دووساڵ لەمەوبەر لە22 ڕێبەندانی 1389 کۆچی خۆری بەرامبەر بە 10 ی فێوربەری 2011مامۆستا شێخ عێزەدین حسینی کەسایەتی دیار و رێبەری نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە ولاتی سوید دوای ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆپسالا دڵە گەرەکەی لە لێدان کەوت و بەیەکجاری ماڵئاوایی لێکردین .
کۆچی دوایی جەنابی مامۆستا خەسارەتێکی گەورە بوو کە لەمیللەتی کورد کەوت.مامۆستا شێخ عیزەدین کوڕی قازی شێخ ساڵح لە 29 ی رەمەزانی 1340 کۆچی لە شاری بانە لە دایک بووە ، جەنابی مامۆستا لەتەمەنی مندالێدا لە خزمەت باوکی دا دەخوێنێت و دواتر لە لای چەندین مامۆستایی پایەبەرز درێژە بەخوێندن دەدات و لە بەهاری سالی 1327 لەلایەن مامۆستا مەلا علی حەمامیان ئیجازەیی مەلایەتی وەردەگرێت و لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان وەک مامۆستایەکی ئاینی خزمەتی زۆری کورد دەکات و دواتر ناو ناوبانگی لە سەرتا سەری کوردستانی بڵاو دەبێتەوە .
مامۆستا هەر لەتەمەنی لاوێتیدا دەبێتە ئەندامی (ژێ کاف ) و لەوێدا درێژە بەخەباتەکەی دەدا لە پێناو زیاتر خزمەت کردنی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد مامۆستا شێخ عیزەدین لە زۆربەی شۆرشەکانی گەلی کوردا بەشداری کردووە و دیارترینیان لە شۆرشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی محمد ڕەزاشا بوو کە مامۆستا دەورێکی زۆر کاریگەری هەبوو بەهۆی متمانەی لەرادەبەدەری جەماوەری کوردستان کرا بە پێشەوا سەرۆکی شاندی نوێنەرایەتی گەلی کورد .
جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدینی حسینی هەر زوو مەرامەکانی رژێمی تازە دامەزراوی ئێرانی بۆ دەرکەوت و ڕایگەیاند کەحکومەتی کۆماریی ئیسلامی ئێران سیاسەتێکی نادیاری هەیە و دان نانێ بە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و هەر بۆیە گەلی ووشیاری کورد بەشداری ئەو ڕیفرادۆمە ی نەکرد کە رژێمی ئێران بەرەورووی گەلانی ئێرانی کردبۆوە .
ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەیی دووهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدین درود و سلاو دەنێرێت بۆ ڕۆحی پاکی مامۆستا و سەرجەم شەهیدانی کوردستان ، هیوادارین ئێمەی لاوان درێژە پێدەرێکی شیاوی ڕێگە پیرۆزکەی جەنابی مامۆستا و سەرجەم شەهیدان بین.
ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
22ی خەرمانانی 1391