lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

به‌رنامه‌ و بـۆچـوونى سـازمـانـى خـه‌بات لــه‌ دامـه‌زرانـه‌وه‌ تـا ئـێسـتـا

به‌رنامه‌ و بـۆچـوونى سـازمـانـى خـه‌بات لــه‌ دامـه‌زرانـه‌وه‌ تـا ئـێسـتـا
لاوان ئینفۆ

٣٢ ساڵ له‌کاتى دامه‌زراندنى سازمانى خه‌بات ى کوردستان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵیک له‌ مامۆستایانى ئایینى و رووناکبیرانى کوردستان له‌ ٥ى خه‌رمانانى ١٣٥٩ تیده‌په‌رێ. له‌ماوه‌ى ئه‌و سالانه‌ سازمانى خه‌بات قۆناغى زۆر هه‌ستیارى تیپه‌راندووه‌ و سه‌ره‌ر٠اى هه‌موو ناخۆشی و کاره‌سات و مه‌ینه‌تیه‌کان هه‌روا له‌ گۆر٠ه‌پانى خه‌باتى گه‌لى کورد بوونى هه‌یه‌ و گه‌لێک ده‌سکه‌وت و حه‌ماسه‌ و داستانى نه‌به‌ردیشى له‌ مێژووى خه‌باتى خۆیدا تۆمار کردووه‌. دیاره‌ له‌م رێگه‌ پیرۆز و له‌م ته‌شکیلاته‌دا پاکترین و ئازیزترین رۆڵه‌ى کوردستان....

به‌ پله‌ى به‌رزى شه‌هید گه‌یشتوون و له‌وپه‌رى لێبوورده‌یی و دڵ ئاوه‌ڵه‌یی و گه‌وره‌یی دا به‌ خوێنى خۆیان دارى هه‌زار ریشه‌ى خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانى ئازادى کوردستانیان ئاودێر و تێراو کردووه‌.
مه‌به‌ست له‌م ووتاره‌ چاوخشاندنێکى کورت به‌سه‌ر سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانى سازمانى خه‌بات له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئێستایه‌ و وه‌لامى ئه‌و پرسیاره‌ که‌ ئایا سازمانى خه‌بات به‌ تێپه‌ر٠ینى ساڵیانێکى دوردرێژ په‌یامى شۆر٠شگیرانه‌ و خه‌باتى رزگاریخوازانه‌ى راگرتووه‌ و ئایا له‌ دوارۆژى کوردستانى ئازادکراودا چ به‌رنامه‌ و ریگه‌کاریێکى پێیه‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان? سازمانى خه‌بات ته‌شکیلاتێک بوو که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى راگه‌یاندنیه‌وه‌ سه‌دان لاو و خه‌باتکارى ولاتپارێزى بۆ لاى خۆى راکێشا و بوو به‌ ناوه‌ندى ئه‌و وزه‌ و پوتانسیه‌لانه‌ى که‌ به‌ جۆرێک یان فه‌رامۆش کرابوون و یان بۆچوون و مه‌یه‌له‌کانیان که‌متر سه‌ره‌نجى پێدرابوو. له‌کاتێکدا که‌ کوردستان له‌ژێر توندترین ته‌وژمى سه‌رکووت و جینایه‌تى رژیمى تازه‌ به‌ ده‌سه‌لات گه‌یشتوودا بوو و کاتێکى زۆر له‌ کاتى هاتنه‌ سه‌ر کارى خومه‌ینى و فه‌رمانى جیهاده‌ شوومه‌که‌ى له‌ کوردستان تێنه‌په‌ریبوو، کۆمه‌ڵیک له‌ مامۆستایانى ئایینى و له‌ سه‌روویانه‌ رێبه‌رى هه‌میشه‌ زیندوو مامۆستا سه‌ید جه‌لال وژماره‌یێک له‌ خوێندکاران و لاوانى رووناکبیرى کوردستان بناغه‌کانى پێکهاتنى سازمانى خه‌باتیان له‌ ژێر ناوى (سازمانى خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تى و ئیسلامى کوردستان) دامه‌زراند. تیژبینى و وردبینى دامه‌زرێنه‌رانى ئه‌و ته‌شکیلاته‌ له‌هه‌مان رۆژانى سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنه‌وه‌ تا ئێستا که‌ ماوه‌ى ٣٢ ساڵه‌ جێگه‌ى لێ وردبوونه‌وه‌ و سه‌رنجه‌. سازمانى خه‌بات به‌ هه‌ست کردن به‌ راستیه‌کانى هه‌ل و مه‌رجى کوردستان به‌ بیر و بۆچوونێکى جیاواز له‌ باقى حیزب و رێکخراوه‌کانى کوردستان هاته‌ ناو گۆره‌پانى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازانه‌ى گه‌لى کورد.
گووتارى زاڵى سیاسی کوردستان و به‌رنامه‌ى حیزبه‌کان له‌و قۆناغه‌ى خه‌باتى خه‌ڵکى کوردستانى ئێران، به‌ هۆى کاریگه‌ریه‌کانى بلۆکى رۆژهه‌لات و باوبوونى بیرى چه‌پ له‌ نێو چالاکان و سیاسیه‌کانى ئێران گووتارى چه‌پ و کومۆنیستى بوو و ئه‌گه‌رچى بیردۆزى نه‌ته‌وه‌یش ده‌بیندرا به‌لام هه‌مدیسان هێژمۆنى ئه‌ندێشه‌ى چه‌پ و کۆمۆنیستى باڵى به‌ سه‌ر گووتاره‌کانى تردا کێشابوو، له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ که‌ کوردستان خاوه‌ن پێکهاته‌یێکى سووننه‌تى بوو و بیروباوه‌ر و بۆچوونى دینى به‌ به‌ربلاوى ده‌بیندرا، دامه‌زرێنه‌رانى سازمان به‌ هه‌ست کردن به‌و دۆخه‌ که‌وتنه‌ بیر دامه‌زراندنى رێکخراوێک که‌ بانگه‌شه‌ى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرد و هه‌م بیروباوه‌رێکى دینى و به‌تایبه‌تى دینى ئیسلام که‌ دینى زۆرینه‌ى کۆمه‌ڵگاى کوردستان بوو کرده‌وه‌ و ئه‌و شێوه‌ هێل و به‌رنامه‌یان له‌کوردستان دامه‌زراند. جێگه‌ى باسه‌ که‌ ژماره‌یێک له‌ نه‌یارانى سازمان له‌درێژه‌ى رکابه‌رییه‌ ناته‌ندورسته‌کانى حیزبی به‌ مه‌به‌ستى خستنه‌ ژێر پرسیارى ئه‌و ته‌شکیلاته‌ هه‌وڵى خه‌وشدار کردنى و چه‌واشه‌کاریان سه‌باره‌ت به‌ سیماى حه‌قیقى سازمان ده‌دا و له‌ژێر ناوى حیزبی ئیسلامى و توندره‌وى خه‌بات، خه‌بات و بۆچوونه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ناسیونالیستى سازمانى خه‌باتیان له‌به‌رچاو نه‌ده‌گرت، له‌کاتێکدا که‌ مامۆستا سه‌یید جه‌لالى نه‌مر که‌ خۆى که‌سایه‌تیه‌کى ئایینى بوو، هه‌میشه‌ روونى ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر خه‌باتى ئێمه‌ ته‌نیا خه‌باتێکى ئیسلامى و دینى بێ، باشترین شوێن مزگه‌وته‌کانى ناوخۆى کوردستانه‌ و هیچ پێویست به‌ ته‌حموولى ناخۆشی و کێشه‌کانى شه‌رى پارتیزانى وژیانى تاراوگه‌ ناکا. راستیه‌که‌ى ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ر له‌سه‌رتاى دامه‌زراندنیه‌وه‌ بناغه‌ى هه‌ڵسووران و چالاکى سازمانى خه‌بات ، تێکۆشانێکى نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌دى هێنانى مافه‌ سیاسیه‌کان و دیارى کردنى چاره‌نووسی خه‌ڵکى کوردستان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ هه‌وڵدرا به‌ له‌به‌رچاو گرتنى راستیه‌کانى کۆمه‌ڵگاى کوردستان زۆرترین هێزى خه‌باتکار له‌ ناخى کۆمه‌ڵگا په‌لکێشى ره‌وتى خه‌باتى رزگاریخوازانه‌ بکرێ، که‌ به‌ راستى سازمانى خه‌بات به‌ راگه‌یاندنى خۆى توانى به‌ شێوه‌یێکى به‌رچاو ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌دى بێنى و ئه‌و بۆشاییه‌ فیکرییه‌ى خه‌باتى کوردستان قه‌ره‌بوو بکاته‌وه‌ و زه‌رفیه‌تێکى زیاتر به‌ره‌و خه‌باتى خه‌ڵکى کوردستان راکێشێ و له‌هه‌مان کاتیشدا تۆمه‌ته‌کانى خومه‌ینى له‌سه‌ر کافربوونى خه‌ڵکى کورد پووچه‌ڵ بکاته‌وه‌ و ئه‌و پروپاگه‌نده‌ درۆیانه‌ به‌ مه‌به‌ستى شۆردنه‌وه‌ى مێشکى که‌سانى ده‌مارگرژ و به‌کرێگیراوى رژیمى ئاخوندى بێ کاریگه‌ر بکات.
به‌م شیکردنه‌وه‌یه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ پێکهاتنى سازمانى خه‌بات زه‌وره‌تێکى مێژوویی بوو و به‌ قاره‌مانه‌تى بێ وێنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و بیر و زانایی رێبه‌رییه‌که‌ى درێژه‌ى به‌کارى خۆى دا. یه‌کێک له‌ پێوانه‌کانى گه‌شه‌سه‌ندن و پێگه‌یشتنى مرۆیی له‌ مێژوو دا رێفۆرم و پێداچوونه‌وه‌ و هاوسه‌نگ کردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵ و مه‌رجى پێش هاتوویه‌. هیچ دیارده‌ێک به‌ بێ جووڵه‌یی و دوگماتیزم و داخراوه‌یی ناتوانێ درێژه‌ به‌ ژیانى خۆى بدات و به‌ بێ گومان پێداگرتن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌ رابردوو و هه‌لاتن له‌ گۆران له‌ناوچوونى به‌دواوه‌یه‌ و له‌م نێوه‌شدا حیزب پێوه‌ندییه‌کى له‌راده‌به‌درى به‌ پارادایمى رێفۆرم و چاکسازیی و هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رج و گۆرانکارییه‌کانى سه‌رده‌مه‌وه‌ هه‌یه‌. سازمانى خه‌بات به‌ درک کردن به‌ گۆرانکارییه‌کانى کۆمه‌ڵگاى کوردستان و ناوچه‌ و جیهان له‌ جه‌ریانى کۆنگره‌ى سێهه‌مى خۆیدا به‌رنامه‌ و رێچکه‌ى رێکخراویى گۆر٠ى. له‌جه‌ریانى کۆنگره‌ى سێهه‌م له‌ ساڵى ١٣٨٤، سازمانى خه‌بات له‌ حیزبێکى نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامى گۆردرا به‌ ته‌شکیلاتێکى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى که‌ له‌پێناو دامه‌زراندنى حکوومه‌تێکى دیموکراتیک و پارله‌مانى تێده‌کۆشێ. ئه‌و چاکسازى و ئالۆگۆرانه‌ى له‌ جه‌ریانى کۆنگره‌ى سێهه‌مى سازمانى خه‌بات روویاندا لێکدانه‌وه‌ى جۆراوجۆرى له‌سه‌ر کرا و بۆ زۆر که‌سیش به‌شتێکى سه‌یر هاته‌ ئه‌ژمار، به‌لام بۆ تشکیلاتێکى رێکخراو و ئه‌مرۆیی و به‌ بوونى بیرتیژى و لێزانى رێبه‌ریى به‌وه‌جى نه‌ته‌نیا ئه‌و ئاڵوگۆرانه‌ دوور له‌چاوه‌روانى نه‌بوون، به‌ڵکو زه‌روره‌تێکى بێ ئه‌م لا و ئه‌و لا و له‌ جێى خۆیدا بوون. سازمانى خه‌بات ى کوردستانى ئێران ته‌شکیلاتێکى میانه‌ره‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌یێکى دیموکراتیک و پێبه‌ند به‌ جار٠نامه‌ى گه‌ردوونى مافى مرۆڤ و یاسا مه‌ده‌نى و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و رێز له‌ مافى ئایینه‌ جیاجیاکانى کوردستان و دینى ئیسلام ده‌گرێ و باوه‌رى به‌ به‌رانبه‌رى ژن و پیاو هه‌یه‌ و باوه‌رى به‌ سه‌رجه‌م ئازادییه‌ تاکه‌که‌سی و گشتیه‌کان به‌ پێى هه‌ل و مه‌رجى کۆمه‌ڵگاى کوردستان هه‌یه‌ و ماوه‌ى ٣٢ ساڵه‌ له‌خه‌باتێکى نه‌پساوه‌ دایه‌ له‌به‌رانبه‌ر دیکتاتۆرترین رژیمى مێژوو و تا گه‌یشتنى خه‌ڵکى کوردستان به‌ سه‌رجه‌م مافه‌ سیاسی و ئابوورى و کۆمه‌لایه‌تى و فه‌رهه‌نگیه‌کانى خۆى و مافى دیارى کردنى چاره‌نووس له‌ درێژه‌دان به‌ خه‌باتى رزگاریخوازانه‌ کۆڵ نادا.

12 ساڵ و 6 مانگ و 10 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 58 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

به‌رنامه‌ و بـۆچـوونى سـازمـانـى خـه‌بات لــه‌ دامـه‌زرانـه‌وه‌ تـا ئـێسـتـا

به‌رنامه‌ و بـۆچـوونى سـازمـانـى خـه‌بات لــه‌ دامـه‌زرانـه‌وه‌ تـا ئـێسـتـا


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر