lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

ژنانی بوێر سەمبولی خۆڕاگری و مزگێنیدەری ئازادین

ژنانی بوێر سەمبولی خۆڕاگری و مزگێنیدەری ئازادین
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

ژنانی بوێر سەمبولی خۆڕاگری و مزگێنیدەری ئازادین 

 

پەیامی نەورۆزی ڕێکخراوی لاوانی خەبات, بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی ۲·۲۳ی کوردی 

 

جەماوەری ماندوو له ستەم لە کوردستان و ئێران! 

 

بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی نوێی ۲·۲۳ کوردی و ۱۴۰۲ی هەتاوی, گەرمترین پیرۆزباییەکانی خۆمان پێشکش بە هاووڵاتیان لە کوردستان و ئێران دەکەین. نەورۆز وەرزی نوێی بونەوەو هێمای خۆڕاگری دژ بە ستەم و خەبات بۆ وەدەست هێنانی ماف و کوڵنەدان لە بەرانبەر زاڵم و تەعاداکارە. نەتەوەی کورد لە کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران, ساڵانێکی زۆرە کە بەهۆی بوونی دەسەڵاتە فاشیست و دیکتاتۆرەکانی پەهلەوی و ویلایەتی فەقیە, زوڵم و زۆری لەڕادەبەدەڕیان لێی کراوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی ژیانیان قەیراناویتر کراوە. بەڵام وەک ئاشکرایە خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕی وڵات قەد نەیانتوانیوە کۆیلەبوون قبوڵ بکەن و ماڵ و گیانیان تەرخانی ڕێگای ئازادی بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و ئازادی نەتەوەو نیشتمان کردووە. 

 

لاوان و ئافرەتانی بوێر و خۆڕاگر!

 

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆز دەڕۆین کە شەش مانگ بەسەر دەستپێکی شۆڕشی ژینا تێدەپەڕی و خەڵکی ئازادیخوازی وڵات بەپێشەنگایەتی ژنانی ئازا و چاونەترس ئاڵای ژن, ژیان, ئازادی یان هەڵکردووەو سینگی خۆیان کردۆتە قەڵغانی فیشەکی بەکرێگیراوانی دەسەڵاتی ئاخوندی و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ بەرانبەر بەو دەسەڵاتە دڕندەو خوێنڕێژە وستاونەتەوەو وایان کردووە ئاوازەی بوێری و پێشەنگی ژنان لەم ڕاپڕەینە مەزنەدا سەرنجی هەموو جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و جیهان گوێبیستی داوا ڕەواکانی ئافرەتانی چەوساوەی وڵات بکات. لەم ڕۆژانەدا بینیمان و نیشانی کۆمەڵگای جیهانیمان دا کە دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران هەموو هێز و توانای بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی مافویست بەکار دەگرێت و لە هیچ جینایەتێک وەک کوشتن و شکەنجەو لێدان و بەندکران خوێی نابوێرێت و بە خەیاڵی خاوی خۆی دەتوانێت پێش بە هەستی ئازادیخوازی بگرێت. تەنانەت کوێر کردنی سیستماتیکی خەڵکی ڕاپەڕیو بە تەقە کردن لە چاوی ئەو خەڵکەی وەک ئامرازێک بەکار هێنا کە بەپێچەوانە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان پڕ بوو لە وێنەی بوێرانەی کەسانێک کە چاوێکیان داپۆشیوەو بزەی پێکەنین لەسەر لێویانەوە بوو و سەلماندیان کە نرخی ئازادی بە هەر بەهایەک ئەدەن. 

هەڵوێستی بێوێنەی زارا محەممەدی مامۆستای بەندکراوی کورد, پاش ئازادی و وتنەوەی ئەوەی کە لە زیندان دەرکراوەو قەد داوای لێبوردنی نەکردووەو پاشەکشە لە ئامانجەکانی ناکات و هەروەها هاواری مەرگ بۆ خامنەیی سپیدەی ئقولیان پاش زۆرتر لە چوار ساڵ بەندکران و دەیان نەمونەی دیکە لە بوێری و نەترسی لاوانی وڵات بەڵگەن بۆ کۆتایی هاتنی تەمەنی نەگریسی حکومەتی ئاخوندەکان و دەبێتە مزگێنیدەری ئازادی و ڕزگاری لەم نەورۆزەدا. 

ڕاستی ئەوەیە کە ئەمساڵ زۆربەی هەرەزۆری خانەوادەکان لە کوردستان و ئێران, یا داخدار و جەرگ سوتاوی منداڵانی شەهید کراویانن و یان کەسوکاریان لە زیندان و چاڵەڕەشەکانی حکومەتی ئاخوندین. بەڵام شەهید کرانی لاوانی بەنرخ و ئازادیخواز بەدەستی بەکرێگیراوانی حکومەت و پێشکەش کردنییان لەلایەن دایک و باوکیان بە کاروانی شەهیدان و ڕاپەڕین, ئەرکی ئێمە بۆ مانەوە لەسەر شەقامەکان و پێداگری بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادی نەتەوەو نیشتمان قورس تر دەکات و پتەوتر و دلێرانەتر لە مەتەرێزی خەبات ڕاماندەگرێت. چونکه درێژەدان بە ڕێگای پیرۆزی شەهیدانی سوورخەڵات ئەرکی هەر تاکێکی نیشتمان پەروەرەو دڵی دایکان و کەس و کاری شەهیدان تەنیا بە گەیشتن بە ئامانجەکانمان ئەسرەوێت.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەش بە خەڵکی خۆڕاگر و مافویستی کوردستان و ئێران و بەتایبەت خانەوادەو کەسوکاری شەهیدانی ڕاپەڕین و زیندانیانی سیاسیی ڕادەگەینین و هیوادارین ئەم نەورۆزە ببێتە هەوێنی ئازدی و ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان.

بڕوخێ ڕژیمی دژە مرۆڤی ئاخوندی 

سەرکەوێ خەباتی ژن, ژیان, ئازادی

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

دەستەی بەڕێوەبەری

۲۸ی ڕەشەمەی ۱۴۰۱ی هەتاوی

 


1 ساڵ و 8 مانگ و 1 ڕۆژ و 20 کاتژمێر و 57 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ژنانی بوێر سەمبولی خۆڕاگری و مزگێنیدەری ئازادین

ژنانی بوێر سەمبولی خۆڕاگری و مزگێنیدەری ئازادین


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر