پیرۆز بێ ۱۱ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێکخراوی لاوانی خەبات
هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
لاوانی تێکۆشەری پێشەنگی خەبات!
ئەمساڵ ۱۴ ساڵ بەسەر دامەزرانی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، تێدەپەڕێت و بەم بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی تێکۆشەر، لاوانی ڕزگاریخواز و بەتایبەت لاوانی پێشەنگ و مافویست لە ڕیزەکانی شۆڕشی دژ بە داگیرکەر و لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەکەین.
سازمانی خەبات، هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە باوەڕی بە توانایی لاوان و دەوری کاریگەریان لە سازمانی خەبات بوەو، لاوان جێگەو پێگەی گرنگیان لە بەڕێوە بردن و لە دامەزرێنەرانی سازمانی خەباتیش دا هەبووە. هەر وەک ڕێبەری لەدڵان زیندووی سازمانی خەبات، جەنابی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی، هەر لە تەمەنی لاویەتیەوە بڕیاریدا تێکەڵ بەکاری سیاسی بێت و بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف، یەکەم ڕێکخراوی فەرمی سیاسی لە کوردستانی ئێران دا، هەر بەو شێوەیەش لاوانی تێکۆشەر لە سازمانی خەبات چالاک بوون و درێژە دەری ڕێبازی کوردایەتی و سازمانی خەباتن.
لە سازمانی خەباتدا چالاکی لاوان بەرچاو بوو بەڵام لە کۆنگرەی سێهەمی سازمانی خەباتدا، لاوەکان زیاتر هاتنە مەیدان و ڕێبەرایەتی و پلە جیاوازەکانی سازمانیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبردووە. هەر بۆیە بەرپرسیارەتی و بەڕێوەبەریی سازمانی خەبات بە موهەندسیەکی نوێ و سەردەمیانە، قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووتر لە ڕابردووی بە خۆوە بینیوە، کە هەتا ئێستاش، لاوان لە بەڕێوەبەری سازمانی خەباتدا، ڕۆڵگێڕی سەرەکیان هەیە.
پێگەی بەرچاوی لاوان لە هەموو ئۆرگانەکانی سازمان وای کرد کە ژمارەیەک لە لاوانی تێکۆشەر بە ڕێنوێنی سکرتێری گشتی سازمان، لە رۆژی ۱۱ی بانەمەڕی ۱۳۹۰، بەفەرمی ڕێکخراو و ناوەندی لاوانی خەبات یان دامەزراندو تا ئێستا ۱۴ ساڵە چالاکانە پێشەنگی ڕەوتی خەباتن.
لاوانی بەهەڵوێست و ئازادیخواز!
ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە مەزنە دەکەین کە بەداخەوە لاوانی وڵاتەکەمان لە دۆخێکی زۆر خراپدان و فشاری ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و ڕەوانی، تەنگی پێ هەڵچینون و دەسەڵاتی ئاخوندی پاش ۴۷ ساڵ جینایەت دژ بە مرۆڤایەتی، نەک هیچ گۆڕانێکی ئەرێنی تێدا نەکراوە، بگرە لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا خراپتر و جینایەتکارتر بووە.
لەگەڵ بەرەو سەرچوونی هێرش و فشارەکانی دەسەڵات بۆ سەر لاوان و جەماوەر بە تێکڕا بەڵام دۆخی ئەڕۆی ڕژیم زۆر هەستیارەو پاش چەندین شکستی یەک لەدوای یەک لە حاستی جیهانی و ناوخۆیی دا، بە تایبەت شکستی میحوەری شەرارەتەکانی ڕژیم، لاوازبوونی حەماس، ڕووخانی حکومەتی ئەسەد و ئێستاش فشارەکانی ئەمریکا، بۆتە هۆی ئەوە کە ڕژیم پاش چەندین ساڵ، ناشەرافەتمەندانە بچێتە سەر مێزی موزاکرەو وتووێژ لەگەڵ ئەمریکاو تابۆەکانی خۆی بشکێنێت. هەروەها لێدان و تەقاندنەوەی سوتەمەنی وشکی موشەکی بالستیک لە بەندەر عەباس و لێدانی چەند شوێنی هەستیاری دیکەی ڕژیم، نیشانەی لاوازی بەشی ئەمنیەت و چاودێریەکانی دەسەڵات و ناوەندە ئەمنیەتی و هەواڵگریەکانیەو پووکاوەیی و ڕووخانی ڕژیم زیاتر لە هەموو کاتێک نزیک دەکاتەوە. هەڕەشەی چالاک کرانی میکانیزمی ماشەو گەڕاندنەوەی دووبارەی ئابڵۆقەکان دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندی و چەندین فشاری دیکەی دەرەکەی و ناوخۆیی کە خراپی دۆخ و لاوازی دەسەڵاتمان بۆ دووپات دەکاتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لەوەها هەلوومەرجێکیشدا، هێشتا دەسەڵاتی ئاخوندی دەست لە فشارەکان بۆ سەر جەماوەر و ئیعدام و گرتن و شکەنجەو کوشتن هەڵناگرێ، هەر بۆیە لە ئێستادا بە ڕەچاوکردنی ئەو هەلوومەرجە، ئەرکی لاوانی بوێر و پێشەنگ لە ناوخۆی وڵات و ڕیزەکانی شۆڕش، قورستر دەبێت و دەبێ بە ڕۆشنگەری و ئاگاکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگە، نەهێڵن ئەو دەسەڵاتە مەجالی خۆگرتنەوەی هەبێ و پێویستە یەکگرتوانە مەجالی ئەوە نەدەن کە ڕژیم خۆ بگرێتەوەو بە درێژەدانی شۆڕشی ژینا و دەست لە دەستی یەکتر و یەکگرتوو، بناخەکانی ئەو ڕژیمە لە بن دەربێنن و بە هاودەنگی و هاوئاهەنگی تێبکۆشین بۆ ڕوخاندنی ئەو دەسەڵاتەو جێگر کردنی حکومەتێکی دیموکراتیک، خۆماڵی و خەڵکی و ئازادی و ڕزگاری بۆ وڵاتەکەمان وەدی بێنین.
جارێکی دیکە پیرۆز بێ ۱۱ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
بڕۆخێ دەسەڵاتی جینایەتکاری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردو گەلانی ئێران
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەریی
۱۱ی بانەمەڕی ۱۴۰۴