لە رابردوو هەست بە بەرپرسیارەتی بكەین و ریزەكانمان پتەوتر بكەین و ئاگری خەباتمان دژی دیكتاتۆری ئاخوندی و پێشیلكردنی مافەكانمان بە گڕ تر بكەین.
رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران لەسەر ئەو راستیە پێداگری دەكاتەوە كە بە بێ رووخانی رژێمی ئاخوندی ئاستەمە بتوانرێت ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئێران بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی باشتر بێت، بۆیە لە پێناو بە ئامانجگەیاندنی خەباتی رەوای گەلەكەمان و رزگاری یەكجارەكی لەدەست رژێمی ئاخوندی لە خەبات و تێكۆشان بە پشتیوانی هێزی لەبن نەهاتووی نەتەوەكەمان بەردەوام دەبین ، وە باوەرمان وایە كە بەبێ هاوكاری و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران ناتوانین بە ئامانجە نەتەوەییەكانمان بگەین بۆیە بە پێویستی دەزانین كە داوا لە سەرجەم لایەنەكانی رۆژهەلات بكەین كە لەو پێناوەدا زیاتر هەوڵبدەن چونكە دووبەرەكی و ناكۆكی بۆتە هۆی ئەوەی كە شۆرشی نەتەوەكەمان لە كوردستانی ئێران كەم رەنگتر بێتەوە .
دووبارە لەسالیادی دامەزراندنی رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە سەرجەم لاوانی نیشتیمانپەروەری كوردستان دەكەین و هیوامان وایە كە لە سالی داهاتوودا ئەمیادە پیرۆزە لە كوردستانی ئازادكراوی خۆماندا ئەنجام بدەین
رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران
دەستەیی بەرێوەبەری
11 ی بانەمەری 1394 صورة
ڕێکه‌و 2015-05-01 06:19:13
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی