ڕاگەێندراوی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە بۆنەی گیران و لەبەند کردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان
هاووڵاتیانی تێکۆشەری کوردستان!
لاوان و ئافرەتانی کۆڵنەدەر!
هەر وەک ئاگادارن ڕژیمی سەرکوتگەری ئاخوندی لە ماوەی دووحەوتووی ڕابردودا نزیک بە هەفتا کەس لە هاووڵاتیانی لە کوردستانی ئێران بە بێ هۆکار گرتوەو چارەنووسی زۆربەی ئەم کەسانەی بە نادیار هێشتۆتەوە.
وەزارەتی نێو زڕاوی ئیتلاعات و باقی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم، لە زۆربەی شار و گوندەکانی مەهاباد، سنە، پیرانشار، نەغەدە، مەریوان و... بە هێرش بۆ سەر ماڵ و شوێنی کاری هاووڵاتیان، وێڕای بێڕێزی و لێدان، دەستیان بەسەر مۆبایل و کامێرا و کامپیوتەری ئەم کەسانە گرتووە و پاشان کەسەکانیان بۆ شوێنی نادیار گوێستۆتەوە.
ئەوەی کە ئاشکرایە، ڕژیمی ئاخوندی بۆ کۆت و بەندکردنی هاووڵاتیانی کورد، پێویستی بە هۆکار نییە و لە سەرەتای هاتنە سەرکاری، ئەم ڕەوتەی گرتۆتە بەر و بە تۆمەتی جیاجیا و بوختان سازی بێ بنەما، ئازادیخوازانی ڕاپێچی گرتوخانەکان کردوە. لەم پێوەندیەدا تەنانەت کەسانێک کە چالاکی مەدەنی بون و لە بواری ژینگە، زمان وکلتووری کوردی و هتد کاریان کردووە، خراونەتە بەر فشار و بە دروست کردنی تاوان و تۆمەت و بیری دژە شۆڕش، سزای سیاسی خراوەتە پاڵیان و لە بێ دادگاکاندا حوکمی سێدارە و زیندان و دوور خرانەوەیان بەسەردا سەپێندراوە.
پێشێل کردنی مافی مرۆڤ دیاردەیەکە کە هەموکات لەگەڵ ڕژیمی ئێران لە یەک ڕستەدا دەگونجێ و جێگەی سەرسووڕمان نیە. ئەوەی لەم ماوەدا ڕوویداوە، دەرخەری ئەوەیە ڕژیم هەستی بە مەترسی زیاتر کردووە و کەوتۆتە پەلەقاژە، بەڵام خواست و ئیرادەی لاوانی تێکۆشەر چۆکی ڕژیمی هێناوەتە لەرزە و تا پێدەچێت ڕۆحی نەتەوەیی هەڵدەکشێ و ناڕەزایەتی زیاتر پەرە دەگرێت.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
ئێمە وەکوو ڕێکخراوەکانی لاوان و ئافرەتانی خەبات، ڕێز لە خواست و ئیرادە و کۆڵنەدانی ئێوە لە دژی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەگرین و هاودڵی خۆمان ڕادەگەینین. بەدڵنیایی هەر تێکۆشان و کۆڵنەدانە دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن. ئاکامی هەر جووڵانەوەیەکی ڕەوا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانە و گەلی کوردیش کە خەباتەکەی پیرۆز و ڕەوایە دەبێ هەر بگات بە خواستەکانی.
ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات، وێڕای مەحکووم کردنی گرتنی هاووڵاتیانی کورد، داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە هەموو جیهان دەکەین، لە دژی سەرەڕۆییەکانی ڕژیمی دژە مرۆڤی ئێران ڕاوەستن و هەڵوێستی جددی بگرنەبەر و چیتر خوێنی خەڵک و قوربانیەکانی گەلانی ئازادیخواز و بن دەستی ڕژیمی ئاخوندی نەکەنە فیدای قازانجە ئابوریەکانیان..
ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات ی کوردستانی ئێران
١٣٩٩/١١/٢
٢٠ ٢١/١/٢١