کۆڵبەر کوژی ڕژیمی ئێران لە کوردستان ناوەستێت،
چەکدارە تیرۆریستەکانی ڕژیمی ئیران ڕۆژی دووشەممە، ١٥ گەڵاڕێزان لە سنووری چاڵدوڕان تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بەناوی حەسەن دەلایی میلان خەڵکی ئاوایی قاشقابڵاغ گیانی لە دەستداوە.
حەسەن دەلایی میلان خاوەنی سێ منداڵە و هەتا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
سوپای تیرۆریستی پاسداران لە سنوری چاڵدوڕان، کۆڵبەرێکی کوردیان کووشت
هەینی ١٦ی گەڵاڕێزان، چەکدارە تیرۆریستەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی چاڵدوڕان تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بەناوی کەماڵ عەلەم هوڵی گیانی لەدەستدا.
لەماوەی دوو ڕۆژدا، ئەمە دووهەمین کۆڵبەری کوردە لەو ناوچەیە بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لە دەست دەدا.
بەهۆی تەقینەوەی مین لە پیرانشار، کۆڵبەرێک لاقی پەڕی
کۆڵبەر نیوز بڵاوی کردووەتەوە ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، کۆڵبەرێکی پیرانشاری بەناوی سابیر خزری و تەمەن ٢٩ ساڵ، خەڵکی کۆنەخانی پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست داوە.
بە تەقەی ڕاستەوخۆی کورد کوژانی ڕژیمی ئاخوندی، دوو کۆڵبەر لە نەوسود بریندار بوون
کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١۶ی گەڵاڕێزان، هیزە چەکدارە کورد کووژەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە سنوری نەوسود، تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بە گوێرەی زانیاریەکانی چاونیوز ناوی ڕزگار حوسێنیە و خەڵکی بەلەبەزای پاوەیە.
ناسنامەی کۆڵبەرەکەی دیکە ڕوون نییە بەڵام دەوترێ خەلکی سەلاسی باوەجانیە.
دوای ٦٦ ڕۆژ ڕاگیران و ئەشکەنجەیان لە ئیتلاعاتی ورمێ، دوو هاووڵاتی خوڕخوڕەی مهاباد ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کران
ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، دوو هاووڵاتی خەڵکی ئاوایی خوڕخوڕەی سەر بە شاری مهاباد بە ناوەکانی سولەیمان کەریم پور و خالید محەمەد زادە، دوای ٦٦ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەیان، لە ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە کراون.
ئەو دوو هاووڵاتیە کوردە ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ساڵی ٩٩، لە هێرشێکی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر شوێنێک بە ناوی شەبەک لە ئاوایی خوڕخوڕەی مهاباد دەستبەسەر کرابوون.
تۆمەتی وەپاڵنراوی ئەو دوو کەسە پێوەندی دەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
مانگرتن لە خواردنی ویشکی سێ بەندکراوی سیاسی کورد لە ورمێ
سێ بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی کەیوان ڕشوەزادە، کامران قاسمی و ئومێد سەعیدی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوون بوونی چارەنووسیان، گووشاری تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جیانەکردنەوەیان لە بەندکراوانی تایبەت بە دۆسیەکانی دیکە، لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ورمێ دەستیان بە مانگرتنی ویشک لە خواردن کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕایگەیاندووە: ئەو سێ بەندکراوە، نیزیک بە ١٣ مانگە قۆڵبەست کراون و لەو ماوەیەدا چەندین جار بەرامبەر بە ڕاگیرانیان لە بەندی لاوان و هەروەها ئەو گوشارەی لە لایەن ئیتلاعاتەوە لەسەریانە، ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و پێشتریش بە داواکردنی گواستنەوەیان بۆ ژووری بەندکراوە سیاسییەکان، دوو جار مانیان لە خواردن گرتبوو.
دوای ئابڕووچوونی هێزەکانی سوپای پاسداران لە زەردوویی، ئیتلاعات ٩هاووڵاتی ئەو گووندەی باینگانی دەستبەسەر کرد
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی گەڵاڕێزان، دوای بانگکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ٥ کەس لە هاووڵاتیانی ئاوایی زەردوویی بە ناوەکانی میلاد بابایی، سمکۆ مەحمودی، بێهنام وەیسی، ئەحمەد بیابانی و یاسر حەیدەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
ئیتلاعاتی سوپا، ئەو ٥ کەسەی بە تۆمەتی تێکهەڵچوون دەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران، لە کاتی پەلاماری سوپای بۆ ئەو ئاواییە دەستبەسەر کردووە.
هەر لەو پێوەندیەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢۰ی گەڵاڕێزان، چوار کەس لە ژنانی ئاوایی زەردوویی بە ناوەکانی هەڵاڵە عەزیزی، دونیا عەزیزی، کەوکەب حەیدەری و فریشتە بیابانی بەهەمان تۆمەت بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپا کراون و لێپرسینەوەیان دەگەڵ کراوە.
شایانی باسە، چەتەکانی سوپای پاسداران ڕۆژی ١٥ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵ بە ئامانجی دزین و دەستبەسەرداگرتنی مەڕوماڵاتی خەڵکی زەردوویی پەلاماری ئەو ئاواییەیان دا و ڕووبەڕووی وڵامدانەوەی تووندی ژنان و پیاوانی زەردوویی بوونەوە.
خەڵکی بوێری زەردوویی دوای لێدانێکی باش، هێزەکانی سوپای پاسدارانیان لە ئاواییەکەیان راونابوو.