lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

ئاوڕێک لە ئولەمپیکی پاریس لە رۆژی جیهانی لاوان دا

ئاوڕێک لە ئولەمپیکی پاریس لە رۆژی جیهانی لاوان دا
لاوانی خەبات

ماردین زاهدی
رۆژی ١٢ی ئاگێست، لەلایەن یونێسکۆ بەرۆژی جیهانی لاوان هەڵبژێردراوەو گرنگیەکی تایبەتی هەیە.
دەکری لاوان بە هەستیارترین و کارامەترین توێژی کۆمەڵگە ناوبەرین و ئەو بابەتە تایبەت بوون و گرنگی دیاری کردنی ئەو ڕۆژەمان زۆرتر بۆ دەردەخات.
پۆتانسیل و توانای فێربوون و کارکردن، چەند هۆیەکە کە لاوان وەک بزوێنەری کۆمەڵگە ناودەبرن و لە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ دا زۆرترین ئاڵووگۆڕەکان بە دەستی توانای لاوان جێبەجێ دەکرێت.
بە چاوخشاندنێک بۆ سەر دۆخی ئەمڕۆی لاوان لە ئێران و هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخە لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوودا، بەڕوونی دەتوانین بینەری کارەساتی لەناوچونی هیوا و هۆمێدی لاوانی کورد و ئێرانی، بەهۆی سیاسەتە چەقبەستوەکانی دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران بین.
ئەمساڵ و لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆلەمپیک لەپاریس و هاوکات رۆژی جیهانی لاوان، ئامارێک بڵاو کرایەوە کە دڵی هەموو هاووڵاتیەکی ئازادیخوازی هەژاند. تیمی پەنابەران کە بە تیمی بێ ئاڵا بەناوبانگە، لە کۆی ٣٦ وەرزشوان لە هەموو جیهان دا، ١٤ وەرزشوانی ئێرانی تێدا بوون، کە دەرخەری ئەو راستیەیە کە رژیمی ئێران گەورەترین دژمنی سەرکەوتن و ئازادی خەڵکی ئەو وڵاتەیە.
رژیمی ئێران کە بەناوبانگە لە تۆمارکردنی ئاماری گەندەڵی و دژایەتی لەگەڵ نەتەوەکانی ئەو وڵاتەدا، جارێکی دیکە بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشانی دا کە چەند رێژەی هەڵاتن و پەنەبردنی لاوان لە دەستی ستەم و بێدادیان زۆرەو چەند لاوی قارەمانی دیکەش لەو وڵاتەدا بوون کە بەدەستی جەللادەکانی رژیم قوربانی کراون و چەندە لاوی دیکە هەن کە لە ئێستادا یان تووشی زیندانن یان لەژێر فشاری کار و نەداری دۆخی ژیانیان نالەبارەو بەداخەوە کەکەم نین ئەو لاوانەش کە تووشی مادەی هۆشبەر و نەخۆشین.
وڵاتی ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە کە ئەگەر بەڕێوەبەریەکی دروست و دیمۆکراتیکی بێ، دەبێتە یەکێک لە ئاوادان ترین و پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهان. بەڵام لە ئێستادا بە دەستی ئاخوندە جینایەتکارەکان، رۆژ لەدوای رۆژ دۆخی ژیان تێدا خراپتر دەبێ و ئاماری کۆچەران و پەناخوزان بەرەو وڵاتانی دەراوسێ و ئوروپا زۆرتر دەبێ. بەداخەوە کە ئەوەش خۆی کارەساتی زۆری لێ دەکەوێتەوەو تەنیا لە یەکجاردا بینیمان کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە ئاوەکانی ئیتالیا دەیان کۆچەر خنکان و بێسەرووشوێن بوون.
دۆخی ئەمڕوی خەڵک لە ئێران، دۆخی مان و نەمانە، مان و نەمانی خۆیان و مان و نەمانی رژیمی گەندەڵی ئاخوندی. مانەوە لە ئێران یان کۆچ کردن بۆ وڵاتانی دیکە بە مەبەستی ژیان یان کار کردن یا لەدووی سەرکەوتن رۆیشتن، کارێکی خراپ نیەو مافی هەموو کەسێکە کە هەوڵ بدات خۆی لە نەهامەتی و زەلکاو رزگار بکات. 
بەڵام لێرەدا کەسانێک هەن کە بە مەبەستێکی دیکە لە وڵات دوور دەکەون، ئەم کەسانە مەبەستیان موبارزە لەگەڵ رژیمەو بەو مەبەستە دێنە ریزەکانی خەبات و بەربەرەکانێ لەگەڵ رژیمی داگیرکەری ئاخوندی و خۆیان و ژیانیان دەکەنە قۆچی قوربانی بۆ ئەوی کە خانەوادەکەیان لە داهاتووداو بە رووخانی رژیمی دژە مرۆڤی ئاخوندی بە ئازادی و سەربەستی بژین. 
لاوانێک کە زۆربەیان کوردن بەهۆی ئەوەی کە زۆرترین فشاری رژیم بۆ سەر کوردانە، تووشی زیاترین کێشە کۆمەڵایەتی و فکری و سڵامەتی بوون یان مەجالی خۆێندیان نەبووەو لێرەدا دەست دەکەن بە خۆێندن و فێربوون و فێرکردن. لاوانێک کە رژیمی ئێران نەیهێشتووە بلیمەتیەکانیان گەشە بکات و تەواوی هەولێ خۆی داوە کە تووشیان بە دەرمان و نائەهلی بێ. بەڵام لێرەداو لە ڕیزی شۆڕش دا بلیمەتی لە خۆیان نیشان ئەدەن و ئەوەی لەدەستیان بێ بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دەیکەن.
ئەمڕۆ و لە رۆژی جیهانی لاوان دا، رۆژێک کە جێگەی هەزاران لاو کە بەدەستی رژیم سەرکوتکراون، بەبەتاڵی ماوەتەو خاڵیەو دەکرا ئولەمپیکی ئەمساڵ ناوی ئەو ڕۆڵە ئازایانەو خەڵاتە زێڕەکانیان لە هەموو جیهان دا دەنگ بداتەوە، بەڵام تەنیا بەشخورانمان بینی و پڕ بە دڵ خەممان لێ خوارد. هەرچەند کە بینیمان لە کێبڕکی بەرانبەر بەیەکتردا و پاش کۆتاییەکەی، چۆن باوشیان بە یەکتردا کرد و سەلماندیان کە دووڕاوی ئەو کێبڕکێ یە، تەنیا رژیمی گەندەڵی ئاخوندەکانە.
لاوانی ئەمڕۆ ئەرکیان لەسەرە کە چ لەناوخۆ چ لەدەرەوی وڵات دا بن، پشتیوانی یەکتر بن و درێژە بە خەباتەکەیان لە هەموو سەنگەرەکانی ئازادیخوزی دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندی ئامادە بن. بەدڵنیایەو ئەو رژیمە قێزەونە کۆتا چرکەکانی ڕووخانی بەخۆیەوە دەبینێ و زۆر ناخایەنێت کە هاووڵاتیانی ئازیزمان سەربەرزانەتر لەژێر ئاڵای ئازادی و دیمۆکراسی دا سرودی نیشمانی بۆ قەرەمانەتییان دەخوێنن.

1 مانگ و 4 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 2 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئاوڕێک لە ئولەمپیکی پاریس لە رۆژی جیهانی لاوان دا

ئاوڕێک لە ئولەمپیکی پاریس لە رۆژی جیهانی لاوان دا


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر