راگەیاندراوی هاوبەشی رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی رۆژهەڵات لە هەمبەر رووداوەكانی پێوەندیدار بە پەكەكە و حدكا كۆمەڵانی ماف ویستی كوردستان
لاوانی گیان لەسەر دەستی نیشتمان
حیزب و رێكخراو و NGOكانی كوردستان
لە بارودۆخی هەستیاری ئێستای نەتەوەكەمان یەكریزی و یەكگرتووی دەبێ لەپێش هەموو قازانج و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانەوە بێت. لە پێناو درووست بوونی ئەو یەكریزییە پێویستە هەموو لایەك لە پەیوەندییەكانیاندا هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و وەكوو دۆست مامەڵە لەگەڵ یەكتردا بكەن و قەدەغە بوونی شەری براكوژی دەبێ لانی كەمی ئاستی پێوەندیی نێوان هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بێ.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەشێك لە پێشمەرگەكانی حدكا بە مەبەستی تێكۆشانی سیاسی و تەشكیلاتی، روویان لە سنوورەكانی كوردستانی رۆژهەڵات كردووە، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی درووست بوونی سێجار گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان شەڕ روویداوە و پێشمەرگەیەکی حدكا شەهید و چەند بریندارێکی لێ کەوتوەتەوە.
بە باوەری ئێمە نابێت هیچ حیزب و لایەنێك خۆی بە خاوەندار و دەسەڵات داری هیچ ناوچەیەكی كوردستان بزانێ و دەبێت خەبات لە چوار چێوەی سنووری كوردستان بۆ هەموو هێزێكی تێكۆشەری كوردستان ئازاد و ئاوەڵە بێ.
ئێمە وەكوو رێكخراوەكانی لاوان ئیدانەی هەرجۆرە شەڕێكی كورد بە دەستی كورد دەكەین و بە دڵنیاییەوە هەر كەس و لایەنێك هۆكاری سەرهەڵدانی شەڕی براكوژی بێ، ئەوا دەبێ لە بەرانبەر سەروەرییەكانی نەتەوەی كورد وەڵامدەر بێت.
ئێمە وەك لاوانی رۆژهەڵات هەردوو لایەنی "حدكا و پەكەكە" بە تێكۆشەری كورد دەزانین و داوا دەكەین بە زووترین كات كۆتایی بەو رەوشە بێنن و دەستی برایەتی بخەنە ناو دەستی یەكترەوە.
ئومێد دەكەین هەموو لایەنەكان بە هەستی بەرپرسیارەتیەوە رووبەرووی ئەو تەنگەژەیە ببنەوە و رێگەی روودانی هەر چەشنە رووداێكی دڵتەزێنی دیكە بگرن و كۆتایی بە كێشە و ناكۆكیەكان بە گرتنە بەری رێگەی ئاشتیانە بێنن.
بەرەو یەكڕیزی نەتەوەی كورد بۆ بە دەستهێنانی ئازادی لە هەرچوار پارچەی كوردستان.
لیژنەی هاوئاهەنگی رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی رۆژهەڵات
٤ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی كوردی
ڕێکهو 2015-05-25 06:21:29
بهشی ( بهیاننامه )