lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری بۆ ١١ی بانەمەڕ ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەبات

پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری بۆ ١١ی بانەمەڕ ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەبات



لاوانی تێکۆشەر!

کوردستانیانی خۆڕاگر!

 

بە بۆنەی ١١ی بانەمەڕ، دەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوان گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین و هیوادارین کە ئەم یادە ببێتە هەوێنی گەیشتن بە تەواوی مافە رەواکانی لاوان و نەتەوەکەمان.

ئاشکرایە کە لاوان لە سەرتاسەری جیهان هێزی کاریگەر و هەڵسوورێنەری ئەرکە سەرەکی و سەختەکان لە وڵاتەکانیانن و بە ئامادەیی مێشکی و جەستەیی و بە خوێندن و خۆپێگەیاندن توانیویانە گۆڕانکاری بنچینەیی و پێویست لە ڕەوتی ژیان و لە کۆمەڵگەدا بهێننە مەیدان و خزمەتی بەرچاو بە مرۆڤایەتی بکەن.

هەروەها لە کوردستانیشدا لاوان هیچ کات کەمییان نەنواندوە و لە تەواوی مێژووی خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەکەمان لە ریزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان بوون و ئازایەتی و چاونەترسیان بۆ دوژمنان سەلماندوە.

بەداخەوە لە کوردستاندا رژێمە داگیرکەرەکان هێزی تەواویان خستووەتە گەڕ بۆ سەرکوت و لاوازکرنی لاوی کورد و بۆ ئەوەی نەوەی داهاتووی کورد نەتوانی لە ئەنجامدانی ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییەکان سەرکەوتووبێ‌. هەروەها لە کوردستانی ئێراندا رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی بە درێژایی ٤٠  ساڵ بە خراپترین شێوەو بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، لاوانی کورد و دانیشتوانی کوردستان و ئێرانی چەوساندۆتەوەو بە دڕندانەترین شێوە، وەک: سێدارە، زیندان، ئەشکەنجە، دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی، ئاڵوودەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ...هتد. هەوڵی لەناو بردنی لاوانی کوردی داوە.

خوێندن و پەروەردە و خۆپێگەیاندن پێویستی پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەر کۆمەڵگایەکە، رژێمی ئاخوندی بەردەوام هەوڵی داوە لە بێبەش کردنی لاوانی کورد لە خوێندن و پەروەردە و سنووردارکردنی زمانی کوردی و پەرەپێدان بە نەخوێندەواری، بەڵام خۆشبەختانە لاوانی کورد بە خۆشەویستیان بۆ نیشتمان هەوڵیان داوە بۆ فێربوون و پێشەوەچوون و گەیشتن بە بەرزترین ئاستەکانی خوێندن و لە کوردستان و ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش لە باڵاترین پلەکانی خوێندن دەبیندرێن.

سازمانی خەبات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە باوەڕی بە توانا و خواستی لاوان بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان کردووە و لە سازمانی خەباتدا لاوان لە سادەترین ئەرک تا ناوەندی بڕیاردان بواریان پێ دراوەو دەوری کاریگەریان گێڕاوە.

پشتگیری سازمانی خەبات بۆ دامەزراندنی رێکخراوی لاوان یەکێک لە چەندین نمونەیە لە گرینگیدان بە لاوان و تواناکانیان و دەروازەیەکی تری دەرفەت و هومێد بوو بۆ لاوانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات.

رێکخراوی لاوان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەرنامەی خزمەتکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندرووست و خوێندەوار و بەتوانا لە لاوانی کوردستان و لاوانی ریزەکانی هەبووە. وانەی شۆڕشگێڕی و خۆڕاگری، بەرنامەی پەروەردەیی جوراوجۆر، راگەیاندنی بەهێز، پەیوەندی گرتن بە لاوانی ناوخۆی وڵات و بەهێزکردنی تەشکیلاتی رێکخراو لە ئامانجە سەرەکیەکانی رێکخراوی لاوان بووە.

رێکخراوی لاوان لێنەبڕاوانە کاردەکات بۆ گەیشتن بە مافە بنچینەیی و ڕەواکانی لاوان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و لەم یادە بەرزوبەڕێزەدا جارێکی تر پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا بە ئامانج گەیشتنی خەباتی رزگاریخوازانەی گەل و نیشتمان لە تێکۆشان بەردەوام دەبین.

دووبارە پیرۆزبێت ١١ی بانەمەڕ ساڵیادی دەمەزراندنی رێکخراوی لاوان.

سەرکەوێت خەباتی رەوای گەلەکەمان!

بڕووخێ رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی!

 

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

دەستەی بەڕێوەبەری

١١ی بانەمەڕی ١٤٠ ٠ 


3 ساڵ و 7 مانگ و 13 ڕۆژ و 3 کاتژمێر و 13 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری بۆ ١١ی بانەمەڕ ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەبات

پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری بۆ ١١ی بانەمەڕ ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەبات


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر