سەرەڕای ئەوەی کە نزیک بە٤٠ رۆژ بەسەر کرانەوەی قوتابخانەکاندا تێدەپەڕێ، بەڵام هێشتا هیچ بوودجەیەک بە قوتابخانەکانی مەریوان نەدراوە و لەلایەکی دیکەشەوە کەمیی قوتابخانە قوتابییانی تووشی گرفت کردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای ئەوەی کە نزیک بە٤٠ رۆژە لە ئێران بە فەرمی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا لەلایەن وەرزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە هیچ هەزینە و بوودجەیەک بە قوتابخانەکانی مەریوان نەرداوە، هەر بۆیە لێپرسراوانی قوتابخانەکان بە منداڵانیان راگەیاندووە کە دەبێ هەر قوتابییەک ٥٠ هەزار تمەن بۆ خەرجی خۆی بهێنێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو قوتابخانەکانی مەریوان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، کە هەتا ئێستا ناوەندە پێوەندیدارەکانی مەریوان پارەی "فەڕاش، فیشی ئاو، بەرق، گاز و تەلەفۆن"ی قوتابخانەکانی ئەو شارەیان نەداوە.
لە درێژەی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپادا هاتووە، بەشێک لە گوندە پڕ حەشیمەتەکان وهەروەها و بەخشەکانی سەر بە شاری مەریوان لە بوونی "قوتابخانەی ناوەندی" بێبەشن و هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی زۆریی قوتابی و بچووک بوونی پۆلەکان، چەند پۆلێکی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە یەک پۆلدا دەخوێنن و ئەمەش بۆتە گرفتی تێگەیشتن و پەروەردە بۆ قوتابیان و مامۆستایان.
بنەماڵەی قوتابیان و چالاکانی فەرهەنگیی مەریوان لەو باوەڕە دان ئەم کەمتەرخەمی و کەمکارییانەی حکوومەت لە بواری خوێندن و قوتابخانەکانی شاری مەریوان بەو مەبەستەیە کە بنەماڵەکان بار بهێنن کە خۆیان خەرجی قوتابخانەکان بدەن و ئەم کارەش بەو بیانووەوە دەکەن کە دەیانهەوێ بەرەبەرە قوتابخانەکانیش بکەنە کەرتی تایبەت.