هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
لاوانی پێشەنگ و کۆڵنەدەر!
بەبۆنەی ۱۱ی بانەمەڕ، یادی ۱۵ ساڵەی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بەتایبەت شەهیدانی ئەو دواییەی شۆڕشی ئازادیخوازی لە کەمپەکانی سازمانی خەبات و هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کە بە هۆی هێرشی مووشەکی و درۆنی شەهید کران و هەروەها شەهیدانی ئیعدام کراو لە چەند مانگی رابردوودا، زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر، لاوانی تێکۆشەری ڕیزەکانی سازمانی خەبات و لاوانی ئازادیخواز لە سەرانسەری جیهان دەکەین.
۱۵ ساڵ پێش ئێستاو لە ساڵی ۱۳۹۰ی کۆچی خۆری، پاش چەندین ساڵ چالاکی لاوانی خەباتکار لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات کە ڕۆڵی گرنگیان لە بەڕێوەبەری سازمانی خەبات بە گشتی ڕێکخراوی لاوانی خەبات هەبووە کە لە ئاکامی ئەو تێکۆشانەی لاواندا بووە هۆی ئەوەی یەکەم کۆنگرەی خۆی ببەستێ و چالاکیەکانی زۆرتر پەرە پێی دا. هەر وەک ئاماژە کرا، لاوان هەر لە سەرەتای دامەزرانی سازمانی خەباتەوە ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان هەبوە لە بەڕێوەبەری سیاسیی و نیزامی سازمان و ئەو ڕێگەیە بۆ خزمەتی زۆرتر و پەروەردەیان بۆ هەموار کراوەو بیری سەردەمیانەو پێشکەوتووخوازانە بەو جۆرە ڕیزەکانی سازمانی تەنیوە.
ڕێکخراوی لاوانی خەبات، لەماوەی بەفەرمی بونیەوە هەموو هەوڵ و توانای خۆی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان ڕیزەکانی سازمان و ناوخۆی وڵات پتەوتر بکاتەوەو بە وریاتر کردنەوەی بیر و ڕایان و کاریگەری ڕۆڵیان لە وڵات و نیشتمان، هەروەها گەیاندنی دەنگیان کە ڕژیمی ئێران هەوڵی کپ کردنی ئەدات، بە گوێی جیهان و کۆمەڵگەی جیهانی بگەینێت. لەو بوارەشدا هەتا پێی کراوە، لە کۆڕ و کونفرانس، چالاکی ناوخۆیی، چالاکی رێکخراوە مەدەنیەکان، چالاکی سیاسیی نیزامی لە خزمەت بە توێژی لاو، بەشداری دڵسۆزانەو بە پەرۆشی کردوە.
ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەهەست کردن بە دۆخی لاوان لە ناوخۆی کوردستان و ئێران و فشارەکانی دەسەڵات بۆ ڕاکێشانی ئەو توێژە بۆ لایەنگری بیڕۆکە دواکەوتووەکانی و هەروەها سەرکوتی جیابیران و ناڕازیانی دەسەڵاتەکەی، چەندین ساڵە تێدەکۆشێت کە بە هەوڵ بۆ یەکیەتی و تەبایی زۆرتر لە نێوان لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوەکان، هەستی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە ئازادی یەکجاری بەرز ڕابگرین.
لاوانی ئازا و بوێر!
ئەمڕۆ نەوەی لاوان لە ئێران و کوردستان، نەک تەنیا بە یەک قەیران، بەڵکوو بە کۆمەڵێک قەیرانی بنەڕەتی و سەپێندراو ڕووبەڕووە؛ قەیرانەکان لە ئەنجامی دەیان ساڵ سیاسەتی هەڵە، سەرکوت و کردەوەی دژەمرۆڤایەتی ئەو دەسەڵاتەیە.
وڵاتی ئێران بە نزیکەی ٢٤ ملیۆن لاو لە نێوان تەمەنی ١٥ تا ٣٤ ساڵ، یەکێکە لە کۆمەڵگە گەنجەکانی ناوچەکە؛ بەڵام ئەو هێزە مرۆییە گەورەیە، لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەرێک بۆ پێشکەوتن، بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕژیمی ئێران، گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی.
دەسەڵاتداران بۆ شاردنەوەی لاوازی و نەزانکاریەکانیان ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوانی وڵاتدا نزیکەی ٧٪ ڕادەگەێنن، بەڵام ڕێژەی بێکاری لە نێو لاواندا نزیکەی ٢٠٪ و لە هەندێک ناوچەی دیکەی ئێران وەک کوردستان و بلوچوستان زیاترە. بەشێکی زۆر لە بێکاران لاوان، خوێندکار و دەرچووانی دانشگاكانن و ناچارن کاری کاتی، کەممووچەو ناپەیوەندیدار بە پسپۆڕیان بکەن، هەروەها نزیکەی ٣ ملیۆن لاو نە کاریان هەیەو، نە دەخوێنن و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە چەرخی ئابووری و خوێندن، وەدەرخراون.
زۆربوونی هەژاری، هەڵاوسان و نەبوونی ئاسایشی ژیانی ڕۆژانە، ژیانی ملیۆنان لاوی گەیاندۆتە سنووری مانەوەو شەڕ بۆ زیندوو بوون. مەودای قووڵی نێوان سیستەمی پەروەردەو بازاڕی کار، نەک تەنها هیوای پێشکەوتنی لاواز کردووە، بەڵکوو بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی ناهۆمێدی و نەبوونی هومێد بە داهاتوو و ژیان. لەو دۆخەدا، کۆچ کردن و پەنا بردن بۆ وڵاتانی دیکە، چ یاسایی و چ قاچاغی، بۆتە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ زۆربەی لاوان و بەردەوامی دەرچوونی هێزی مرۆیی لێکەوتۆتەوە.
بەڵام ئەوەی دۆخەکەی گەیاندۆتە قۆناغێکی مەترسیدارتر، تەنها قەیرانی ئابووری نییە؛ بەڵکوو سەرکوتی سیستەماتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە دەیان ساڵە ڕژیم خەریکە بەو شێوەیە هەوڵ بۆ مانەوی خۆی ئەدات. لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا، هەزاران کەس گیراون کە بەشێکی زۆر و گرنگیان لاوانن. ئەو گرتنانە زۆرجار بە تۆمەتی ناڕەواو لە ژێر ناوی «کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «محاربه» بووە و لە زۆر حاڵەتدا بە سزادانی درێژخایەنی زیندان و ئیعدام بۆ ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و کۆنترۆڵی کۆمەڵگە کەڵکی لێوەردەگرن. ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی ئەو سزادانانە بۆ لاوان بە تایبەت و تێکۆشەرانی خەباتکار،نیشاندەری ئەوەیە کە ڕژیمی ئێران لەبری وەڵامدانەوە بە داواکارییەکان، پشت بە سەرکوت و تەرساندن دەبەستێت، کە لە کوردستان، ئەو سەرکوتانە بە شێوەیەکی توندتر لە ئارادایە.
دەسەڵات، هەر داواکارییەکی مەدەنی دەگۆڕێت بۆ مەترسییەکی سیاسی و لاوانی کوردی خستووتە بەر توندترین شێوەکانی سەرکوت.
لە پەرەسەندنی ڕێژەی سزادانی قورس، گرتنی هەڕەمەکی و بەکۆمەڵ،
لە هەمان کاتدا، توندبوونی گرژیە ناوچەییەکان و شەڕی سەربازی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان، بە تایبەتی ئیسرائیل و ئەمریکا، جارێکی تر پیشاندەدات کە ئەو دەسەڵاتە بۆ مانەوەی خۆی، ئامادەیە خەرجییەکی قورس بخاتە سەر کۆمەڵگە بە تایبەتی سەر توێژی لاوان. هەر شەڕێک، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی قوربانی بوونی لاوان،پەرەسەندنی هەژاری، بێکاری، نەبوونی ئاسایش و توندکردن و زیاتر داخستنی بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و داهاتووی لاوان تووشی مەترسییەکی زیاتر دەکات.
لەم هەلومەرجە هەستیارەدا ڕۆڵی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، وەک یەکێک لە هێزە چالاک و ڕێکخراوەکان، هەوڵی داوە ئاگاداریی سیاسی بەرز بکاتەوە، ڕۆحی بەرهەڵستکاری بەهێز بکات و هێزێکی چاڵاک بێت لە ڕێگەی خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری.
ڕاستی ئەوەیە کە نەوەی لاوان گرنگترین قوربانی دۆخی ئێستایە.
ئێمە باوەڕمان وایە کە داهاتووی ئێران و کوردستان، نە لە بەردەوامبوونی قەیران و سەرکوت، بەڵکوو لە پشتبەستن بە ئیرادە، ئاگاداری و خەباتی لاواندا دیاری دەکرێت. پشتگوێخستنی ئەم ڕاستییە، تەنها دەبێتە هۆی قووڵتر بوونی قەیران و گەورەتر بوونی درزی نێوان کۆمەڵگەو لە ئاکامدا لە ناوبردن و روخاندنی دەسەڵاتی ملهوڕو دیکتاتۆر.
لە پێشوازی لە پانزەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، ڕوانگەی ئێمە بەشێکە لەو ڕاستیانە کە ژیانی لاوانی لە ئێران و کوردستانی گرتۆتەوە، بۆیە دووبارە پێداگری دەکەین لەسەر بەرپرسیایەتی مێژوویی ئەم نەوەیە لە ڕێگەی خەبات بۆ ئازادی، دادپەروەری و ڕزگاریی. ئەم ساڵیادە، هێمای بەردەوامیی ڕێگەیەکە بۆ ئازادی، بەرهەڵستکاری و ڕێکخستنی سەردەمیانەو پێشکەوتووخوازانەو دەگاتە ئامانجە ڕەواکان و ئازادی نەتەوەو نیشتمان داگیرکراومان دابین دەکات.
جارێکی دیکە گەرمترین پیرۆزبایی پیشکەش بە لاوانی ئازادیخواز دەکەین و هیوادارین بە زووترین کات ئازادی و ڕزگاری بۆ وڵاتەکەمان بگەڕێتەوە.
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری