۳۰ پوشپەری ساڵی ۱٤۰۰ کۆچی خۆری, ١١هەمین هاوین بەسەر کۆچی دوایی رێبەر و سەرکردەی نەتەوەیی کورد و دامەزرێنەری سازمانی خەبات، جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی تێدەپەڕیت. ئازار و تاڵیەکان بێ کۆتان بەهۆی کۆچی دوایی یەکێک لە مەزنترین ئەو مرۆڤانەی کە بۆ ساتێکیش لەبڕیاری درێژەپێدەرانی خەبات بۆ ئازادی گەلی کوردو رێبازە پیرۆزەکەی پاشگەزنەبۆتەوە.
مامۆستای ڕێبەرمان دوور لە خاکی نیشتمان و لە نەخۆشخانەیەکی ئاسایی و ساکاری شاری هەولێر دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە جێی هێشتین.
هەر نووسین و وشەیەکی جوان لە ئاست پێگە و شوێنی ئەو رێبەرە گەورەیە کەم دەنوێنێت، سەرکردە و رێبەرێک کە تەواوی ژیانی کردە قوربانی ئازادی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافی رەوای نەتەوەکەی.
مامۆستا سەیید جەلال، کەسایەتێکی دەگمەن و بیرمەندێکی بەتوانا و زانایەکی ئایینی گەورە بوو، شارەزاو زانای ئاینی پیرۆزی ئیسلام، زمانەوانێکی بە توانا بوو و بەسەر زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی زاڵ بوو، بەدەیان شیعر، پەخشان، نووسین و وەرگێردراوی بەو زمانانە هەیە.
شیعرەکانی مامۆستا نموونەی جوانی زمانی کوردین و پەخشان و نووسینەکانی سەرچاوەیەکی بەنرخن بۆ هەگبەی زمانی کوردی و کوردستان.
مامۆستا سەیید جەلال بە کەسایەتی و کاریزما ناوازەکەی وای کردبوو کە لەهەر کۆڕ و کۆبوونەیەکی سیاسیدا ووتە و بۆچوونەکانی بەهەند وەردەگیرا و کاریان پێدەکرا.
جەنابی مامۆستا کەسێکی خاکی، قسە شیرین، نەرموونیان و لەبەر دڵان بوو، هەر بۆیە خوشەویستی ناو پێشمەرگە و خەڵک و کۆمەڵگا بوو. گەورە و بچووک تامەزرۆی دانیشتن لە کۆرو مەجلیسەکانی بوون، هەر کەس بۆ رۆژێکیش بە خزمەتی مامۆستا سەیید جەلال گەیشتبێت تایبەتمەندی و کەسایەتی مامۆستای بیرناچێتەوە.
مامۆستا سەیید جەلال خوێندنگە و قوتابخانە بوو کە خەڵک پەروەردەی درووستیان وەردەگرت، جەنابی مامۆستا دوای خۆی دەستکەوت و رێبازێکی پیرۆز و بێ پەڵەی بۆ جێهێشتووین کە شوێنکەووتوانی بە شانازی و سەربەرزییەوە درێژەی پێدەدەن.
هەروەها جەنابی مامۆستا لاوانی گرنگ و بەبایەخ دەزانی و سەبارەت بە دەور و نەقشی لاوان و خوێندکاران لە یەکێک لە وتەکانی دەفەرموێت: خەباتی گەلی کوردستان، سەنگەری زۆرن.
پێشمەرگە، کە لە سەنگەری شەرەف و پارێزەری کوردستان دایە، پێویستی بە پشتیوانی گەل هەیە، بە تایەبەت لاوە خوێندکارەکان. هەموو دەمێک مەدرەسە، سەنگەری موبارەزە بووە و شان بە شانی سەنگەری چەکداری، زەربەتی مەعنەوی و ڕۆحیان لە دژمن داوەو بە بەربەرەکانی دژمن و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی، کارێکیان کردوە کە بارتەقای بەرەی جەنگ هاتۆتەوە.
ئێمەی درێژەپێدەرانی رێبازی پیرۆزی مامۆستا سەیید جەلال لە رێکخراوی لاوانی خەبات، وەک هەمیشە پەیمان نوێدەکەینەوە کە تا سەرکەوتنی یەکجاری و بەدەست هێنانی ئاوات و ئامانجەکانی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی و نەتەوەکەمان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین.
بەرزو بەڕێزبێت یادی کۆچی سەرکردەی گەورەی کورد، جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی.
سەرکەوێ خەباتی رەوای گەلەکەمان
بڕووخێ رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی
دەستەی بەڕێوەبەری
رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
۲۹ی پوشپەڕی ۱۴۰۰ کۆچی خۆری