هاوژین شەریعەتی
چینی لاوان چینێکی پڕ پۆتانسیێلەو بەردەوام لە گەشەی فکری و پێشکەوتنەدایەو ئەگەر بەربەستی بۆ دروست نەکرێ و پەروەردەییکی باشیان هەبێ و ڕێگەیان پێ بدرێ، ئەتوانن بە باشترین شێوە لە گۆڕەپانی بەربەرەکانێ ژیاندا خۆیان بنوێنن و ببن بۆ هۆی باشتر بوونی داهاتووی کۆمەڵگای وڵاتەکەیان.
منداڵان تا کاتی لاوی وەک نەمامی دارن و ئەگەر بە باشی پێ یان ڕابگەن لە دۆخێکی چاکدا بن بە جوانی گەشەوباڵا دەکەن, بەڵام ئەگەر دۆخی پێ ڕاگەیشتن چاک نەبوو، ئەوە بەجوانی باڵا ناکات و بەرهەمی نابێ. ئەگەر منداڵان بە چاکی لە نێو کۆمەڵگاو لە قوتابخانەکان دا پەروەردە بکرێن, ڕێگای دروست دەگرنە پێش و ئەگەر پەروەردەی چاکیان نەبێت پێچەوانەکەی دەبیندرێ
لاوانی کوردستانی ئێران لە ئێستادا بەربەستیان لە سەر ڕێگە هەیە و ڕژیم ئاخوندی بەردەوام خەریکی کۆسپ دروست کردنە بۆیان بە خۆێندن و دەرسی بێ کەڵک و زاڵ کردنی کولتوری سەقەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دواکەوتووی قڕون وستایی , ئەو شێوە بارهێنانه خراپە،نە تەنیا لە قوتابخانە, بەڵکوو لە ناو کۆمەڵگەشدا بە ئاژاوە گێڕی و بەلاڕێ بردنی کلتوری نەتەوەکان و تێرۆری نەتەوەیی و کەسایەتییەکان درێژە پێ ئەدا. دەسەڵاتدارانی ئێران بەخەیاڵی خاوی خۆیان ناکۆکی کۆمەڵایەتی وشەڕو بەربەرەکانێ لە نێوان میللەتەکانی ئێران و کوردستان دروست بکەن. لە لاێکی دیکەوە، خراپی باری ئابوری و نەبونی کار لە کۆمەڵگەی کوردەواری بۆتە هۆی ئەوە کە لاوان باوەریان بە خۆیان و ژیانی ئاسایی لەدەست بدەن و بە نەبوونی هەلی کار و کێشەو گرفتەکانی ئەو کومەڵگایە توشی مادەی هۆشبەر بن و یا ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و بکەونە بەر دەستڕی٠ژی چەکی پاسداران و بەکرێگیراوانی دەسەڵات و گیانیان لەدەست بدەن، و یا تووشی فەساد و هەزار کارەساتی دیکە بن.
سەرە ڕای ئەو فشارانە بە خۆشیەوە لاوان هومیدی کوردستانن و لە ئێستادا هەزاران لاوی بەشەرەف و ئازا بۆێرانە بۆ خاک و نیشتمان گیانیان فیدا کردووە و هەزاران لاوی دیکەش، تەواوی ژیانی خۆیان لەم پێناوەدا داوە .
پێویستە لاوان زیاتر لە ڕابردوو ئاگاداری پیلانە قیزەونەکانی ڕژیم بن و بە هۆشیار بوونی خۆیان و زانیاری دان بە یەکتر, هەمووی هەوڵێکی دزێوی دەسەڵات پووچەڵ بکەنەوە.
ئاشکرایە ڕژیمی ئاخوندی ئێران بەربەستی زۆری خستوەتە بەرپێ لاوان و ڕێگەی هیچ پێشکەوتنێکی بە لاوان نەداوە بەڵام بە خۆشیەوە زۆربەی لاوانی بەشەرەفی کوردستان،بە تێکۆشان و ڕەنجی زۆر،بە باشی لە پێناو پاراستنی زمان و فەرهەنگ و کەلتووری کوردستان چالاکن وتوانیویانە بە یەکدەنگی بەشێکی زۆری پیلانەکانی ڕژیم پوچەڵ بکەنەوە.ڕووداوەکانی کوردستان و وێستانەوە لە بەرانبەر بێ ڕێزیەکانی بەکرێگیراوان دژی کورد، بۆتە هۆی زیاتر چالاک بوونی لاوان و خەڵکی کوردستان پشتی یەک دەگرن و هەرگیز ئەم بەربەستانە ناتوانێت لاوانی کورد و بناغەی کورد بخاتە لەرزە. لاوان پێشڕەو سەرقافڵەی کۆمەڵگەن و ئەبێ هەوڵ بدەین زانیاریەکانمان ببەینە سەرەوە و کەسانی بێ ئاگا، ئاگادار بکەینەوە, تا لەم دۆخە نالەبارەی کوردستان, لەپێش چاوی خەڵکانی ئازادیخواز و تێکۆشەر لاوان وەک هەمیشە هومێدی کوردستان بمێننەوە.
بە هیوان سەرکەوتنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان.