هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
لاوانی پێشەنگ و خۆڕاگر!
بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، گەرمترین پیرۆزبایی ، پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بەندکراوانی سیاسیی خۆڕاگر، پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگران و تەشکیلاتی ناوخۆی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەکەین.
لەمێژوودا چیرۆکی فیداکاری و خۆنەویستی و گیان و ژیان تەرخان کردن بۆ نەتەوەو نیشتمان زۆرە، بەڵام کە ئەو فیداکاریانە بەبێ هیچ جۆرە چاوەڕوانیەک و خۆبەخشانەو تەنیا بۆ مافی نەتەوەکەت بێ، ئەوه لە سەرووی هەموویاندایە.
پێشمەرگە بوون کۆمەڵێک تایبەتمەندی کۆ کراوەیە لە ڕۆح و جەستەی ئەو مرۆڤانەدا کە لووتکەی شانازی خۆی و نەتەوەکەیانن.
ڕوونە کە شانازی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، هەڵگری ئەو تایبەتمەندیانەو سەربرزیەکی بێوینە کە ڕێبواری ڕێگەی پڕ لە شانازی سازمانی خەباتن.
سازمانی خەبات، بە مێژوویەکی لێوانلێو لە شانازیەوە زیاتر لە ۴۵ ساڵە دژ بە داگیرکەر موبارزە دەکات و لەو ماوەیەدا سەربەرزانە خۆی بەدوور گرتوە لە شەڕی برا کوژی و بەدوور بووە لە وتووێژ لەگەڵ خوینڕێژانی دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران و هیچ کات فریوی وەعدەکانی دەسەڵاتدارنی ڕژیمی ئێرانی نەخواردوە. بۆیە پێشمەرگەبوون و خەباتی بوون، تەواکەری یەکترن و لەوتکەی سەربەرزین.
ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، ئەو رۆژەیە کە پێشمەرگەی خەبات بە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی خومەینی جەلادی سەلماند کە دەبێ سنووری خۆیان بزانن. ئەو پێشمەرگانە بوون کە بە خوڵقاندنی حەماسەیەک ناوی خۆیان و سازمانی خەباتیان بۆ هەتاهەتایە لە مێژوودا تۆمار کرد.
حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەر ڕۆژێک بوو کە هێزێكی زۆری دژمن بە ناوی هێزی قودس(گاردی جاویدان) لە سەردەشت بەرەو بانە دەڕۆیشتن، كە لە پێچەكانی هەژدە دۆڵان و پێچەكانی كەوپێچ كەوتنە كەمینی پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات و زەربەتێكی كاریان لێدرا. هەرچەند كە بەداخەوە لە ڕوبەڕوبونەوەی پێشمەرگەكان بە فەرماندەیی شەهید كاك عەبدولكەریم حوسەینی و كۆچ كردوان ڕەشید بەگی دارێنەو قادرئاغای سیاومە لە هەژدە دۆڵان و كەوپێچ و هەروەها بە تەقەی هیلیكۆپتێری دژمن لە گوندی سیاومە نۆ پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەكانی شەهید حوسەین حوسەینی،شەهید ڕەسوڵ ساڵحزادە،شەهید جەلال محەممەد پوور،شەهید جیهانگیر مەولانی،شەهید ئەحمەد ئەحمەدی، شەهید كەریم ئەحمەدی، شەهید حەسەن مەولانی لە نێوان هەژدە دۆڵان بۆ كەوپێچ شەهید بوون و شەهید عەبدوڵا مستەفایی لە كاتێكدا لە گوندی سیاومە تەقەی لە هیلیكۆپتێری دژمن دەكرد،بە تەقەی هیلیكۆپتێری دژمن شەهید بوو. هێزی دژمن كە لە هەژدە دۆڵان و كەوپێچ زەربەتیان خواردبوو هەروەها لە خۆبایی ببون بەرەو شاری بانە هاتن و لە دەروازەی شاری بانە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بە تەوای گەمارۆ دران و توانای خۆڕاگریان نەماو زۆربەیان كوژران و ژمارەیەكیان ئەسیر كران و دەیان ماشین و ئوتۆمبیلی سەربازی و تانکێك لە جۆری ئیسكۆرپین سوتێندرا.
خۆڵقاندنی ئەو حەماسەیە، بۆ هەمیشە لەمێژوودا دەمێنێت و پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی سازمانی خەبات، کە تا ئێستەش درێژەدەری ئەو ڕێگەو ڕێبازەن و ناهێڵن چرای هۆمێدی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری بکوژێتەوە.
لاوانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز!
ڕژیمی ئاخوندی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانی تا ئیستا، بەردەوام بووە لە سەرکوت و چەوسانەوەی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە هەوڵی لەناو بردنی شۆڕش دژ بەدەسەڵاتە گەندەڵەکەی داوە. دەسەڵاتێک کە قەد باوڕی بە مافی هاوووڵاتیان نەبوەو تەنیا بیرۆکە چەقبەستوەکانی خۆی پەرە پێی داوەو بەهۆی ئەو سیاسەتانەوه، وڵاتی تووشی قەیرانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی کردوە. لاوانی وڵات لە دۆخێکی حەستەمدا دەژین و بێکاری و کەم داهاتی بوەتە هۆی فشاری هەرەزۆر بەسەر جەستەو ڕەوانیان و زۆربەی بلیمەتیەکان لەو وڵاتەدا سەرکوت دەبێ. تووشی مادە هۆشبەرەکان دەبن یان بۆ پارویەکی نان لە ڕێگەی کۆڵبەریدا فیشەکیان بەردەکەوێ، دەنگیان کپ دەبێتەوەو سەرکوت و بەند و شکنجە دەکرێن، بەڵام هیچ یەک لەو سەرکوتانە ناتوانێت ڕێگە لە هەستی ئازادیخوازیان بگرێت. بویە جێگەی خۆیەتی، خەبات دژ بە ئەو دەسەڵاتە پتەوتر بێتەوەو خەڵک چاونەترسانەتر لە ڕابردوو، درێژە بە موبارزە بدەن.
سەرەڕای پڕوپاگەیاندنەکانی ڕژیمی ئێران لە پاش شەڕی ۱۲ ڕۆژە، دەرکەوت کە هێزی چەکداری ئەو حکومەتە بێ توانایەو ئیسرائیل ئاسمانی ئێرانی کردۆتە مەیدانی نیشان دانی هێزو توانای فڕۆکەکانی و ئەمنیەتی ترین ئۆورگانەکانی ئەو دەسەڵاتەی بەر پەلامارداوە.
لە ئێستادا جێگەی خۆیەتی کە یەکدەنگی و یەکگرتنی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران کە لە هۆ سەرەکیەکانی دڵگەرمی بۆ خەڵک و ئازادی و ڕزگاری لە وڵاتدایە نزیکبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت و دڵخۆشی و هۆمێد لە گیانی خەڵکدا زۆرتر بکات. چونکە ئەو هیواو هۆمێدە دەتوانێت گەیشتن بە ئازادی خێراتر بکات و رزگاری لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.
جارێکی دیکە پیرۆز بێ ۱۰ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات کە فەرمانی بەرخۆدانی دژ بە سەرەڕۆییەکانی حکومتی خومەینی دا، بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی ۱۰ی خەزەڵوەر و هەموو شەهیدە بەنرخەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و بڕۆخێ دەسەڵاتی دژە مرۆڤ و دژ به ئازادی ویلایەتی فەقیە.
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٩ی خەزەڵوەر ١٤٠٤