هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
لاوانی شۆڕشگێری کوردستان!
ڕژیمی ئێران هەر لە سەرەتای گەیشتن بە دەسەڵات رووی ملهوڕی و دیکتاتۆرییەتی خۆی ئاشکرا کرد. گەلی کورد هەر زوو شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئاخوندی بایکۆت کرد، ئێستاش کە زیاتر لە چل ساڵ بەسەر قۆرخ کردنی دەسەڵات لەلایەن رژێمی ئاخوندی تێپەڕیوە، لاوان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بە ووشیاری و تێگەیشتوویی تەواو لە مەرامەکانی ڕژیمی ئاخوندی بەردەوام هەرچەشنە هەڵبژاردنێکیان بایکۆت کردووە.
٢٨ی جۆزەردان جارێکی تر شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەبرێت و هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی شۆرای شار و گوند. پێکەوە رێکخستنی ئەم دوو هەڵبژاردنانە پیلانێکە بۆ ئەوەی خەڵکی ناچاربکەن بەشداری شانۆی هەڵبژاردنەکان بکەن. بۆیە پێویستە هاونیشتمانیان و لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان نەچنە سەر سەندووقی دەنگدان و هەروەها رۆڵی ووشیارکردنەوەی خزم و کەس وکاری خۆیان بگرنە ئەستۆ.
ئاشکرایە سەرۆک کۆمار بە پێی بڕیاری خامنەیی وشۆرای نگابان هەڵدەبژێردرێت و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقی دەنگدان و نمایشکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان، بە خەیاڵی خاویان بۆ سەپاندنی حکومەتی بە ناو دیموکراسیە و هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگەی جیهانیە.
شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەهەر دەورەیەک ڕووی خراپتری ڕژیم بۆ خەڵکی کوردستان و جیهان دەردەخات. لە هەموو دەورەیەکدا ڕژیم بە چەواشەکاری و بەهێنانە مەیدانی مۆرەی جۆراجۆر هەوڵ بۆ گەرمکردنی هەڵبژاردنە گەندەڵەکەی ئەدات، لە ساڵی ١٣٨٨ بە زەقکردنەوەی باس و خواستی لایەنی ڕێفۆرمخواز و بناژووخواز و هەروەها وەگڕخستنی بزووتنەوەی سەوز هەوڵی بۆ فریودانی خەڵک دا، لە ئەنجامێکی کارەساتباردا دەیان لاوی ئازادیخواز بوونە قوربانی و رێژەیەکی زۆریان بێسەروشوێن و زیندانی کران. مۆرەکانی ڕژیم لە نموونەی کەڕووبی و مووسەوی کە خۆیان دەستیان بەخوێنی هەزاران کەس سوور بوو، هێنرانە ناو شانۆی هەڵبژاردنەکان و ڕژیم لە بەرژەوەندی خۆی سوودی لێ وەرگرتن و پاشان وەلاوەنران و چەندین ساڵە بەند کراون. تەنانەت بەرپرسانی خودی ڕژیم داندەنێن بە چەواشەکاری هەڵبژاردنەکان. ئەم دەورەیە ئەحمەدی نژاد جارێکی تر خۆی بۆ سەرۆک کۆماری پاڵێوا، بەڵام لەلایەن شۆرای نیگابان ڕەدکرایەوە و دواتر ئەحمەدی نژاد باسی لە نزیکبوونەوەی ڕووخانی ڕژیم و چەواشەکاری هەڵبژاردنەکانی کرد.
شەڕ و بەربەرەکانێی نێوخۆیی دەسەڵات لەکاتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە هەموو کات زیاتر بارودۆخی ئاڵۆز و نالەباری رژێمی ئاخوندی ئاشکرا دەکات.
ڕژیمێک کە نامرۆڤانەترین شێوازەکانی سەرکووتکردن دژ بە لاوان و خەڵکی کوردستان و ئێران پەیڕەودەکات، بیروباوەڕی جیاواز و ئازادی رادەربڕینی بەتەواوی ژێرپێ خستووە و هیچ بنەمایەکی ژیانێکی شایستەی بۆ مرۆڤ نەهێشتووەتەوە، ناتوانێت بە رێکخستنی شانۆی هەڵبژاردنە کارتۆنیەکەی رەوایی و بەردەوامی بە دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی بدات.
ڕێکخراوی لاوانی خەبات هەرجۆرە هەڵبژاردنێک لە ژێر سێبەری ڕژیمی ئاخوندی لە ئێستا و داهاتوویشدا بایکۆت دەکات و داوا لە لاوان و هاونیشتمانیانی خۆڕاگر دەکات بە هەموو توانای خۆیان هەوڵی زیاتر ئاشکراکردنی پیلانەکانی ڕژیم بدەن و درووشمی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئاخوندی بەرزبکەنەوە و نەچوونە سەرسەندووقەکانی دەنگدان و بایکۆت بکەنە چەکی بەهێزی گەل دژ بە ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی.
بڕووخێ ڕژیمی ئاخوندی!
سەرکەوێ خۆڕاگری و خەباتی لاوانی کوردستان!
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
١٢ جۆزەردانی ١٤٠ ٠