lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی هاتنی نەورۆزی ۲۷۲۵ی کوردی

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی هاتنی نەورۆزی ۲۷۲۵ی کوردی
لاوانی خەبات

هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
لاوانی بوێر و خاوەن هەڵوێست!

بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێ ۲۷۲۵ی کوردی و ۱۴۰۴ی هەتاوی، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر، لاوان و ئافرەتە خەباتکار و خاوەن هەڵوێستەکانی نیشتمان دەکەین.
نەورۆز هێمای نوێ بونەوەی ساڵە و بۆ خەڵکی بەشەرەف و ئازادیخوازی کورد مایەی شادی و هەستی خەباتكارانەیەو، خەڵک لە نەورۆزدا گڕ و تینێکی زۆرتری کوردانەو پێشمەرگانە، بە ورەو خواستی ڕزگاری لەدەست داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان، بەشداری بۆنەكان و ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز دەكەن.
بەشداری جەماوەری ئازادیخوازو كچان و كوڕانی خوێن گەرم لە جێژنی نەورۆزدا بۆتە هۆی ترس و پەلەقاژەی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی و ئەو ڕژیمە دیکتاتۆرە بە هەڕەشەو چاو سوورکردنەوە بەخەیاڵی خاویان، هەوڵ دەدەن ڕێگری لە بەڕێوەچونی مەراسمی نەورۆز بکەن.
 ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە،مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی کردۆتە بیانوو بۆ قەدەغەکردنی مەراسمی نەورۆز و بەوجۆرە هەوڵ ئەدات لەنێوانی خەڵکدا دووبەرەکێ ساز بکات. 
ئەو حکومەتە گەندەڵ و دژە خەڵکە بە سیاسەتەکانی خەڵکی توشی خراپترین قەیران و ماڵوێرانی، هەژاری و نەداری کردوە. زیندانەکانی پڕ کردووە لە ئازادیخوازان و هەموو توانای خۆی سەرف دەکات کە بە هەڵاوسان، بێکاری، بەردەست خستنی مادە هۆشبەرەکان و هەروەها هێرشی کلتوری و سایکۆلۆژی بۆ سەر لاوانی وڵات، بەرەو ئاقاری تاریکی و نابودیان بەرێت و بەو جۆرە پێش بە ڕەوتی ئازادیخوازی و خواستی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بگرێت.
بەڵام بەخۆشیەوە لاوانی ئەمڕۆ زۆر وریان و زۆر بەباشی ناخی ئەو ڕژیمەیان بۆ دەرکەوتووەو بە چالاکی و خەبات، هاوتەریب و هاوڕێی لەگەڵ ڕەوتی ئازادیخوازی کەوتوون و پرۆسەی ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە بەرەو کۆتایی دەبەن.

لاوانی هێژاو ڕووناکبیر!
ئەمساڵیش ئەرکی پێشەنگی و پێشڕەوی خەبات، زیاتر ئەکەوێتە ئەستۆی ئێوەو پێویستە دەست لە دەستی یەکتر، بە هەر ڕەنگ و بیرێک، تەرکیز بخەنە سەر یەکگرتوویی و یەکڕیزی چین و توێژەكانی گەل. ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر، ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران له دۆخێکی خراپتردایەو بە ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەد لە سوریە، لاوازبوونی هێزە ترۆریستەکانی حیزبوڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەن و کورت بوونی دەستی ڕژیم لە میحوەری شەرارەتەکانی، لەناوچوونی خەونی دروستکردنی هیلالی شیعی و جێگری بوونی بە مۆتەکەی ڕووخان، فشارەکانی ئیسرائیل، ئامریکاو وڵاتانی ئوروپایی و قەیرانی ئابوری و دیپلۆماسی، بوەتە دەرفەتێکی باش بۆ لەناوبردنی یەکجاری ڕژیم و وەدیهێنانی ئازادی و ڕزگاری نەتەوەو نیشتمانەکەمان. 
نەتەوەی کورد ساڵانێکی زۆرە کە توشی مەینەتی دەستی داگیرکەرەو تەنانەت لە سەد ساڵی ڕابردوودا ستەمی بەرچاوی  لەدەستی حکومەتەکانی پەهلەوی و ڕژیمی ئاخوندی چێشتوە. ئەو دوو حکومەتە فاشیستە، هەرگیز هیچ مافێکیان بۆ نەتەوەکانی ئێران ڕەوا نەبینەو تەنیا بە سەرکوتی دڕندانه ویستویانە بەرخۆدانی مەشروعی خەڵک تێکبشکێنن. 
ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە نەورۆزی ئەمساڵ پڕ بکەن لە دروشمی یەکگرتن و یەکڕیزی بۆ هێز و لایەنە سیاسیەکان، ئۆپوزسیون و ئاڵتێرناتیوی دژ بە ڕژیم کە خوازیاری دیمۆکراسی لە ئێراندایەو بەڕوونی دانی بە مافی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێراندا ناوە. 
هیوادارین پێشەنگی ئێوەو خەبات و خۆڕاگریتان زۆرتر پەرە بستێنێت و هەموو هاونیشتمانیانی ئازادیخواز یەک دڵ، بەرەو ڕزگاری هەنگاو بنێن و ئازادی نەتەوەو نیشتمان وەدی بێ.
جارێکی تر پیرۆز بێ جێژنی نەورۆز، جەژنی یەکگرتوویی و سەرکەوتن

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٢٩ی رەشەمەی ١٤٠٣ هەتاوی

13 ڕۆژ و 14 کاتژمێر و 27 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی هاتنی نەورۆزی ۲۷۲۵ی کوردی

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی هاتنی نەورۆزی ۲۷۲۵ی کوردی


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر