جەماوەری خەباتکاری کوردستان و ئێران!
لاوانی پێشەنگ و خوڕاگر!
کەس و کار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
بەبۆنەی هاتنی ۵ی خەرمانان و یادی ۴۳ ساڵەی دامەزرانی, سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران, گەرمترین پیرۆزباییەکانمان پێشکەش بە جەماوەری ئازیزی كوردستان و سەرجەم ئازادیخوازانی ڕێگەی ڕزگاری و خەبات دژ بە دیکتاتۆر دەکەین.
لە هەلوومەرجی هەستیاری ساڵەکانی دەستپێکی شۆڕشدا و لە دوای چەندین مانگ بە سەر دەسەڵات گەیشتنی حکومەتی ئاخوندی ئێران و دژایەتی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ ئازادیخوازان کە بەرهەمی شۆڕشی دژ بە سیستەمی گەندەڵی پاشایەتی بەفیڕۆ برد, كوردستان بوو بە چەقلی چاوی ئەو دەسەڵاتە. هەر بۆیە خومەینی و ئاخوندە جینایەتکارەکان بە مەبەستی سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز و مافویست, فەرمانی قێزەونی جهاد و ڕەوانە کردنی هێزی گاردی جاویدان و پاسدار و بەکرێگیراوانیان بۆ کوردستان دا، تا بە خەیاڵی خاویان بە سەرکوتی خەڵکی كوردستان کۆتایی بە هەستی ئازادیخوازی بێنن. لە دۆخێکی وەها هەستیاردا دامەزرانی سازمانێکی هەڵقوڵاو لە دڵ و ناخی خەڵک دا و پێشەنگایەتی توێژێکی هەرە زۆر لە خەڵکی کوردستان،زەروورەتێکی مێژوویی بوو و لە ۵ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۵۹ دا بە سەرپەرستی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی و چەند مامۆستایەکی ئایینی دیکە وەک مامۆستا سەیید عەبدولکەریم سەیادی, مامۆستا سەیید خەلیل شەریفیان, مامۆستا سەیید عەبدوڵڵا ئارام و مامۆستا خدر عەبباسی, دامەزراو و چرای هیوا و هومێدێکی نوێی لە دڵی نەتەوەی چەوساوەی کورد هەڵگیرساند.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێڕای بوونی دەیان کۆسپ و تەگەرەی جۆراوجۆر لە لایەن دەسەڵاتی ئاخوندی و لایەنەکانی دیکە, وە بە خۆ دوور گرتن لە شەڕی براکوژی و هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی دروست و پەیڕەو کردنی سیاسەتی نەتەوەدۆستی و خۆنەویستی و خەبات بۆ ستاندنەوەی مافی خەڵک لە دەستی داگیرکەر, توانی سەرکەوتوانە ڕێگە ببڕێت و لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان دا پێشەنگ و پێشڕەو بێ.
سازمانی خەبات و نەمر مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی, باوڕێکی زۆریان بە هێز و تواناکانی توێژی لاوان بوو و گرینگی دان بە ئافەرتانیان کردە نەریتێک و وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بیر و ئەركی ڕۆژانەیاندا.
لاوانی ئازا و چاونەترس!
پێشڕەوانی خەبات دژ بە دیکتاتۆری!
ئەمساڵ یادی ۴۳ ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی ژینا و بزوتنەوەی ژن, ژیان, ئازادی. شۆڕشی ژینا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا توانی بە پێشەنگایەتی لاوان و بەتایبەت ئافرەتان, هەستی ئازادیخوازی و بێزاری نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران نیشانی جیهان بدات و دەنگی خەڵکی ئێران بە گوێی ئازادیخوازانی جیهان بگەینێت. لەماوەی یەکساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی ئاخوندی بۆ سەرکوت و کپ کردنەوەی ئەم شۆڕشە بێوێنەیە, ئەوەی لەدەستی دەهات درێغی نەکرد و تەواوی توانای خۆی سەرف کرد تا بە گرتن و بەندکردن و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی نارازی و بێزار لە ستەم, کۆتایی بە شۆڕش بێنێ. بەڵام وەک بینیمان کە وێڕای ئەو هەموو دڕندەییە, نەیتوانی ببێتە بەربەست و دەنگی شۆڕش کپ بکاتەوە. ئێستاش لە ساڵیادی ئەم شۆڕشە مەزنە, هێزەبەكرێگیراوەكانی ڕژیمی ئێران ویڕای گرتن و هەڕەشە لە خانەوادەی شەهیدانی شۆڕش، ئامادەکاری بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵك دەكەن.
حکومەتی ئاخوندی ئێران لە ئیستادا کە بەرەو ڕووخانی یەکجاری دەڕوات, هەموو فێڵێک دەکات تا بەڵکوو بتوانێت خۆی ڕزگار بکات, بەڵام ئیرادەی خەڵکی ئازادیخواز و نەبەزی ئێران و کوردستان, بەم زوانە بناغەکانی دەسەڵاتی ئەو ئاخوندانە لە بن دێنێت و ڕزگاری و ئازادی و دیموكڕاسی لە كوردستان و ئێراندا جێگیر دەكەن.
جارێکی دیکە بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئیران گەرم ترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هەموو ئازادیخوازانی ڕێگەی ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان دەکەین و هیوادارین بە زووترین کات جێژنی ڕزگاڕ بوون لە بەندی داگیرکەر لە خاک و نیشتمانی خۆمان بگێڕین.
بڕوخێ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی دژ بە دیکتاتۆری
ڕێکخراوی لاوانی خەبات ی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری