لە شاری سنە، ٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب گیانیان لەدەست دا
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممە، ١٧ هاووڵاتیی خەڵکی سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد باری تەندروستییان تێکچووە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی "تەوحید" کراون.
بە وتەی کەسێکی ئاگادار لەو رووداوە، ٣ کەسیان پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە و چەند کەسێکیشیان بەهۆی ژەهراوی بوونی لەشیانەوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو ٣ کەسە رانەگەیەندراوە.
ماوەیەک پێش ئێستا "ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم" بەرپرسی گشتی هێزە ئینتزامییەکان رایگەیاندبوو کە ٢٠ ٠ هەزار کەسی گیرۆدە بە مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێراندا بوونی هەیە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی مردن بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب لە وڵاتی ئێران ٢ بەرابەر رووی لە زیاد بوون کردووە.
هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ٦ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب مەسمووم بوون و کەسێکیان بەناوی "ئومید محەممەدی" کوڕی عەباس گیانی لەدەست دابوو.
هاووڵاتیانی خەڵکی سنە لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە لە شوێنێکی تایبەت پاش دەستکاری و ژەهراوی کردن مەشرووباتی ئەلکولی، بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.