هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
لاوان و ئافرەتانی بەهەڵوێست و مافخواز!
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بۆ پشتیوانی بەندکراوانی سیاسی کورد و بەتایبەتی "پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی" کە لەلایەن دەسەڵاتی خوێنڕێژی ئاخوندی، بە تۆمەتی لێکێندراو و ناڕەوا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، داوای لە کۆمەڵانی ئازادیخوازی کوردستان کردوە کە بۆ ڕێگری کردن لە جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە دژە مرۆییە، مانگرتنی گشتی بەڕێوە بەرن و ڕۆژی چوارشەممە، سێهەمی مانگی ڕێبەندانی ۱۴۰۳، جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆیان دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندی بنوێنن و بە داخستنی ناوەندەکانی کار و خوێندن، یەکگرتووانە پێش بە ستاندی گیانی ئەو کەسە بێتاوانانە بگرن.
میللەتی کورد لە کوردستانی ئێران هەمیشە سەلماندوویانە کە لە بەرانبەر بەو کردەوانەی حکومەتی ئاخوندی ئێران، بێهەڵوێست نەبوون و وێڕای دۆخی خراپی ئابوری، بەدەمەو هاتنێکی بەرچاویان بۆ ئەو بانگەوازانەوه بوە. بۆیە لاوان و ئافرەتە تکۆشەر و ئازادیخوازەکانی کوردستان لێرەدا ئەرک دار دەبنەوە کە وەک هەمیشە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هەڵمەتانە نیشان بدەن و بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی خۆیان، هەوڵ بدەن کە گیانی ئینسانێکی دیکە لە مردن ڕزگار بکەن و پێش بە داخدار بوونی زیاتری خانەوادەی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی بگرن.
ڕێکخراوی لاوانی خەبات
دەستەی بەڕێوەبەری
۲ی ڕێبەندان ۱۴۰۳