پەیامی رێكخراوی لاوانی خەبات بە بۆنەی رۆژی جیهانی لاوان لاوانی ئازادیخوازی كوردستان
لاوانی تێكۆشەری ریزەكانی رێكخراوی لاوان و سازمانی خەبات
رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی 12 ی ئۆگۆست ، رۆژی جیهانی لاوان پیرۆزبایی خۆی پێشكەش دەكات بە هەموو لاوانی شۆڕشگێڕ و زەحمەتكێشی كوردستان و ئێران و هیوادارین بە لە ناوچوونی رژێمی دیكتاتۆری ئاخوندی مافی خەڵكی ئێران و چینی لاوان بە تایبەتی دەستەبەر ببێت.
لاوانی ئازادیخوازی كوردستان ،ڕۆژی جیهانی لاوان بیرۆكەی كۆمەڵێك لاوی وڵاتی ئۆتریشە و لە ساڵی 1991 كۆڕی جیهانی لاوان داوایكرد ڕۆژەكە رابگەیەنرێت و دوای هەشت ساڵ لە 1999 دا 12 ئۆگۆست بە فەرمی وەك رۆژی جیهانی لاوان دیاریكرا و ئەمەش رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ گشت لاوانی جیهان.
لاوان لە گشت وڵاتانی دونیا هێزی لە بن نەهاتوون و چینێكی گرینگ و هەڵسووڕی كۆمەڵگاكەیانن و داینەمۆ و وزەی گەڕان و بەردەوام بوونی ژیانن ، بەڵام بەداخەوە لە كوردستانی ئێران بە هۆی سیاسەتە دواكەوتووەكانی رژێمی داگیركەری ئاخوندی دژ بە لاوان زۆربەی لاوان بە لاڕێدا دەبرێن و ئاسمیلە دەكرێن و رژێم بە سیاسەتە چەپەلەكانی خۆی هەوڵی لەبار بردنی ئەو وزە و پوتانسیلە لەبن نەهاتووەی گۆران لە ناو كۆمەڵگا دەدا. لە كوردستان و ئێران بە هەزاران لاوان گیرۆدەی ئیعتیاد و فەساد و بێكاری و هەلاوسانی ئابووری و دەیان نەهامەتی دیكە بوونەتەوە.. . ، رێكخراوی لاوان لە بڕوایەدایە بە بێ لە ناوچوونی رژێمی دیكتاتۆری ئاخوندی ئەستەمە لاوان بگەنە مافەكانیان.
رێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران جارێكی تر پیرۆزبایی خۆی پێشكەش بە سەرجەم لاوانی جیهان و ئێران بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دەكات و داواكاری یەكڕیزی و یەك دەنگین لە گشت رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ئێران بۆ گەیشتن بە مافەكانمان و هیوادارین كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم یادە لە خاك و نیشتمانی خۆمان بكەینەوە.
رێكخراوی لاوانی خەبات ی كوردستانی ئێران
دەستەی بەرێوەبەری
12ی ئۆگۆستی 2015
ڕێکهو 2015-08-12 14:34:29
بهشی ( بهیاننامه )