ڕۆژی یەک شەممە، ۲۳ی جۆزەردانی ۱٤۰۱ کۆچی خۆڕی ڕێکخراوی لاوانی خەبات کۆڕی گشتی بەڕێوەبرد. کۆڕی گشتی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە کاروبارەکانی رێکخراوی لاوان و باس کردن لە شێوازی بەڕێوەبردن و پتەوتر کردن ئەرکەکانی ئەندامانی رێکخراوی لاوان و ئاشنایی باشتریان بە کارو چالاکییەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای بەرنامەکان بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بەتایبەت شەهیدانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد. پاشان کاک ماردین زاهیدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کورتەباس و پێناسەیەکی لە کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوی لاوان، پێویستی بوونی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کار و چالاکیەکانی ماوەی ڕابردووی رێکخراویی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە پانێلی دووهەمی کۆڕەکە کاک سارۆ حوسەینی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کە بە شیوەی ئۆنلاین بەشداری کرد، باسی لە هەلوومەرج و بارودۆخی هەنووکەیی گەلی کوردیی لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد. هەروەها باسی لە مەترسییەکان و هێرشەکانی حکومەتە داگیرکەرەکان و بەتایبەت رژێمەکانی ئێران و تورکیە بۆ سەر کوردستان کرد.
لە درێژەی ووتەکانی دا، سارۆ حوسەینی ئاماژەی بە پێویستی بوون و پتەوترکردنی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی چوارپارچەی کوردستان کرد.
لە پانێلی سێهەمدا بەڕێز خاتوو فرمێسک ڕەزایی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری کرد، باسێکی لەسەر پێوەندی ناوخۆیی ووڵات و گەیاندنی دەنگی لاوانی چەوساوە بە تەواوی جیهان و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان و هەوڵی زیاتر بۆ چڕ کردنی پێوەندی و کار و چالاکی لە پێناوی نەهێشتی کەم و کوڕیەکانی ڕێکخراوی لاوانی هاوردە ئاراوە.
پانێلی چوارەم کە تەرخان کرابوو بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچوون و ڕەخنەو پێشنیارەکانی ئەندامان، ئەندامانی بەشدار بە پێشکەش کردنی راو بۆچوون و رەخنە و پێشنیارەکانیان کۆڕی گشتیان دەوڵەمەند کرد.
پانێلی کۆتایی کە تەرخان کرابوو بە هەڵبژاردنی ئەندامانی تازە بۆ پەیوەست بوون بە دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی لاوان، ژمارەیەک لە ئەندامان خۆیان پاڵاوت و بەشداریان لە هەڵبژاردن دا کرد. لە ئەنجامدا سێ ئەندام دەنگی پێویستیان بە دەست هێنا بۆ پەیوەست بوون بە دەستەی بەڕێوەبەری.
ئەندامانی تازەی پەیوەست بە دەستەی بەرێوەبەری پێکهاتوون لە:
کاک جەعفەر بەهرامی.
کاک وریا بابەکری.
خاتوو رێناس فەلەکی.
لە کۆتاییدا بە پێشکەشکردنی پیرۆزبایی بە ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ دەستەی بەڕێوەبەری و دەست خۆشی و پیرۆزبایی بەرێوەبردنی کۆڕی گشتی بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە بەرنامەکان هێندرا.