7ی پوشپەری 1366 ئەو رۆژە بوو کە شاری سەردەشت لەلایەن رژێمی بەعس شیمیاباران کرا.
ئەو جینایەتە مەزنە بەیەکێک لە کارەساتە گەورەکان دادەنرێت کە بەسەر میللەتی کورد داهات. لەو رۆژەدا رژێمی لەناوچووی بەعس بە چوار فرۆکەی جەنگی بەچەکی شیمیاوی بۆمبارانی شاری سەردەشت و دەوروبەریان کرد و بەهەزاران مرۆڤیان شەهید و بریندار کرد.
لەکاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە جیهان بەگشتی و رۆژهەلاتی ناوەراست بەتایبەتی لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان بەهۆیی درێژەدان بە بەرنامە گوماناوییە ناوکیەکانی گەمارۆ گەلێکی سەختی ئابوریی بەسەر ئەو وەڵاتە دا سەپاوە و ئاستی گوزەران و ژیانی هاولاتیانی ئێران لە بارودۆخێکی خراپدایە . ئەو دۆخە نالەبارە ئەوەندەی تری باری قورسی ناخۆشیەکان لەسەر گەلی کورد و گەلانی ئێرانی زیاتر کردووە. لەکاتێکدا کە پێویست بوو خەڵکی کارەسات دیتووی شاری سەردەشت ئاوڕی جیددیان لێدرابایەوە و ئازا و خەمەکانیان کەم کرابایەوە دەسەڵاتی نامەشروع بە سیاسەتە هەڵەکانی رۆژ لەدوای رۆژ ئازار و دەرد و مەینەتیەکانی خەڵک زیاتر دەکات و هیچ چاوەروانی و گەشبینیەک بۆ رەواندنەوەی مەینەتیەکان لەژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بوونی نییە.
بێگومان یەکێک لە ئەرکەکانی داهاتووی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران گرینگی و بایەخی تایبەت بەو کارەساتە تا ئاستی بە جینوساید ناساندنی ئەو جینایەتە و پێراگەیشتن بە قوربانیانی لەبواری ئیمکاناتی پزیشکی و ئاسانکاری بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی ئەو چەکە ژەهراویە و قەرەبووکردنەوەیان دەبێ.
ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیوە درود و سلاو دەنێرێت بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی شیمیباران بارانکردنی شاری سەردەشت و دەوروبەری و هیوای رەوینەوەی خەمەکانی بەرکەوتووان و قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکات و هەروەها داوا لە سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکات کە کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت وەک جینۆساید بناسێنن.
ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەیی بەرێوەبەری
7ی پوشپەری 1392