وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆڵی وڵاتەکەی لە تیرۆری ٣ ژنە چالاکی کورد لە پاریس رەت کردەوە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران چەند کهسایەتی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە وڵاتی ئاڵمان تیرۆر کرد.
"رامین مێهمان پەرست" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامدانەوە بە مێدیاکانی تورکیە لەمەڕ رۆڵی وڵاتەکەی لە تیرۆری ٣ ژنە چالاکی کوردەدا، رایگەیاند: ئەو تۆمەتە کاری مێدیاکانی ئیسراییلە چونکە مێدیاکانی ئیسراییل ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان بیروڕای گشتیی خەڵکی تورکیە لەهەمبەر ئێراندا تووشی رەشبینی بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندین وڵاتی زلهێزی بە ئەنجامدەری ئەو تیرۆرە تاوانبار کرد و لەهەمان کاتدا ئەو وڵاتانەی بە سەرچاوەی ئاڵۆزی و پشێوی لە قەڵم دا.
مێهمان پەرەست لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەیشی خستەڕوو، هەتا ئێستا پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیە لە رووی رێزدانانی هەر دوو لاوە بووە، کە ئەم کارەی میدیاکانی حکوومەتی تورکیە هۆکاری خولقانی دۆخێکی ناتەندروست لە نێوان هەر دوولا دایە.
رۆرێک لە میدیاکانی تورکیە دوابەدوای تیرۆر کرانی "سەکینە جانسز"، " فیدان دۆغان" و لەیلا سولماز" ٣ ژنە چالاکی کوردی تورکیە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بە دەست تێدا بوون لەو تیرۆرەدا تاوانبار کرد.
راگەیاندنەکان مەبەسەتی ئەو کارەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان، دوژمنایەتی لەگەڵ تورکیە و هەروەها کوردانی ئەو وڵاتە داوەتە قەڵم.
لەلایەکی دیکەوە دوێنی چوارشەممە ئەحمەد تورک ئەندام پارلمانی تورکیە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، دەزگا هەواڵگرییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و سووریەی لە تیرۆری سێ ژنە چالاکی کوردی تورکیە، دەستنیشان کرد.
هەروەها "ئەمیرە ئۆسلۆ" یەکێک لە ئەندامانی پێشووی پۆلیسی دژە تیرۆری وڵاتی تورکیە رایگەیاندبوو، بەرقەرار بوونی ئاشتی لەنێوان تورکیە و کوردەکاندا، نیگەرانی لای وڵاتانی ئێران و رووسیە درووست کردووە.
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هۆی تیرۆر کردنی جیابیرانی خۆیەوە، هەتا ئێستا چەندین جار لە ئاستی نیونەتەوەییدا مەحکووم کراوە و پێشتریش دادگای میکۆنوس زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئەو حکوومەتەی وەک بڕیاردەری تیرۆرەکان ناساند.