راگەیەندراوی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات، بۆ پشتیوانی له‌ بانگه‌وازی چالاکانی مه‌ده‌نی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ مانگرتنی سه‌رانسه‌ری ٢٤ی بانه‌مه‌رِ. هاونیشتمانانی خۆشەویست
جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌ف و به‌ هه‌ڵویستی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات

لاوانی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەر

هه‌ر وه‌ک ئاگادارن له‌ ڕێکه‌وتی ١٤‌ی بانه‌مه‌ڕی ئه‌مساڵدا گه‌نجێکی مهابادی به‌ ناوی فه‌ریناز خوسره‌وانی به‌ شێوه‌یه‌کی گوماناوی له‌ هوتێل تارای شاری مهاباد و له‌ نهومی چواره‌م که‌وته‌ خواره‌وه‌ و به‌رپرسانی رژێم له‌ جیاتی ڕوون کردنه‌وه‌ی ڕوداوه‌که‌ و وڵام دانه‌وه‌ به‌ بیروڕای گشتی، ده‌ستیان کرد به‌ چه‌واشه‌ کاری و ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامدا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵبڕینی به‌رینی خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی شاری مهاباد و دواتر هه‌ندێ شاری تری کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و هێڕشی نامرۆییانه‌ی هێزه‌کانی ڕژێم و برینداربوونی چه‌ند که‌س و گیرانی نزیک به‌ ١٧٠ که‌سی لێکه‌وته‌وه‌.
هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌تا ئیستاش به‌رپرسانی ڕژێم له‌ شاری مهاباد وئوستانی ورمێ له‌ جیاتی وڵامدانه‌وه‌ به‌ بیروڕای گشتی خه‌ریکی چه‌واشه‌کاری و گرتن و به‌ند کردن و بڕینه‌وه‌ی سزای ماددین بۆ که‌سانی گیراو له‌و ڕێپێوانانەدا.
هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه‌ وه‌ک ڕێکخراوه‌کانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات وێرای ده‌ربڕینی هاوخه‌می خۆمان بۆ بنه‌ماڵه‌ی کۆچ کردوو و خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی، ڕایده‌گه‌یێنین که‌ زامنی مانه‌وه‌ و پاراستنی که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد ته‌نیا له‌ یه‌کگرتوویی و پێکه‌وه‌ بوون و هاوخه‌می دایه‌، هه‌ر بۆیه‌ش داواکارین هه‌ر وه‌ک له‌ ڕابردوودا و له‌ ڕووداو و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌کانی گه‌له‌که‌ماندا نیشانمان داوه‌ یه‌ک ده‌نگ و هاوارین، له‌و کاره‌ساته‌ش دا به‌ هانای خه‌ڵکی مهاباد و هاواری خنکاوی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ بین.
ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی بانەمەڕ، به‌ به‌شداری کردن و په‌یوه‌ست ىوون به‌ مانگرتنی گشتی له‌ کوردستانی رۆژهەڵاتدا، جارێکی تر ڕوو به‌ نه‌یارانی گه‌له‌که‌مان بیسه‌لمێنین که‌ نه‌ک مهاباد به‌ڵکو هیچ شار و به‌شێکی کوردستان به‌ ته‌نیا نییه‌ و هاوهه‌ڵویست و پشتیوان له‌ لای یه‌کتر ده‌ویستین.
گیان له‌ده‌ستدانی فه‌ریناز بووبه گڕکانی سه‌رهه‌ڵدانێکی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستانی رۆژهەڵاتدا بۆبه‌ دروشمێك له‌ یه‌ک پارچه‌ بوونی کوردستان هه‌ر له "باشووره‌وه تا باکور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات" ده‌نگی ناره‌زایه‌تی و پشتگیری له سه‌رهه‌ڵدانی مهاباد، به‌ شێوه‌ی خوپێشاندان و هه‌ڵگرتنی دروشمی هه‌موومان فه‌رینازین و مه‌هاباد ته‌نیا نییه‌ پشتیوانی خۆیان ده‌ربڕی که‌ لاوان له‌م خوپێشاندانەدا رۆڵی سه‌ره‌کی گێڕا و دیسان سه‌لماندیان کە پێشه‌نگی خه‌بات هەر لاوانی کوردستانن.
هه‌ر له‌م پیوه‌ندیه‌ دا زوربه‌ی ولاتان له‌ رێگای مێدیاو راگەیاندنه‌ جۆراو جۆره‌کان، پشتیوانی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌م روداووه‌ دڵته‌زێنه‌ ده‌ربڕی و ئێمه وه‌ک رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات پشتیوانی له حه‌ره‌که‌تی ئێعتڕازی خه‌ڵکی کوردستانی رۆژهەڵات ده‌که‌ین و تا به سزاگه‌یشتنی بکه‌رانی ئه‌م تاوانه قێزه‌ونه ده‌ست له ناره‌زایه‌تی خۆمان هه‌ڵناگرین و ده‌نگی ناره‌زایه‌تی لاوانی کورد به کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مافی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نین .
له هه‌مانکاتدا داوا له هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان به‌ تایبه‌ ت لاوانی شۆڕشگێڕ ومافخوازو پێشه‌نگی خەبات، و هەروەها سەرجەم چین و توێژه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی رۆژهەڵات ده‌که‌ین که به‌شداریی له مانگرتنی سه‌رانسه‌ریی رۆژی ٢٤ی بانه‌مه‌ڕدا بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی و ده‌ست و پێوه‌ندییەکانی باش بزانن که نه‌ته‌وه‌ی کورد له خوینی به ناحه‌ق ڕژاوی فه‌رینازەکان خۆش نابن.
لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات
٢٢ی بانەمەڕی ٢٧١٥ی کوردی

صورة
ڕێکه‌و 2015-05-12 23:48:03
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی