جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
ئافرەتان و لاوانی هێژا!
هۆگرانی ڕێبازی پڕ لە سەروەری سازمانی خەبات!
لە ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠ ١ هەتاوی، سازمانی خەبات ٤٢هەمین ساڵی دامەزراندنی پڕ دەکاتەوە و بەم بۆنە پڕ شکۆیەوە، ڕێکخراوەکانی لاوان و ئافرەتانی خەبات، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات و ئەندامانی رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوان دەکەن.
سازمانی خەبات، سازمانێکی پڕ لە گیانفیدایی و خاوەن مێژووی درەوشاوەیە، کە لەسەر دەستی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی، ڕێبەری نەتەوەیی گەلی کورد و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی وەک مامۆستا سەید خەلیل شەریفیان، مامۆستا خدر عەبباسی و شەهید مامۆستا عەبداللە ئارام لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆز، کە ئازادی و ڕزگاری بۆ نەتەوە و نیشتمانی خۆشەیستمان کوردستان، دامەزرا.
دامەزرانی سازمانی خەبات، پێویستییەکی گرینگ لەو سەردەمەدا بوو، کاتێک کە خومەینی جەلاد به بیانووی بوونی هێزی چەپ، گەلی کوردی بە کافر ناساند و هێزیکی لە ژێر ناوی پێشمەرگەی موسڵمان ڕێک خست و هێرشی کردە سەر کوردستان، دامەزرانی سازمانی خەبات بوو بە هیوایەک لە دڵی ئازادیخوازان و خەباتکارانی گیانفیدای کوردستان.
بەڕێزان، ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٤٢ ساڵ مێژووی لێوانلێو لە خۆڕاگری و خەبات بەرز ڕادەگرین، کە ڕژیمی ئێران تووشی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر بووە.
شکستی وتووێژەکانی بەرجام، پەرەسەندنی گەمارۆکانی سەر ڕژیم و سپای تیرۆریستی پاسداران و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی سێدارە و نیگەرانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات، بێکاری، هەژاری و گرانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوەو بۆتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی مامۆستایان، خانەنیشنان، دوا بە دوای گرتن و لەبەندکردنی ئازادیخوازان و لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندان و بێبەش بوونی خەڵک بەگشتی و لاوان و ئافرەتان بەتایبەت لە سەرەتاییترین مافەکانیان و ناڕەزایەتییان لە حیجابی زۆرەملێ و سەرکوتی بزوتنەوەکانی ژنان و لاوانی چالاکی ژینگەیی و مەدەنی و پارێزەری بەهاجوانەکانی کۆمەڵگە لە ناوخۆی کوردستانی ئێران، کوشتن و بریندارکردنی لاوانێک کە بەهۆی نەبوونی کاروپیشە، ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان، کارەساتی سرووشتی وەکوو لافاو کە بێگومان ئەنجامی کەمتەرخەمی و ناکارامەیی دەسەڵاتەو چەندین دیاردەی دیکە کە بەبۆنەی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ناوکەیی و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە کە سەرەڕای هەموو ئەم کۆت و بەندانە، ئەوەی بەردەوامە ئیرادەو خۆڕاگری خەڵکی بوێر و ئازایە.
لاوان و ئافرەتانی خەباتکاری کوردستان!
وەک ئاگادارن، ژنان لەم ماوەدا بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانیان و ناڕازیبوون لە حیجابی زۆرەملێی زۆرتر لە هەموو توێژێکی کۆمەڵگە کەوتنە بەر پەلاماری ڕژیمی دڕندەی ئێران و تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان کە تەمەنی بەکار هێنەرانی گەیشتۆتە هێڵی ۱۱ ساڵ و هەژاری و بێکاری گەیشتۆتە لووتکەی خۆی، بەڵام وەکوو هەمیشە ژنان و توێژی لاوان پێشەنگن لە خەبات و موبارزە بۆ وەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانیان.
ئەمساڵ ساڵێکی دیکە لە تەمەنی پڕشانازی سازمانی خەبات تێدەپەڕێ و بەرەو پیری پێنجی خەرمانان دەچین و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری و ڕووخانی ڕژیمی ملهۆڕی ئاخوندی ئێران، سوور بین لەسەر خەبات و شۆڕشی بێوچان و تا گەیشتن بە لووتکەی ئازادی بە پاکی و ڕاستبێژی خزمەتی نەتەوە و نیشتمانی خۆمان دەکەین.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە دەکەین لە هەموو ڕێبوارانی ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، لە هەموو تێکۆشەران و تەشکیلاتی نهێنی و ئاشکرای سازمانی خەبات.
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانە و ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستان و ئێران.
بڕوخێ دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژە مرۆڤی ئاخوندی
ڕێکخراوەکانی لاوان و ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران