lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، بۆ یادی ١٦ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، بۆ یادی ١٦ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی
lawan.info

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
لاوانی ئازادیخواز و تێکۆشەر!
خانەوادە سەربەرزەکانی شەهیدان!

سی پووشپەڕی ئەمساڵ، شانزە ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران تێدەپەڕێت؛ کەسایەتییەکی نەتەوەیی، بیرمەندێکی ڕووناکبیر، زانایەکی ئایینی، شاعیر و نووسەرێکی بەتوانا کە زۆربەی تەمەنی خۆی لە پێناو ئازادی، دادپەروەری و ڕزگاری گەلی کورد تەرخان کرد و بە ژیان و خەباتی خۆی وێنەیەکی جوانی لە فیداکاری و نیشتمانپەروەری بەجێهێشت.
مامۆستا شێخ جەلال هەر لە سەرەتای لاویەتیەوە هەستی بە بەرپرسیاری لە بەرانبەر نەتەوە و نیشتمان کرد. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە ئەندامەتی کۆمەڵەی ژێکاف چووە ناو ڕیزی خەبات و تا دوا ساتەکانی ژیانی، چرکەیەک لە ئامانجی ئازادی و سەربەستی گەلی کورد دوور نەکەوتەوە. جەنابیان ژیانی ئارام و ئاسودەی کەسی لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەی بەجێهێشت و بە هەموو توانایەکەی لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشاندا بەردەوام بوو.
مامۆستا شێخ جەلال تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکوو مامۆستایەکی گەورەی پەروەردە و هۆشیاری بوو. بەرهەمە ئەدەبی، مێژوویی و زمانەوانییەکانی هێشتا سەرچاوەیەکی بەنرخن بۆ خوێنەران و توێژەرانی کورد. جەنابیان باوەڕی وابوو کە پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکانی نەوەکان.
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی مامۆستا شێخ جەلال، گرنگیدان بە لاوان و نەوەی نوێ بوو. جەنابیان لاوانی بە هێزی سەرەکی گۆڕان و بەردەوامی خەبات دەزانی و هەمیشە هانیان دەدان بۆ زانست، هۆشیاری و بەشداری لە بزووتنەوەی نەتەوەیی. هەر بۆیە لە یەکێک لە وتەکانی خۆیدا دەفەرموو:
"خەباتی گەلی کوردستان سەنگەری زۆرن. پێشمەرگە، کە لە سەنگەری شەرەف و پارێزەری کوردستاندایە، پێویستی بە پشتیوانی گەل هەیە، بەتایبەت لاوە خوێندکارەکان. هەموو دەمێک مەدرەسە سەنگەری موبارزە بووە و شان بە شانی سەنگەری چەکداری، زەربەتی مەعنەوی و ڕۆحیان لە دژمن داوە."
ئەم تێڕوانینەی مامۆستا هێشتا ڕێنمایەکی گرنگە بۆ نەوەی لاوانی کوردستان؛ ئەو نەوەیەی کە لە سەنگەری زانست، ڕاگەیاندن، ڕێکخستن، خەباتی مەدەنی و پێشمەرگایەتیدا درێژەپێدەری ڕێگەی ئازادییە.
هەروەها مامۆستا شێخ جەلال هەمیشە بانگەشەی بۆ تەبایی و یەکڕیزی هێزە سیاسییەکان دەکرد و بە دژی هەر چەشنە براکوژی و دابەشبوونێک وەستایەوە. جەنابیان باوەڕی وابوو کە سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی بەبێ یەکگرتوویی و هاوهەوڵی هێزەکانی کوردستان دژوار دەبێت.
مامۆستا شێخ جەلال لە یەکێک لە وتەکانی دیکەیدا دەفەرموو:
"نابێت بە ساڵێک و دوو ساڵ و دە ساڵ و پەنجا ساڵ، دەبێت نەسلەها و نەسلەها بەدوای یەکدا هەتا گەیشتن بە ئاوات موبارزە بکەن."
ئەم پەیامە هێشتا وەک ئامانەتێکی فکری لە ئەستۆی نەوەی ئێمەدایە. ئێمەی لاوانی خەبات لە یادی شانزە ساڵەی کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنەدا، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بەردەوام بین لەسەر ڕێبازی نەتەوەیی، نیشتمانی، دیموکراتی و مرۆڤدۆستانەی جەنابیان و هەموو هەوڵ و توانامان بخەینە خزمەت ئازادی، دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد. بەتایبەت لە هەلوومەرجی هەنووکەدا کە یەکێک لە ئاواتە گەورەکانی جەنابیان کە هاوپەیمانی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران بوو هاتۆتە دی. هاوپەیمانیەک کە دڵخۆشکەرە بۆ خەڵکی ئازادیخواز و تەنیا ڕێگەیە بۆ گەیشتنی نەتەوەی کورد بە ئازادی و سەقامگیری لە وڵات و نیشتماندا. هاوپەیمانیەک کە لەم دۆخەی ڕژیمداو لەم هەلوومەرجەی کۆتایی هاتنیدا، زۆرتر لە هەرکاتێک زەروورە کە هاوکاری و تەباییەکانی پتەوتر بکات و ڕێگە نەدات هیچ چتێک درز و کەلێن بخاتە نێوانیان. نەتەوەی کورد پاش سەدان ساڵ خەبات و بەرخۆدان، شیاوی ئەوەیە کە لە خاکی خۆیدا بە ئازادی ژیان بکات و لەدەستی داگیرکەر ڕزگار بێت.
بەرز و بەڕێز بێت یادی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٢٩ی پوشپەڕ ١٤٠٥

1 ڕۆژ و 34 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، بۆ یادی ١٦ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران، بۆ یادی ١٦ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر