بەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۳۰ی ئۆکتۆبر، شاندێکی ڕێکخراوی لاوان کە پێک هاتبوو لە کاک ماردین زاهێدی و خاتوو شایستە محەممەدی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، بە مەبەستی پێشکەش کردنی نامەی پێزانین بە کاک دانیال و سامڕەند حاجی ئەندامانی ڕێکخراوی لاوان بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە پێشبرکێی MMA ڕێکخراوی ICFC سەردانی بارەگای پەیوەندیەکانی سازمانی خەباتیان لە شاری هەولێر کرد.
دەستەی بەڕێوەبەری پاش چاوپێکەوتن و پیرۆزبایی لەو بەڕێزانە هیندێک باسیان هاوردە ئاراوە, سەرەتا کاک ماردین زاهێدی دۆخی ئەمڕۆی لاوان لە ناوخوی ووڵاتی باس کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لاوانی چەوساوەی کورد بەبۆنەی هەبوونی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و دیکتاتور و هەروەها نەبوونی ئاسانکاری ئەو دەسەڵاتەو هەبوونی مادە هۆشبەرەکان لە دۆخێکی خراپدان و ناتوانن بلیمەتی خۆیان دەربخەن و وەکوو پێویست لە بوارەکانی وەرزش گەشە بکەن. هەروەها باسی ئەوەی کرد کە لەم بەشەی کوردستان و هەبوونیان لە ڕیزی پێشمەرگایەتی و پشتگیری سازمانی و بنەماڵەیی ئەو دەرفەتەیان پێ دەدرێ کە بتوانن بسەلمێنن کە لاوان لە کۆمەڵگایەکی تەندروستدا دەتوانن سەرکەوتنی مەزن بەدەست بهێنن. دواتر خاتوو شایستەش سەرەڕای دەستخۆشی بۆ ماندوو بوونەکانی ئەو هاوڕێیانە، ئاماژەی بەوەدا کە لاوان چالاک و پاڵەوانانی بوارە وەرزشییەکان دەبن و دەبن بە ئۆلگوو لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی و هەروەها پەیامێکی ڕوونیان بۆ دەسەڵاتی ئاخوندی هەیە کە بەڵێ ئێمە دەتوانین ئاوات و پلەی شایستەی خۆمان بگەین. محەممەدی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە خەباتی ئەمڕۆی ئێمە جگە لە خەباتی سیاسی پێویستی بە خەباتی مەدەنی و وەرزشییەو دەبێ لەم بوارانەدا لایەنە پەیوەندی دارەکان تەواوی هەوڵەکانیان بدەن تا بینەری زۆرترین ڕادەی سەرکەوتن لە نێوان لاواندا بین.
لە درێژەدا لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەریەو دوو نامەی پێزانین و پەیامی پیرۆزبایی پێشکەش بە کاک دانیال و کاک سامڕەند حاجی کرا.