✍ ماردین زاهدی
لە هەلومەرجی شەڕی ڕاستەوخۆی ڕژیمی ئێران و ئەمریکا، کوردستان جارێکی دیکە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین بەرەکانی ملمالنێی ناوچەیی. لەو دۆخەدا، حیزبە کوردستانییەکان نەک تەنها لەبەردەم دەرفەتێکی سیاسیی مێژوویی دەبن، بەڵکو هاوکات لە بەرانبەر مەترسی گەورەی ئەمنی، سەربازی و سیاسییشدان. ئەزموونی مێژوویی گەلی کورد نیشانی داوە کە هەر گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوچەیی دەتوانێت ڕەوتی خەبات بگۆڕێت، بەڵام تەنیا ئەو هێزانە دەمێننەوە و کاریگەرییان دەبێت کە ستراتیژییەکی ڕوون، یەکڕیزیی ناوخۆیی و پشتگیریی جەماوەریان هەبێت.
لەم دۆخەدا، ڕژیمی ئێران، کوردستان تەنیا وەک ناوچەیەکی جوغرافی نابینێت، بەڵکو وەک بەرەیەکی ناوخۆیی بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆی سەیری دەکات، بۆیە ئاساییە کە لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان، فشار لەسەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران توندتر بێت. لە هێرشی مووشەکی و درۆنی بگرە تا ترۆر، شەڕی دەروونی و فشار لەسەر هەرێمی کوردستان. ئامانجی ڕژیم لەم قۆناغەدا ئەوەیە حیزبەکان لە خەڵک دووربخاتەوەو خەباتی کوردستان وەک بابەتێکی ئەمنی دژ بە وڵات لەقاو بدات نەک مەترسیەک بۆ سەر دەسەڵاتەکەی.
بەڵام لە ڕاستیدا هەر لاوازبوونێکی دەسەڵاتی حاکم دەتوانێت بوارێکی نوێ بۆ گەشەکردنی خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران و کوردستاندا دروست بکات، بەڵام ئەو دەرفەتە تەنها ئەوکاتە بە قازانجی حیزبە کوردستانییەکان دەبێت کە خەبات لە چوارچێوەی سەربازییدا نەبێت و ببێتە پڕۆژەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیشتمانی. ئەمڕۆ مانەوەی حیزبەکان تەنها بە هێزی پێشمەرگە پارێزراو نابێت، بەڵکو پشتگیری جەماوەری، چالاکی میدیایی، ڕێکخستن و توانایی بوون بە ئاڵتێرناتیوێکی سیاسی پلان بۆ داڕێژراو، گرنگترە لە هەر کاتێکی تر.
لەم نێواندا، ڕۆڵی لاوانیش گرنگترە لە هەر کاتێکی دیکە. ڕژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە سەرکوت، بێکاری، هەژاری، ماددەهۆشبەر، کۆچ و ناهومێدی کۆمەڵایەتی، توێژی لاوان لە سیاست و خەبات دوور بخاتەوە. بەڵام هەر ئەو نەوەیە ئەمڕۆ گەورەترین هێزی گۆڕانکارییەو ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی نەیتوانێت پەیوەندییەکی ڕاستەقینە، نوێ و بەردەوام لەگەڵ لاوان دروست بکات، لە داهاتوودا بە قەیرانی ڕەوایی و لاوازیی ڕێکخراوەیی توش دەبێ.
لێرەدا ڕۆڵی ڕێکخراوەیی لاوانی حیزبەکان دەبێتە بابەتێکی ستراتیژی. ڕێکخراوەکانی لاوان نابێت تەنیا بەشی بانگەشەیی یان تشریفاتیی حیزبەکان بن، بەڵکو دەبێ ببنە پردی ڕاستەقینەی نێوان ئۆپۆزسیون و نەوەی نوێ. لاوانی ئەمڕۆ تەنیا گوێگرى دروشمە کۆنەکان نین، ئەوان بەدوای بەشداریکردن، گوێلێگرتن، ڕۆڵگێڕان بۆ هیوای داهاتوون. لێرەدا ڕێکخراوەکانی لاوان دەبێ زمانی نەوەی نوێ تێبگەن و ببن بە زمانحاڵیان، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک و داهێنەر بن؛ لە زانکۆ، ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و کۆمەڵگەدا ڕۆڵی کاریگەر هەبێت و خەبات بە بابەتە ڕاستەقینەکانی ژیانی خەڵک وەک ئازادی، مافەکانی ژنان، دۆخی ئابووری، ژینگە و کرامەتی مرۆڤەوە گرێ بدەن.
هەرچەندە پەیوەندیی حیزبەکان لەگەڵ لاوان قووڵتر و زیندووتر بێت، هێندەش توانای ڕژیم بۆ دوورخستنەوەی ئۆپۆزسیون کەمتر دەبێت. داهاتووی خەباتی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک پەیوەستە بە توانای حیزبەکان لە ڕاکێشان، ڕێکخستن و پەروەردەکردنی توێژی لاو.
یەکێکی دیکە لە مەترسیدارترین سناریۆکان بۆ کوردستان، چوونە ناو شەڕێکی درێژخایەن و فرسایشییە. شەڕی فرسایشی، جگە لە لاوازکردنی دەوڵەت، دەتوانێت خۆی کۆمەڵگەش بەرەو داڕمان ببات و لەو دۆخەدا، هەژاری و بێکاری زۆرتر دەبێت، کۆچ و دەرچوونی لاوان خێراتر دەبێت، ئەمنی کردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سەربازی زۆرتر دەبێت, و مەترسیی جاسووسی، ناکۆکیی ناوخۆیی و ماندووبوونی ڕۆحی خەبات زۆرتر دەبێت.
ڕژیمی ئێران لە شەڕی فرسایشیدا هەوڵ دەدات لەژێڕ ناوی بەرگریی نیشتمانی، هەر دەنگێکی دژبەر سەرکوت بکات و ئۆپۆزسیون بە پاشکۆی دەرەکی بناسێنێت. هەمانکات، هێزە دەرەکییەکانیش ڕەنگە تەنیا لە چوارچێوەی قازانجەکانی خۆیاندا سەیری حیزبە کوردیەکان بکەن، نەک وەک هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینەی پڕۆژەی ئازادی. بۆیە گەورەترین هەڵە بۆ حیزبە کوردیەکان ئەوەیە کە هەموو ستراتیژییەکانیان لەسەر شەڕ و گۆڕانکارییە سەربازییەکان دابنێن. لە شەڕی فرسایشیدا، ئەو هێزە دەمێنێتەوە کە جگە لە توانای دیفاع، پشتگیریی جەماوەری، ڕەوایی سیاسی، تۆڕی میدیایی و توانای ڕێکخستنی ناوخۆیی هەبێت.
لەو قۆناغە هەستیارەدا، ئەوەی دەتوانێت داهاتووی حیزبە کوردستانییەکان بپارێزێت بریتییە لە:
پاراستنی یەکڕیزی و ڕێگرتن لە بێ هیوایی و ناهومێدی ناوخۆیی، بەهێزکردنی ئامادەبوونی ڕێکخراوەیی لە ناوخۆی کوردستان، گەشەپێدانی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و لاوان و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نەوەی نوێ، سەرمایەگوزاری لەسەر میدیا، دیپلۆماسی و ڕای گشتی، پاراستنی ئارامیی هەریمی کوردستان وەک قووڵایی ستراتیژیی خەبات و ئامادەکاری و خۆ ڕێکخستن بۆ ئاڵتێرناتیوێکی سیاسی باوەپێکراو لە کوردستان و ئێران.
ئەمڕۆ خەباتی کوردستان لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە. ئەگەر حیزبە کوردیەکان بتوانن هاوسەنگی لەنێوان بەرخودان، عەقڵانییەتی سیاسی، سەربەخۆیی بڕیار و پشتگیریی جەماوەریدا بپارێزن، ئەو قەیرانە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی شوێنی نەتەوەیی و سیاسیی گەلی کورد، بەڵام ئەگەر بەرەو شەڕی فرسایشی، دووبەرەکی و پاشکۆیی بچن، مەترسیی لاوازبوون و لەدەستدانی بەشێکی گەورەی سەرمایەی جەماوەریش زۆر جددی دەبێت.