lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات
لاوانی خەبات

هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
لاوانی خۆڕاگر و ئازادیخواز!

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر، سەرکردایەتی، کادر و پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات و سەرجەم ئازادیخوازان و ڕزگاریخوازانی تێکۆشەری ڕێگەی ئازادی نەتەوەو نیشتمانی داگیرکراومان دەکات.
پێشمەرگەو پێشمەرگە بوون و خۆتەرخان کردن لە ڕێگەی موبارزە بۆ ستاندنەوەی مافی زەوت كراوی هاووڵاتیانی كوردستان لە ڕژیمی داگیرکەر و پارێزگاری لە خاک و نیشتمان و وستان لە بەرانبەر زوڵم و ناعەدالەتی حکومەتە داگیرکەرەکان ئەرکێکی هەرە پیرۆزەو ناوی پێشمەرگە لە لوتکەی شانازی مرۆڤایەتی دایە.
وەك ئاشكرایە لە پاش ڕووخانی ڕژیمی فاشیست و زاڵمی پاشایەتی و سەرکەوتنی گەلانی ئێران لە بەرانبەر ئەو ڕژیمە زاڵم و گەندەڵە، هیوایەکی لە دڵی خەڵکی چەوساوەی دروست بوو کە بتوانن پاش چەندین ساڵ بێدای و بێ عەدالەتی، لە وڵاتی خۆیان دا بە ئازادی بژین. بەڵام زۆری نەخایاند کە ئەو دڵگەرمیە لە لایەن ڕژیمێکی خۆسەپێنی دیكە سەرد کرایەوەو ڕژیمی ئاخوندی بە دیکتاتۆریەکی ڕادیکاڵ و بیرۆکەیەکی چەق بەستوو، دەستی دایە چەوساندنەوەی خەڵک لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان و  شەڕ و گرژی لە کوردستان دروست كردو بەخەیاڵی خاوی خۆی کوردستان بێرێتە ژێر ڕەکیفی یاسا دژە ئینسانیەکانی.
خومەینی ڕێبەری دیکتاتۆری ڕژیمی ئاخوندی بە بیانوی كافر بوون و تاوانبار كردنی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی كورد، فەرمانی جیهاد و سەرکوت و قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژ کردنی کوردستانی ڕاگەیاند. بە فەرمانی جیهادی خومەینی پاشماوەی سوپای پاشایەتی بەناوی گاردی جاویدانی ڕەوانەی کوردستان کرا. هەر بەو مەبەستەش حکومەتی زاڵمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بە خەیاڵی خاوی بەنیاز بوو بە یەکجاری دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستان کپ بکاتەوە. لەو هەلوومەرجەدا مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی، کە پێی وابوو دەبێ سنورێک بۆ سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕژیمە داگیرکەرە دابنرێت، فەرمانی بەرپرچدانی ئەو هێرشەی داو لە ئەنجامدا ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەر ۱۳۵۸ کۆچی خۆری، لە نێوان جادەی سەردەشت و بانە و لە پێچەکانی هەژدە دۆڵان دا، هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە هێرشی کردە سەر ئەو هێزە بەکرێ گیراوەوە و وێڕای کوشتنی ۷۰۰ سەرباز و تێکشکاندنی ۸۰ ماشینی سەربازی لەو هێزە سەرکوتگەرە، زۆرێکیشیان لێ بەدیل گرتن و وای کرد خومەینی جەلاد و خوێنڕێژ بێتە سەر خەت و ڕاستەوخۆ وتی خەڵکی کوردستان دەنگی ئیوەم بیست.
بەڵام ئەم قارەمانیتییەو خۆڵقاندنی ئەم حەماسەی هێزی پۆڵایینی سازمانی خەبات بێ قوربانی نەبوو و بەداخەوە ۹ پێشمەرگەی هێزی بەرگری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، گیانی خۆیان پێشکەش بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان و سازمانی خەبات کرد.
خۆڵقاندنی وەها حەماسەیەکی مێژووی لەلایەن هێزی پۆڵائینی پێشمەڕگەو ڕۆڵە گیان لەسەر دەست و بەنرخەکانی کوردستان بوە هۆی گەڕانەوەی دڵگەرمی بۆ خەڵکی کوردستان و چرای هومێد و هیوای بۆ ئازادی و گەیشتنی خەڵک بە مافەکانی خۆیان ڕوناکتر و گەرمتر کردەوە.

تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی!
هۆگرانی ڕێبازی سازمانی خەبات!

وەک دەزانن دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ئاخوندی کە بەردەوامە لە سەپاندنی زۆڵم و زۆر و چەوساندەوەی خەڵک لە ناوخۆ، سنورەکانی بێدادی تێپەڕاندوەو لە هیچ زوڵمێک بۆ سەرکوتی هاووڵاتیانمان خۆی نابوێرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئاماری کوشت و بڕ و ئیعدام و هەڵاوسان و جینایەتەکانی لە هەڵکشاندایەو جوێ لەوانەش سەرقاڵی دەستێواردانی دەرەکی لە وڵاتانی دیکەو پشتیوانی لە هێز و میلیشیا ترۆریستیەکانی ناوچەکەدایەو سەرمایەو سامانی هاووڵاتیان لەو ڕیگەیەدا بە فیڕۆ دەدات. 
ئەم حکومەتە گەندەڵە هەر لەو ڕەوتەدا بە دوو جار هێرش کردنە سەر ئیسرائیل، سەدان موشەکی بەرەو ئەو وڵاتە هاویشتوە کە جگە لە ملیۆن ها دولار خەسار کردنی سەرمایەی هاووڵاتیانمان هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبوەو دۆخی ئابوری لە وڵاتەکەماندا زیاتر توشی قەیران کردوە.
بۆ خەڵکی زاناو ڕوناکبیر لە وڵات، ئاشکرایە کە ڕژیم مەبەستی لەو کایە سیاسیانە تەنیا سەرقاڵ کردنی خەڵکی ناوخۆ وە پێدانی هومێد و دڵخۆشی بەو بڕە کویلەو بەکرێگیراوەیە کە لە دەوری ماونەتەوە. خەڵکی وڵات بە پێچەوانەی هەوڵی ڕژیم بۆ فریودانیان، باش دەزانن کە ئەو وڵاتە تەنیا بە پشت بەستن و هیمەت و کۆششی ئازادیخوازان بەرەو ئازادی و ڕزگاری دەڕوات و پشت بەستن بە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت ئەو هیوایە مسۆگەر بکات. هەر بۆیە هەڵبژاردنی ڕێگەی دروست و درێژەدان بە شۆڕشی ژینا و خەباتی یەکانگیر و سەرتاسەری و کەڵک وەرگرتن لە هەموو هەلەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، دەتوانێت پایە لەرزۆکەکانی ئەو حکومەتە لەبن بێنێت و پرۆسەی ڕوخانی بە ئامانج بگەینێت. 
بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیە کاتێکی زۆر ناخایانێت و وەک ئەو حەماسەیە کە لە ۱۰ی خەزەڵوەر دا خوڵقێندرا، ئەو حکومەتەش کە لە لێوارەی ڕووخان دایە، بەدەستی خەڵکی ئازادیخواز لەبن دێت و بە ڕووخانی ئەو ڕژیمە، ئاشتی و ئازادی بۆ وڵاتەکەمان دەگەڕێتەوە. 

جارێکی دیکە بەبۆنەی ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، پیرۆزبایی بە هەموو پێشمرگە گیان لەسەر دەستەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەکەین و هیوادارین بە ڕووخانی حکومەتی دژە مرۆڤی ئاخوندی لە ئێران، بەرهەمی چەندین ساڵەی خەبات دژ بە داگیرکەرانی وڵات و نیشتمان بە سەمەر بگەت و ئازادی و ڕزگاری لە وڵاتەکەمان دا وەدی بێت.

ڕێکخراوی لاوانی خەبات 
۱۰ی خەزەڵوەر ۱۴۰۳ کۆچی خۆری 
دەستەی بەڕێوەبەری

11 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 5 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر