lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی یادی ۴۶ ساڵەی سازمانی خەبات

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی یادی ۴۶ ساڵەی سازمانی خەبات
lawan.info

هاونیشتمانانی ئازادیخواز!
لاوانی تێکۆشەر و پێشەنگ لە کوردستان!
کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی سازمانی خەبات!

٤٦ ساڵ بەسەر دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێراندا تێدەپەڕێت؛ ٤٦ ساڵ لە خەبات و خۆڕاگری و خزمەتکردن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کوردە. 
ئەم ساڵیادە تەنیا یادکردنەوەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ بەردەوام بوون لە سەر ئەم ڕێگەو رێبازە کە نزیک بە پێنج دیەیە، تێکۆشەرانی ئازادیخواز بە بەردەوامی پەرەیان پێداوە،بە تایبەت لاوانی خوێن گەرم بە بیرکردنەوە،بەردەوام بوون لەو دەورەی چارەنووس سازەی هەیانە.
لە مێژووی ٤٦ ساڵەی سازمانی خەباتدا، لاوان هەمیشە بەشێکی گرنگ لە تێکۆشەرانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات بوون.
لە رۆژانی سەرەتاوە ژمارەیەکی زۆر لە لاوان بە هەستێکی نیشتیمانی و ئازادیخوازانە هاتنە ناو ڕیزەکانی سازمانی خەبات و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەرپرسیاریەتیان وەرگرت و بە تواناکانی خۆیان بەشدارییان لە بەهێزکردنی ڕێکخستن و بەردەوامبوونی ڕێگەی خەبات کرد.
ئەم متمانە بە لاوان، تەنیا بەشدارییەکی مێژوویی نەبووە؛ بەڵکوو بووەتە بەشێک لە ڕوانگەی سازمان بۆ دروستکردنی داهاتوو. یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی ئەم ڕوانگەیە، کەسایەتیی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینییە؛ کە خۆی لە تەمەنی لاویدا هەنگاوی خستە ناو ڕێگەی خەبات و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بڕیاری بەشداری لە خەباتی نیشتیمانی دا. رێنوێنیەکانی بەڕێزیان زیاتر بوو بە هۆی ئەوە کە لاوان لە ریزەكانی سازمان هەست بە دڵنیایی بکەن و بتوانن هەم وەک خوێندکار، بیرمەند، خەباتکار و داهێنەری داهاتوو لە سازماندا دەوربگێڕن.
مامۆستا شێخ جەلال گرنگییەکی تایبەتی بە لاوان و خوێندکاران و کۆمەڵگەی مەدەنی دەدا و خەباتی مەدەنی بە یەکێک لە پشتوانە گرنگەکانی خەباتی سیاسی دەزانی. جەنابیان باوەڕی بە هێزی بیر و هزری نوێ هەبوو و پێداگری لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ڕێگەی خەبات دەبێت هەمیشە توانای وەرگرتنی بیر و هزری سەردەمی هەبێت؛ چونکە گەشەکردنی هەر ڕێکخراوێک بە نوێبوونەوەی بیر و تواناکانی نەوە نوێکان پەیوەستە.
لە هەمان ڕوانگەوە، دامەزرانی ڕێکخراوی لاوانی خەبات خاڵێکی گرنگی مێژووییە. ئەم ڕێکخراوە بە هەوڵ و پشتگیری و باوەڕ بە توانای لاوان دامەزرا و بووە بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی لاوان بتوانن تواناکانی خۆیان لە بوارە سیاسی، ڕێکخراوەیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا پەرەپێبدەن.
ئەمڕۆش، ڕۆڵی لاوان لە ناو سازمانی خەباتدا بەرچاوە، بەشێک لە نەوەی نوێ لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی و لە حاستی بەرپرسیاریەتی و سەرکردایەتیدا بەشداری دەکەن. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە متمانە بە نەوەی نوێ دەتوانێت ببێتە هێزێکی بەهێز بۆ بەردەوامبوونی ڕێکخراو و گەشەکردنی بیر و تواناکانی.
ئەم ڕۆڵەی لاوان تەنها بە ناو ڕیزەکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان سنووردار نییە. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، لاوان، کچان و کوڕان، لە پێشەنگی زۆرێک لە جموجۆڵ و خەباتە مافخوازانەکاندا بوون. ئەوان بە هۆشیاری و بوێریی خۆیان نیشانیان داوە کە نەوەی نوێ دەتوانێت دەنگی ئازادی، یەکسانی، کرامت و داهاتوویەکی جیاواز بێت.
بەتایبەتی بەشداریی کچانی لاو لە چالاکیە مافخوازانەکاندا پەیامێکی ڕوونی هەیە: کۆمەڵگەیەک کە ئامانجیەتی داهاتووی خۆی باشتر بکات، دەبێت بە هێزی کچان و کوڕانی لاوی خۆی پشت ببەستێت. ئەوان نە تەنیا بەشێکن لە داهاتوو؛ بەڵکوو بەشێکی زیندووی ئێستای گۆڕانکاریەکانن.
 ڕێکخراوی لاوانی خەبات خۆی بە بەشێک لە پرۆسەی پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیار و خاوەن بەرپرسیاریەتی دەزانێت؛ نەوەیەک کە بتوانێت مێژووی ڕابردوو بخوێنێتەوە، لە ئەزموونەکانی پێشینیان فێربێت و بە بیر و توانای خۆی  داهاتووی شیاو دروست بکات.
ئێمە لە ڕێکخراوی لاوانی خەبات باوەڕمان وایە کە مێژووی ٤٦ ساڵەی سازمان، مێراتێکی گرانبەها و قوتابخانەیەکی پڕ لە ئەزموونە بۆ نەوەی نوێ. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەم مێراتە بناسین، لێی فێربین و لە هەمان کات بیر و توانای سەردەمی خۆمان بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بخەینە کار.
لە ٤٦ـەمین ساڵیادی دامەزرانی سازمانی خەباتدا، سەری ڕێز دادەنێین بۆ یاد و بیرەوەریی هەموو شەهیدان و تێکۆشەرانی ئەم ڕێگەیە، و پیرۆزبایی دووبارەی خۆمان پێشکەش بە هەموو ئەندامان، کادر و پێشمەرگە و دۆستان و هاوسەنگەرانی سازمانی خەبات دەکەین.
بە هیوای ئەوەی نەوەی نوێ، بە تایبەتی کچان و کوڕانی لاو، بە هەمان وزە و هومێدی نەوەکانی پێشوو، بە زانست و هۆشیاری و توانای سەردەمی خۆیان، بەردەوامی بە ڕێگەی خەبات بدەن و بەشێکی نوێ لە مێژووی گەلی خۆیان بنووسن.
٤٦ ساڵ خەباتی بێ وچان لە ڕیزەکانی سازمانی خەباتدا پیرۆز بێت و بە هیوای ڕزگاری یەکجاری نەتەوەی کورد و ئازادی و دیمۆکراسی لە ئێرانێکی ئازادداین.

ڕێکخراوی لاوانی خەبات ی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٣ی خەرمانان ١٤٠٥ هەتاوی

14 کاتژمێر و 59 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی یادی ۴۶ ساڵەی سازمانی خەبات

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات، بەبۆنەی یادی ۴۶ ساڵەی سازمانی خەبات


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر