لە کەس شاراوە نییە کە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هەمووکات لە ڕاپەڕاندنی کار وئەرکەکانیاندا کەمتەرخەمن و نوێنەرایەتی روانگەی تێکەل بە هەڵاواردنی کاربەدەستانی ڕێژیم بە نیسبەت کوردستانەوە دەکەن و تەنیا بۆ تۆقاندن و داپڵۆسین و گرتن و بێدەنگ کردن و سازکردنی زیندانی زەبەلاح و توند و توڵ،
کارەکانیان باش رادەپەڕێنن. ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە قوتابخانەی منداڵانی گوندی شیناوێی پیرانشاریش بێ گومان هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە ٣٤ ساڵە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت تەندروستی و داهاتوو و پەروەردە و مافەکانی منداڵی کوردەوە دەیکەن کە مێژوەکەی بۆ هەموان ئاشنایە و تەنیا بەشێکە لەو هەڵاواردنە سیستماتیکەی کە لە هەموو بوارەکاندا و لە هەموو قۆناغەکانی تەمەندا بە نیسبەت تاکی کورد و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە دەکرێت.
ئێمە وەک فێدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران ئەم سیاسەتە دژیگەلیەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە توندی مەحکوم دەکەین و بە پاڵپشتی کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو ویژدانە هوشیارەکانی کۆمەڵگای کوردستان هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لە رێگای هاوکاری و هاوخەمی و گواستنەوەی میدیایی و تاد...، لانی کەم بتوانین ببین بە دەنگی هاواری ئەوان لە ڕێکخراوە مرۆڤی و نیودەوڵەتیەکاندا.
فێدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران
٦/١٢/٢٠ ١٢