خوێندکارێکی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی رووداوی کارەوە لە دووکانی پەنچەرگیریی خۆیان گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "بێهزاد ئەردەڵان" تەمەن ٢٠ ساڵ، کوڕی فەردین و خەڵکی شاری سەقز کەلە دووکانی پەنچەرگیریی خۆیان سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.
بێهزاد ئەردەڵان خوێندکاری زانستگەی "پەیام نوور"ی شاری سەقز و یەکێک لە وەرزشکارە ناسراوەکانی رشتەی وەرزشی کوشتیی ئەو شارە بووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە راگەیاند: هاوکات باوکی ئەو خوێندکارەش بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین راپۆرت و هەواڵ لەمەڕ کار کردنی خوێندکاران و وەرزشکارانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئاژانسی کوردپا بڵاو کرایەوە کە بۆ دابین پێداویستییەکانیان روویان لە کۆکردنەوەی کارتۆن و ئاسنەواڵە کردبوو.