مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگیی شارەکانی پیرانشار و سەقز لەمەڕ کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان و نەبونی ئیمکانات لە قوتابخانەکانی کوردستان لە دوو بەیاننامەی جیاجیادا هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانە و فەرهەنگییانی دوو شاری پیرانشار و سەقز لە دوو بەیاننامەی جیاجیا وێڕای رەخنەگرتن لە کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی پێوەندیدار بە بۆنەی رووداوی سووتانی کچانەی قوتابخانەی شیناوێ، هاوکات هۆشداریی ئەوەشیان داوە کە پێش بە ئەگەری رووداوی لەو چەشنە لە قوتابخانەکانی کوردستان بگیرێ.
پێش مەرگی یەکێک لە منداڵە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی "سینا" لە شاری تەورێز و مەترسیی مەرگی چوار قوتابیی دیکە و لێدوانی وەرزیری پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئێران لەمەڕ بە تاوانبار ناسینی مامۆستای قوتابخانەی شیناوی، زۆرێک لە چالاکانی فەرهەنگی لە شارەکانی کوردستان و خوێندکارانی کورد لە زانکۆکان ناڕەزایەتییان بەو قسانە دەربڕی.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەی مامۆستایانی شاری پیرانشاردا ئاماژە بەم کەموکۆڕی و کەمتەرخەمییانە کراوە:
ـ کەمتەرخەمی و خەمساردیی لێپرسراوانی پێوەندیداری پەروەردە و بارهێنان لە هەمبەر ئەو کارەساتە.
ـ پۆلی چوارەمی قوتابخانەی گوندی شیناوێ، ٤٠ قوتابیی تێدا بووە کە پێچەوانەی ستانداردەکانی خوێندنە.
ـ نەبوونی ئیمکانانی ئیمەنی و لەبەرچاو نەگرتنی داخواز و هوشداریی بەرپرسانی قوتابخانەی شیناوی لەمەڕ خراپیی ئەو قوتابخانەیە.
ـ ناڕەزایەتی بە کەمی و نەبوونی خەدەمات و ئیمکاناتی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی پیرانشار و ورمێ و راگواستنی بریندارەکان بۆ تەورێز.
ـ هۆشداری دان بە ئەگەری روودای روودا و کارەساتی دیکەی لەو چەشنە لە قوتابخانەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان.