lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ ووته‌بێژى فیدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردسانى ئێران

دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ ووته‌بێژى فیدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردسانى ئێران
ئا: سه‌روه‌ر ره‌سولى

وه‌ک ئاگادارین له‌ ماوه‌ى ر٠ابردوودا فیدراسیۆنى ر٠ێکخراه‌کانى لاوانى کوردستانى ئێران دامه‌زرا و له‌ رێکه‌وتی ٣/٣/١٣٩١ به‌رامبه‌ر به‌ ٢٣/٥/٢٠ ١٢ دامه‌زراندنى خۆى راگه‌یاند ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا بوو که‌ پێشتر ئه‌زموونى له‌و شێوه‌ چ له‌ نێوان رێکخراوه‌کانى لاوان و چ له‌ نێوان هێز و لایه‌نه‌کاندا به‌دى نه‌کراوه‌. چاودێرانیش ئه‌م هه‌نگاوه‌ى رێکخراوه‌کانى لاوان به‌ کارێکى پۆزۆتیڤ و ئه‌رێنى و وه‌رچه‌رخانێکى گرینگ له‌ کارى رێکخراوه‌یی له‌ کوردستانى ئێران له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ بۆ باشتر ناسینى فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردستان، دیمانه‌یێکمان له‌گه‌ڵ عه‌لى به‌هرامى ووته‌بێژى ئه‌و فدراسیۆنه‌ سازداوه‌.

لاوان ـ پێشه‌کى له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ین که‌ به‌رێزتان وه‌ک وته‌بێژى فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردستانى ئێران، پێناسه‌یێکى ئه‌و فدراسیۆنه‌مان بۆ بکه‌ن?

پێناسه‌ى فدراسیۆن به‌و جۆره‌یه‌که‌، رێکخراوێکى سیاسی سینفیه‌ و پێک هاتووه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ و رێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌ لاوانى کوردستانى ئێران و له‌ راستاى قازانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان هه‌نگاو ده‌نێ و کارده‌کا بۆ به‌ره‌و پێشبردنى دۆزى لاوانى کورد له‌ کوردستانى ئێران و یه‌کخستنى رێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌لاوان که‌ باوه‌ر٠یان به‌ ئاشتى و ئازادى و عه‌داڵه‌تى کۆمه‌لایه‌تى هه‌بێ و کار ده‌کا به‌ بونیادنانى کۆمه‌ڵگایێک که‌ مافى ژن و مافه‌کانى مرۆڤ و فره‌چه‌شنى و ژینگه‌ پارێزى تێدا ره‌چاو بکرێ. 

لاوان ـ دامه‌زرانى ئه‌م فدراسیۆنه‌ به‌ چ مه‌به‌ستێک بوو?

به‌ڵێ له‌ دواى پێکهاتنى کونفرانسى لاوانى چوارپارچه‌ که‌ له‌ هه‌ولێرى پێته‌ختى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌سترا، رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردستانى ئێران به‌ شێوه‌یێکى ئه‌کتیڤ له‌و کونفرانسه‌دا به‌شدار بوون و یه‌کگرتوویی و هه‌ماهه‌نگیێکى باشیان له‌ نێواندا هه‌بوو و له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ گرینگ و ئه‌ساسیه‌کان هیچ جیاوازیێکى بیرکردنه‌وه‌ به‌دیی نه‌ده‌کرا، رۆحیه‌ی هاوکارى و پێکه‌وه‌ کارکردن زۆر بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ هۆیێک که‌ بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ کار بۆ سازکردنى چوارچێوه‌یێکى تۆکمه‌ بکرێته‌وه‌.

له‌ دواى چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ و ئاڵووگۆر٠ى بیرور٠ا له‌ نێوان رێکخراوه‌کانى لاواندا، ئاکامه‌که‌ى ئه‌وه‌ بوو که‌ فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوان به‌ عه‌مه‌لى هاته‌ مه‌یدانى خه‌بات کردنه‌وه‌. 

پێک هاتنى فدراسیۆن به‌ چه‌ند ئامانج بوو، لاوان وه‌ک هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بوون بۆ هه‌ر گۆرانکاریێک له‌ کۆمه‌ڵگا و له‌ کوردستانیش دا ده‌ورى کاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ راگرتن و به‌ره‌و پێشبردنى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى خه‌ڵکى کوردستان و به‌ربه‌ره‌کانێى داگیرکه‌راندا، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ ده‌ور و نه‌قشى ئه‌و توێژه‌ى کۆمه‌ڵگا له‌ به‌رچاو بگیرێ و په‌راوێز نه‌خرێ. له‌لایێکى دیکه‌وه‌ لاوان ده‌توانن له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ى ئێستا که‌ هێز و لایه‌نه‌کانى پێدا تێپه‌ر٠ ده‌بێ، ده‌ورى کاریگه‌رى هه‌بێ بۆ نزیکى و کۆتایی هێنان به‌و ته‌نگه‌ژانه‌ى به‌ره‌ور٠ووى هێزه‌ شۆرشگێر٠ه‌کانى کوردستان بۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مه‌جال بۆ لاوان بره‌خسێ ده‌توانن ده‌وریان هه‌بێ له‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و دیارده‌ خراپانه‌ى له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌رۆکى به‌ لاوان گرتووه‌ و فدراسیۆن زۆر به‌ روونى په‌نجه‌ى ناوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ و بۆ چارسه‌ریشیان رێگه‌ى چاره‌سه‌رکردنى دیارى کردوه‌ و ئاماده‌یه‌ به‌ عه‌مه‌لى هه‌نگاویان بۆ بنێ.

لاوان ـ ئامانجه‌کانى فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردستانى ئێران چین?

ئامانجه‌کانى فدراسیۆن له‌ چه‌ند به‌شدا دیارى کراوه‌، یه‌که‌م به‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ بزوتنه‌وه‌ى مافخوازانه‌ى رۆژهه‌لاتى کوردستان، له‌ پرۆسه‌ى رزگاری دایه‌ و هه‌نگاوى یه‌که‌مى رووخانى رژیمێکى دیکتاتۆر و تۆتالیتێره‌، به‌شێک له‌ ئامانجه‌کانى فدراسیۆن هه‌مان ئامانجى بزوتنه‌وه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌که‌یه‌ که‌ خۆى له‌ روخانى رژیمى ئێستاى ئێران و بونیادنانى کۆمه‌ڵگایه‌کى دیموکراتیکدا ده‌بینێته‌وه‌ و گرینگى دانه‌ به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان. دوهه‌م ئه‌و ئامانجانه‌ن که‌ تایبه‌تن به‌ خودى لاوان، وه‌ک بردنه‌ سه‌ره‌وه‌ى ئاستى ئاگایی لاوان له‌ بارى مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه‌یی، و یه‌کخستنى تواناى لاوان بۆ سه‌رخستنى بزوتنه‌وه‌ى ئازادیخوازى خه‌ڵکى کوردستان و کاڵ کردن و له‌ناوبردنى جیاوازى ره‌گه‌زى له‌ کۆمه‌ڵگاى کوردستان، هه‌روه‌ها فدراسیۆن هه‌وڵ ده‌دا پێوه‌ندى ده‌گه‌ڵ زۆربه‌ى رێکخراو و ناوه‌نده‌ جیهانیه‌کان دروست کا به‌ مه‌به‌ستى زیاتر ناساندنى دۆزى لاوان له‌ رۆژهه‌لاتى کوردستان و به‌ گشتى داوا و ویسته‌کانى گه‌لى کورد له‌و به‌شه‌ى کوردستان. بایه‌خ دان به‌ فه‌رهه‌نگ و زمان و ئه‌ده‌بی کورد و مه‌سه‌له‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کان و وه‌رزش و ته‌ندروستى و ژینگه‌ پارێزى له‌ ئامانجه‌کانى فدراسیۆنن.

لاوان ـ ئایا لاوانى سه‌ربه‌خۆ ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندام له‌و فدراسیۆنه‌دا?

وه‌ک له‌ ناوه‌که‌ى را دیاره‌ ئه‌و فدراسیۆنه‌ فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردستانى ئێرانه‌، یانى هه‌ر رێکخراوێکى لاوانى کورد، جا چ له‌ کوردستانى ئێران یان له‌ کوردانى شوێنه‌کانى دیکه‌ى ئێران ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندام. وه‌ک لاوانى سه‌ربه‌خۆ نه‌خێر ناتوانن ئه‌ندامى فدراسیۆن بن.

ئه‌و رێکخراوانه‌ى فدراسیۆنیان پێک هێناوه‌ سه‌ربه‌ هێز و لایه‌نه‌کانى کوردستانى ئێرانن، وه‌ک ده‌بینین هه‌ل و مه‌رجى ئێستاى حیزبه‌کانیش به‌جۆرێکه‌ ئینشعابات و جیایی که‌وتۆته‌ نێوانیان و هیچ یه‌کگرتوویی و یه‌کگووتاریێک به‌دى ناکرێ، ئایا هه‌ڵوێستى ئه‌و حیزبانه‌ چه‌نده‌ کاردانه‌وه‌ى هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر رێکخراوه‌کانیان به‌تایبه‌ت رێکخراوى لاوان، بۆ یه‌کگووتارى لاوان و پێکهاتنى فدراسیۆنى تایبه‌ت به‌ رێکخراوه‌کانى لاوان?

بێ شک کاردانه‌وه‌ى و ته‌سیریان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر رێکخراوه‌کانیان به‌لام جۆره‌ ئازادیێکیش به‌دى ئه‌کرێ بۆ کارکردى رێکخراوه‌کان ئه‌وه‌ له‌لایێک، له‌لایێکى دیکه‌ رێکخراوه‌کانى لاوان و به‌تایبه‌ت به‌رپرسانى ئه‌و رێکخراوانه‌ به‌ بیرکردنه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى لاوان و مه‌ساڵحى خه‌باتى لاوان له‌ کوردستانى ئێران، چاوپۆشى له‌ جیاوازى و ته‌زاده‌کان کراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ توانرا له‌ ده‌ورى یه‌ک کۆببنه‌وه‌ به‌ جۆرێک هه‌موو تواناکان یه‌ک خه‌ن و رێکخراوه‌کان له‌ فدراسیۆنێکدا سازمانده‌یی بکه‌ن.

لاوان ـ بۆچى هه‌موو رێکخراوه‌کانى لاوان له‌ دامه‌زرانى فدراسیۆندا به‌شدار نه‌بوون?

له‌ جوابی پرسیاره‌که‌تدا ده‌بێ بڵێم که‌ دامه‌زرێنه‌رانى فدراسیۆن زۆریان هه‌وڵدا بۆ ئه‌وه‌ى تێکر٠اى رێکخراوه‌کان به‌شدار بن له‌ دامه‌زرانى فدراسیۆندا، به‌لام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆى هێندێ مه‌سائیلى تایبه‌ت به‌و رێکخراوانه‌ به‌ ده‌م داواکانه‌وه‌ نه‌هاتن، به‌لام چه‌ند رێکخراوێکى دیکه‌ ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌ ئه‌ندام بوون له‌ فدراسیۆندا راگه‌یاندوه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانمان له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانى دیکه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین. 

لاوان ـ ئایا دامه‌زراندنى فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردستانى ئێران ده‌بێته‌ خاڵێکى وه‌رچه‌رخان بۆ رێکخراو حیزبه‌کانى دیکه‌ى رۆژهه‌لاتى کوردستان که‌ یه‌کبگرن له‌ پێناو کارى هاوبه‌شدا?

به‌ڵێ، یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانى یه‌کخستنى رێکخراوه‌کانى لاوان هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ لاوان بۆ یه‌ک بوون و یه‌کگووتارى هێز و لایه‌ن و ناوه‌نده‌ سیاسیه‌کانى دیکه‌ پێشه‌نگ بن و ئه‌کرێ دروست بوونى فدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوان ته‌جروبه‌یێکى سه‌رکه‌وتوو بێ بۆ رێکخراوه‌کانى خو1234ێندکاران و ژنانى کوردستانى ئێران و به‌شێوه‌یێکى گشتى تر خودى حیزبه‌کانیش.

له‌ کۆتایی دا سپاست ده‌که‌ین بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى پێداین که‌ ئه‌و دیمانه‌یه‌ سازبکرێ.

سپاس بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونى ئێوه‌ى به‌رێز و هیوام سه‌رکه‌وتنى هه‌موو لایێکه‌.



12 ساڵ و 2 مانگ و 27 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 23 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ ووته‌بێژى فیدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردسانى ئێران

دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ ووته‌بێژى فیدراسیۆنى رێکخراوه‌کانى لاوانى کوردسانى ئێران


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر