lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

ڕاپۆرتی هەفتانەی جینایەتەکانی ڕژیم لە کوردستان و ئیران:

ڕاپۆرتی هەفتانەی جینایەتەکانی ڕژیم لە کوردستان و ئیران:

 


 


ئامادە کردن: شایستە موحەمەدی 


بەندکراوێک لە گرتووخانەی بۆکان گیانی لە دەست دا 


ڕۆژی سێشەممە یازدەی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، زیندانییەک بە ناوی "ناسر کەریمی" کوڕی قادر خەڵکی گوندی "نوبار" سەر بە شاری بۆکان پاش ئەوە بۆ زیندان ڕایانگواستەوە گیانی لە دەست دا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی جۆزەردان به تۆمەتی سزای ماڵی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر کراوە. بەرپرسانی زیندانی بۆکان هۆکاری گیان بەختکردنی ئەم زیندانییەیان وەستانی دڵی ڕایانگەیاندووە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزێشکی قانونی.


ڕەسووڵ عەبدوڵانژاد بە دانانی بارمتە ئازاد کرا


بەپی ڕاپۆرتی ئاواتودەی، ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی جۆزەردان "ڕەسووڵ عەبدوڵانژاد"، کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی گوندی "گەرگوولی خوارێ" و دانیشتووی شاری پیرانشار بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا. ڕەسووڵ عەبدوڵانژاد، پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرا و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.


حوکمی دەستبەسەرکردنی ٤ هاووڵاتی کورد لە لایەن دادسەرای مەهاباد 


لقی سێی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی ئینقلابی مەهاباد، دوێنێ دووشەممە ۱۰ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، حوکمی دەستبەسەرکردنی ڤیان محەممەدی، فەرزاد سامانی، ساکار عێنی و محەمەد هوشەنگی بۆ ماوەی مانگێک درێژ کردەوە. حوکمی دەستبەسەربوونی ڤیان محەمەدی بۆ یەکەمین جار و حوکمی دەستبەسەربوونی سێ هاووڵاتیی دیکەش بۆ شەشەمین جار درێژ بووەتەوە.ئەم هاووڵاتییانە لە درێژایی مانگانی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراون.


هێرشی هێزەکانی دژە تیرۆری ڕژیمی ئاخوندی بۆسەر بەندکراوانی زیندانی ورمێ


یەکشەممە ۹ی جۆزەردانی ساڵی ۱۴۰۰ی هەتاوی، هێزەکانی ڕژیم کە سێ لیوای دژەتیرۆری لە خۆی گرتبوو هێرش دەکەنە سەر بەندەکانی ۱و ۲ی زیندانی ورمێ و بەندکراوانی ئەم زیندانەیان دەخەنە ژێر لێدانی داری کارەبایی. بە پێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی دژە تیرۆری زیندانی ورمێ، هێزەکانی دژە تیرۆری ئینتزامی، و هێزە دژەتیرۆری ناسراو بە "نوپا" کە بەگشتی ۱۲۰ سەرباز بوونە، هێرشیان کردۆتە بەندی ۱ و ۲ی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەندکراوانی ئەم زیندانەیان کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری زیندان لەڕووی تەندروستی، خواردمەنی، قەرەباڵغی لە ڕادەبەدەرەوە مانیان گرتبوو، خستۆتە ژێر شەق و پێلاقە و لێدانی داری کارەبایی.


هاووڵاتییەک خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانەوە دەستبەسەر و بێسەروشوێن کرا


ڕۆژی دووشەممە هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی "سوران شەریفیان" و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەریان کرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەی، لەوانە موبایل و لەبتاپەکەیدا گرت و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواست.


ژینگەپارێزێکی سنەیی، لەبەر پاراستنی ژینگەی ڕۆژهەڵات چوارساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا 


لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژینگەپارێزی سنەیی بە ناوی "خەبات مەفاخری" لە لایەن دادگای شۆڕشیی ئەو شارە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی" سزای ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو بە سەردا سەپا.


بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، داوای ئازادکردنی دوو چالاکی کرێکاری سەقزیان کرد. 


بەپێی ڕاپۆرتی ئاواتودەی، دایک و باوکی ڕامین حوسێن پەناهی، پاش زیندانیکردنی مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەو دەستبەسەرییە هەڕەمەکیی و نایاساییانەیان مەحکووم کرد و داوایان کرد چیزووتر ئەم دوو چالاکە کرێکارییە ئازاد بکرێن.


 هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەستبەسەر کرا


ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شیان سەر بە پارێزگای سنە بە ناوی "کەماڵ عەزیزی" تەمەن ٢٧ ساڵ پاش ئەوە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کرا ، لە لایەن ئەو ناوەندە دەستبەسەر کرا.هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵخراوەکانی، لە بەر دەستدا نییە.


چالاکێکی کرێکاری پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، بێسەروشوێن کرا


ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، چالاکی کرێکاری موزەفەر ساڵێح نیا لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت کرا، ناوبراو پاش چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات هەتا ئێستا بێسەروشوێن کراوە و زانیارییەک لێ، لە بەر دەستدا نییە.


قانێع خاتری بە دانانی بارمتە، بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، قانێع خاتری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە ئازاد کرا.قانێع خاتری لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، لەگەڵ چوار چالاکی مەدەنیی دیکە بە ناوەکانی "مورتەزا محەممەدی"، "کەیوان ئەلیاسی"، "ڕەزا ڕەزایی" و "مۆحسێن حوسێن‌پەناهی"، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.


باوکی پێنج منداڵ لە کاتی کۆڵبەری لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئاخوندی کوژرا


ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە نزیک گوندی "بلکە" سەر بە شاری بانە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کردووە و شۆفیرەکەیان بە ناوی "حوسێن فەرەجی" تەمەن ٦٣ ساڵ پێکاوە و کوشتوویانە.


بریندار بوونی کۆڵبەرێک بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە سنوری بانە


 دوێنێ دووشەممە ۱۰ی جۆزەردانی ساڵی۱٤۰۰ی هەتاوی هێزەکانی سەر بە سپاس ترۆریستی پاسداران لە سنووری بەروێشکانی سەر بە شاری بانە تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "مەحمەد سادقی" خەڵکی شاری سەقز بە سەختی بریندار بووە و بەیارمەتی خەڵکیی خۆجێئی بۆ چارەسەری پزێشکی گەیەندراوەتە یەکێک لە ناوەندە تەندروستیەکانی شاری بانە.


تەقینەوەی گولـلە تۆپێک لە سەلاسی باوەجانی بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی تر. 


ڕۆژی دووشەممە ۱۰ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، تەقینەوەی گوللە تۆپێکی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بووە هۆی کوژرانی کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی دانیشتووی ئاوایی "شێخ سەلە"سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی و پێنج کەسیشی بەسەختی بریندار کرد کە ئێستا لە ژێر چاودێری پێزیشکی دان.


چەتەکانی سپاس تروریستی پاسداران ٣٠ کۆڵبەریان ڕووتاندەوە


ڕۆژی چوارشەممە µی جۆزەردانی ساڵی ۱۴۰۰ی هەتاوی، هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی ملەی "تەتەی هەورامان" هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکی کۆڵبەر و کۆڵی ٣٠  کۆڵبەریان دزیوە و دەستیان بەسەریدا گرتووە.


تەقینەوەی مین له گووندی بێرانی سەردەشت


رۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی گوندی بێرانی سە‌ر بە شاری سەردەشت بە ناوی "شێرکۆ محەمەدپوور" کە خەریکی شوانی بووە بەسەر مینێکی چێنراو کەوتووە و لە ئاکامدا قاچێکی لە دەستداوە. "شێرکۆ محەمەدپوور "بە یارمەتی خەڵکی خۆجێیی بۆ چارەسەری پزێشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەردەشت و لەوێدا لاقێکی لە دەستداوە.


کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بریندار بوو


سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردان، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد ڕەحمانی"، بە تقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تروریستی پاسداران، لە سنووری "سەرتەزێنی بانە بریندار بووە.


کووژرانی کۆڵبەرێک لە سنووری سەرپێل زەهاو


 ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ۱۴۰۰ لە سنووری سەرپێڵ هێزەکانی سپای تروریستی پاسداران تەقەی ڕاستەوخۆیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن۲٨ ساڵ بە ناوی قوباد ڕەحمانی خەڵکی سەرپێڵ فیشەکی بەر دەکەوێت و گیانی لە دەست دەدات.


3 ساڵ و 1 مانگ و 22 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 10 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕاپۆرتی هەفتانەی جینایەتەکانی ڕژیم لە کوردستان و ئیران:

ڕاپۆرتی هەفتانەی جینایەتەکانی ڕژیم لە کوردستان و ئیران:


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر