lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

ده‌قى قسه‌کانى کاک عه‌لى به‌هرامى له‌ سیمینارى مامۆستا سەید جەلالدین حوسەینی رەمزی فیداکاری و هێمای نەتەوەیی

ده‌قى قسه‌کانى کاک عه‌لى به‌هرامى له‌ سیمینارى مامۆستا سەید جەلالدین حوسەینی رەمزی فیداکاری و هێمای نەتەوەیی

پێش ئەوەی دەست بە باسەکەم بکەم بە پێویستی دەزانم سپاس و پێزانینی خۆم بۆ بەرێوەبەرانی ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران دەربڕم بۆئەوەی رایانسپاردم ...

کە لە سەر مامۆستای پایەبەرز و خۆشەویست مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی ئەم بابەتە ئامادە بکەم. 

بێشک پێویستە لە سەر ژیانى ئەو رێبەرە بلیمەت و فیداکارەی گەلەکەمان بە شێوەیێکی ئاکادیمی تووێژینەوە بکرێ چوونکە ژیان و  خەباتی مامۆستا باسی زۆر هەڵدەگرێ. هەڵەیە مامۆستا تەنها وەک رەهبەر و پێشرەوی میللەت ناوببرێ بەڵکوو مامۆستا لە چەندین باردا تێکۆش بووە، چەندەی شارەزایی هەبووە لە سەر کار و باری سیاسی، ئەوندەش ئەدیب و شاعیر بووە، ئەوندەش شارەزا بووە لە سەر دین و تاریخی ئیسلام، ئەوندەش شارەزا بووە لە سه‌رجوغرافیای کوردستان و مێژووی کورد,هەر بۆیە هەر کام له‌م خاڵانه‌ باسم کردن توێژینەوەی زۆری دەوێ.




من هەوڵم داوە بە شێوه‌ییکى کورت باس لەده‌ورانى خوێندن و ژیانی تایبەتی و کار و چالاکیەکانی لە باری کوردایەتی و ئەدەبی و ئایینی ماموستا بکەم. بەو هیوایەم هەر کام لە ئێمە وەک رێبوارانی رێبازەکەی بەردەوام بین لە بەدواداچوون و بە ئاگابوون لە ژیان و بیر و هزری مامۆستای ئازیز و خۆشەویست. چوونکە مامۆستا هەر لەسه‌ره‌تا, تا کۆتایی ژیانی خاوەن چەند سیفەتى گه‌وره‌و بەرچاو بووە, راستگۆ بووە هەم لە دین و هەم لە کوردایەتی دا. کەسێکی ئەمین و نهێنی پارێز بووە، قسە لە روو و حەق بێژ بووە، هەر کارێک کە کردبێتی باوەڕی تەواوی پێی بووە و ناحەقی لە هیچ کەسێک قەبووڵ نەکردوە.




مامۆستا سەید جلال الدین ی حوسەینی کوڕی قازى سید صالح ی واژەیی بەرزنجەیی بووە. کە یەکێکن لە بنەماڵە بەناوبانگەکانی کوردستان، چ لە باری شۆرشگێڕی ونه‌ته‌وه‌یى و چ لە باری دینی خزمەتیان به‌رچاو دیاربووە.




مامۆستا لە بیست و شەشی ڕەجەبی ساڵی ١٣٤٦ کۆچی ی مانگی و ١٣٠ ٦ی کۆچی ی خۆری و ١٩٢٧ی زایینی لە شاری بانە لە دایک بووە. مامۆستا سەید جەلال بۆ خۆی دەفەرموێ کە " خوێندنی قورئانی پیرۆز بە تەجویدەوە پاشان سمایل نامە و ناگەهان و هەروا,ئەی شدە و ئەحمەدیی شێخ مەعروفی نۆدێیی و پاشان گوڵستان و بوستان و تەرجیعات و هێندێ لە قەساید کە هەمویان ئی شێخ سەعدیی شیرازین، هەروا اقباڵ نامەی مەلاکەریمی مودەریس و عەقیدەی شێخ سەمیع و سهلە النواڵ نوسراوی باوکی رەحمەتی خوێندوە. ئەمجار لە عیلم دا تەسریفی زەنجانی و صرف میر لە عیلمی صرف دا و عواملی جورجانی و مەتنی موغنی لە نەحودا، ئەمانەی هەمو لە خزمەت باوکی دا خوێندوە". لە خەزەڵوەری ١٣١٩ی کۆچی ی خۆری باوکی کۆچی دوایی کردوە کە مامۆستا تەمەنی ١٣ ساڵ بووە و دوایی دەچێتە لای مامۆستا شێخ عزەدینی برای بۆ خوێندن و وەک براگەورەیێک چاودێریشی دەکات. مامۆستا لە ناوچەکانی بانە، بۆکان، مەهاباد، شنۆ و لاجان، ناوچەی پشدەر و مەریوان لە لای مامۆستایان " حاجی مەلا فەرەجی شەکیب، مەلا محمدی وەڵزی، مامۆستا سید حسن واژەیی، مامۆستا مەلا صالحی بێژوەیی، مامۆستا شێخ حەسەن شێخی، مامۆستا مەلا باقر" خوێندوویەتی و لە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٣٤ لە مەریوان لەلای مامۆستا مەلا باقر خوێندن تەواو دەکا و ئیجازەی مەلایەتی لەلایەن مامۆستا مەلا باقر وەردەگرێ. لە دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەکا لە گردیگلانی رۆژئاوای بۆکان دادەنیشێ و دەست دەکا بە دەرس ووتنەوە و هەر لەو کاتەدا لەگەڵ فاتمە خانمی کچی مەلا سەید کەریمی واژەیی له‌ دى قه‌ره‌گوێزله‌ناوچه‌ى بو٠Žکان خێزان پێک دێنن و خودا پێنج کوڕ و سێ کچیان دەداتێ.




سەرەتای تێکەڵاو بوونی بە کاری سیاسی




لە بەهاری ١٣٢٤ و لە ناوچەی بۆکان کە کۆمەڵەی "ژ ک" لە پەرەسەندندا بووە لەلایەن مەلا عەبدوڵای حەسارەوە دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە که‌دواى دامه‌زرانى سازمانى خه‌بات ماموستا مه‌لا عه‌بدوڵا ده‌بیته‌ ئه‌ندام وهاوکارى سازمانى خه‌بات.




لە دوای ئەوەی کۆمەڵەی "ژ ک " دەکرێتە حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستانی لە سەر بونیاد دەنرێ مامۆستا سەید جەلال لەگەڵ مامۆستا شێخ عزەدین دەچنە مەهاباد و لەوێ هاوکات کە بەردەوام دەبن لە خوێندن، مامۆستا سەید جەلال بەهۆی ئەو حەز و خولایەی هەیبووە بۆ کوردایەتی و ، نزیک دەبێتەوە لە بڵاوکراوەکانى زمانحاڵی کۆمارو بە نووسینی بابەت و شێعر لە سەر کۆمار و هەل و مەرجی کورد و ئەو ئازادیەی هاتۆتەدیی دەست دەکا بە خزمەت کردن بە گه‌لى کورد.




لە دوای رووخانی کۆمار مامۆستا بەردەوام بوو لە کوردایەتی و دژایەتی رژیمی شا و هەر کەس دژمنی رژیمی شا بووایە ئەو خۆشی دەویست. جەمال عەبدولناصری سەرەک کۆماری میسری زۆر خۆش دەویست لە بەر ئەوەی دژمنی شا بوو و بۆ ماوەیێکیش رادوێی کوردی دامەزراند. و هەر لە سەر ئەوەی هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له‌هه‌موو کو٠Žر٠وکو٠Žبوونه‌وه‌یه‌کدا ده‌رده‌بر٠ى و جەمال عەبدولناصری خۆش ویستووە ساواک خستوویانەتە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەیان لێکردوە.




لە دوای سەرهەڵدانی خەباتی ١٣٤٦ و ٤٧ مامۆستا سەید جەلال پشتیوانی زۆری ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ى ده‌کردو و دڵخۆش بوو بە سەرهەڵدانەوەی شۆرشی کوردستان لەو دەمەدا. دۆستایەتی و نزیکی لەگەڵ مەلا رەحیمی وردی و قادری وردی که‌له‌به‌رده‌ستى ماموستا خوێندبوویان وهه‌روه‌ها مەلا ئاوارە کە لە ئەندامانی دیاری ئەو شۆرشە بوون، هەبوو و وەکوو پشت و پەنایێک بوو بۆیان و هاوکاری کردوون.




لە بەهاری ساڵی ١٣٥٧ کاتێ خەڵخاڵی لەلایەن رژیمی شاوە تەبعید دەکرێ بۆ بانە، بەهۆی ئەوەی کە خەڵخاڵی لەو کاتەدا دژایەتی ئەو رژیمەی دەکرد، لەلایەن مامۆستا سەید جەلال دین حوسێنەوە پەنای دەدرێ و هاوکاری دەکرێ کە هەر لە سەر ئەو هاوکاری و پەنادانە لەلایەن رژیمی شاوە فشاری زۆری دەکەوێتە سەر، بەڵام هەتا خەڵخاڵی لە بانەدا دەبێ یارمه‌تى ده‌داو لە کارەکەی پاشگەز نابێتەوە.




سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران لە دژی شا و دەوری مامۆستا لە کوردستان




لەدوای ئەوەی راپەرینی جەماوەری لە ئێران دژ بە رژیمی شا لە پەرەسەندندا بوو، یەکەم جەرەقەی راپەرینی خەڵکی کوردستان لە مەهاباد لێدرا کە ئەویش لە دوای شەهید کرانی عەزیز یوسفیەوە هات و مامۆستا شێخ عزەدین بە شێعری کوردی تەڵقینی ناوبراوی کرد. نارەزایەتی لە مەهابادەوە دەست پێ دەکا.




بانە




لە هاوینی ١٣٥٧ لە شاری بانە، بەهۆی کەمتەرخەمی دامودەزگاکانی رژیمەوە دوو لاو کە هەردووکیان ناسر,یان ناوبووە دەمرن، لە کاتی ناشتی ئەو دوو لاوە لە گۆرستانی سلێمان بەگ، مامۆستا بەشداری ناشتنەکە دەکا و ئەو رووداوە کە هاوکات بووە لەگەڵ چۆڵکردنی دێ و شارە سنووریەکانی کوردستانی عێراق بە زۆرە ملێ لەلایەن دەوڵەتی بەعسەوە، مامۆستا لەو زووڵم و زۆرانەی رژیمی بەعس دەرحەق بە کوردی کوردستانی عێراق دەست پێ دەکا و دوایی دێتە سەر هۆی کوژرانی ئەو دوو لاوە و هێرش دەکاتە سەر دام و دەزگاکانی رژیم، بە قسەکانی ماموستا,خەڵک خوێنیان گەرم دادێ و بە شیعاردان دەگەرێنەوە ناوشار و هێرش دەکرێتە سەر ئیدارەکانی ئەو شارە و راپەرین دەست پێ دەکا و رێبەریی ئەو خەڵکەش دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستا، ئەویش بە خەڵکی بانە دەڵێ: کۆرم لە پێش کوڕتانەوەیە و نێوچاوانم لە پێش ناوچاوانتانەوەیە، بەو شێوەیە و لە دوای سێ مەرحەلە میتینگ و رێپێوان، راپەرین لە شاری بانە و دەورووبەر گەرم دادێ و بەردەوام دەبێ.




لە پایزی ١٣٥٧ شۆرایێک پێک دێنێ بۆ ئەوەی بە باشی سەرپەرەستی ناڕەزایەتی و راپەرینی خەڵک بکات و مامۆستا دەبێتە بەرپرسی ئەو شۆرایە.




بۆکان:




لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی خەڵکی بۆکان و ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارە لە دژی رژیمی شا، لەلایەن دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی رژیمەوە تەقە لە خەڵک دەکرێ و ژمارەیێک شەهید و بریندار دەبن، بۆ هاودەردی لە رووداوی بۆکان لە هەموو شارەکانی بانە و مەهاباد و سنە و سەقزەوە خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد، مامۆستا لە بانەوە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر، دەچنە بۆکان و لە دوای گەرانەوە لە گۆرستانی بۆکان لە مزگەوتی بازاڕ قسە بۆ خەڵک دەکا، و دەڵێ: زۆرینەی نزیک بە تەواوی خەڵکی ئێران لە وەزع ناڕازین و لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دا هاوبەشن، ئەوانەی موخالیفی رەئی جەماوەرن گۆشەیێکی چکۆلە بەقەدەر خۆیان لە قەراغێکی ئێران بۆ بڕدەدەین لەوێ‌ دانیشن و چۆنی بۆخۆان خەزیان لێیە بژین.




سنە




لە دوای ئەوەی هێزەکانی رژیمی شا تەقەیان لە خەڵکی ئەو شارە کرد و بریندار و شەهیدیان هەبوو، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بۆ هاودەردی و دەربڕینی رق و تووڕەیی لەو کردەوەی هێزەکانی رژیم چوونە سنە، مامۆستاش لەگەڵ ژمارەیێکی بەرچاو لە خەڵکی بانە چووە سنە و لە مەیدانی ئیقباڵی ئەو شارە کە جەماوەر لەوێ کۆبونەوە قسەی بۆ خەڵک کرد و لە بەر ئەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری سنە دابەش ببوو بە سەر دوو بەرەی چەپەکان و کاک ئەحمەدی موفتی زادە، باسی نەتەوەیی و کێشە نەتەوەییەکان لەو شارە کەم رەنگ بووە هەر بۆیە باسی لە کێشە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان کرد و باسی لە ئازایەتی گەلی کورد و دژایەتی رژیمی شای بۆ خەڵکەکە کرد و بۆ هاندانی زیاتری خەڵک دەڵێ: کورد وەک شێر وان کە تووڕە دەبن وەک به‌ببر, وان کە هەڵمەت دەبەن.




سەردەشت




لە دوای ئەوەی راپەرین سەردەشتی تەنیوە و هێزە ئینتزامیەکانی رژیم تەقەیان لە جەماوەر کردبوو و چەند شەهیدی لێ کەوتبووە مامۆستا لەگەڵ جەماوەرێکی زۆر لە بانەوە دەچێتە ئەو شارە و لە مزگەوتی جامیعەی ئەو شارە قسە بۆ خەڵک دەکا رووداوەکانی رۆژ دێنێتە بەر باس و باس لە ئینقلابی خەڵکی ئێران و زوڵم و زۆرداری رژیمی شا دەکا. لە دوای قسەکانی روودەکاتە عەشیرەتەکانی بەریاجی و مەلکاری و مەرەسەنە کە چەکەکانیان ئامادە بکەن بۆ هەر ئەگەرێک.




سەقز




لە دوای ئەوەی هێزەکانی شارەبانی لەو شارە تەقەیان لە خەڵک کردبوو و ژمارەیێک کۆژرا و برینداری لێکەوتەوە مامۆستا سەید جەلال لە بانە و مامۆستا شێخ عزەدین لە مەهابادەوە چوونە ئەو شارە و شەهیدەکانیان لە گۆرستانی ساڵحاوا ناشت. لە کاتی ناشتنی ئەو شەهیدانە وەک هەمیشە مامۆستا سەید جەلال دەستی کرد بە قسەکردن بۆ جەماوەری سەقز و ئەو خەڵکەی بەشداری ناشتنی ئەو شەهیدانەیان کرد و زۆر بە توندی هێرشی کردە سەر شا و جنێوی پێداو و ووتی: پدەر سوختەی لووت کەڵەشاخ، دەبێ دەست لەم میللەتە هەڵگرێ. ئەو قسانە بوونە هۆی ئەوەی کە خەڵک ئەو ترسەی پێشوویان لە رژیم نەمێنێ و چیتر لە هێزەکانی سڵ نەکەنەوە.




لە دوای ئەوەی لە ١٢ی رێبەندانی ١٣٥٧دا خومەینی گەرایەوە بۆ ئێران و لە ٢٢ی رێبەنداندا ئاخرین سەرۆک وەزیری رژیمی پەهلەوی "شاپووری بەختیار" لە ئێران هەڵات، حکومەتی کاتی دامەزرا. رێبەرانی کورد لە کوردستانی ئێران داواکانی کوردیان بەرز کردەوە و بە کردەوە بەرێوەبەرایەتی کوردستانیان گرتەدەست و حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی موهەندیس بازرگان هەیئەتی ووتووێژی بە سەرۆکایەتی داریوشی فروهەر ناردە کوردستان کە بە قەول گوێ لە داواکانی کورد بگرن و لەو بارەوە ووتووێژ بکرێ. کوردیش کە هەر لە کۆنەوە باوەڕی تەواوی بە رێگەچارەی ئاشتیانە هەبوو دەستەی نوێنەرایەتی کە پێک هاتبوو لە کەسایەتیە دیارەکانی کوردستان بە مەبەستی ووتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتی تازە پێک هێنا. مامۆستا سەید جەلال حوسەینی کە مێژوویێکی دوور و درێژی هەبوو لە کار و چالاکی سیاسی و لە ئینقلابیشدا پێشرەوی و رێبەری خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی کردبوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە رژیمی پەهلەوی، یەکێک بوو لە ئەندامانی سەرەکی هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد. هاوکات لە شاری بانە و ناوچەکانی دەورووبەر و بە مەبەستی بەرێوەبەری کارەکانی رۆژانەی خەڵک هەر لە کاتی راپەرینەکان شۆرایێک درووست کرابوو بەهۆی مەوقەعیەت و کەسایەتی بەرزی مامۆستا وەک بەرپرسی شۆراکە هەڵبژێردرا بوو، لە دوای رووخانی رژیمی شا و سەرکەوتنی راپەرینی خەڵک، ناوی شۆراکەی گۆڕی بۆ کۆمیتە، و مامۆستا لە رێگەی ئەو کۆمیتەوە چاودێری کار و بار و ئیدارەدانی خەڵکی ناوچەکەی دەکرد.




لە دوای ئەوەی هەیئەتی نووێنەرایەتی کورد بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عزەدین چوون بۆ تاران و لەگەڵ خومەینی دیداریان کرد، لە ١٨ی بانەمەڕی ١٣٥٨دا مامۆستا لەگەڵ ژمارەیێک لە هاوەڵانی بە مەبەستی تەبلیغ و گرتنی میتینگ و کۆڕ و کۆبونەوەی جۆراوجۆر بۆ پشتیوانی لە هەیئەتی نوێنەرایەتی کوردستان بەرەو باشووری کوردستانی ئێران بەرێکەوتن، دەچنە شارەکانی سەقز، سنە، کامیاران، روانسەر، جوانرۆ، پاوە، نودشە، دزڵی و مەریوان و لە سەرکوردایەتی و داوا رەواکانی کورد قسە بۆ خەڵکی ئەو شارانە دەکا و ئەو قسانە کاردانەوەی باشی دەبێ لە گەرم داهێنانی هەستی نەتەوەیی خەڵکەکە.




مامۆستا سەید جەلالدین حوسەینی هەر زوو هەوڵی دا کە کار و چالاکیەکانی بەشێوەیێکی گروهی و دەستەجەمعی بێت هەر بۆیە لەگەڵ مامۆستا عبدالرحمانی زەبێحی و مامۆستا شێخ عزەدین هەوڵیان دا کەته‌شکیلاتێکى سیاسى نزیک له‌بیروبو٠Žچونى کۆمەڵەی ژ ک دامەزرێننەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە مامۆستا شێخ عزەدین بەردەوام نەبوو لە هەوڵەکان و مامۆستا عبدلرەحمانی زەبێحی لەلایەن دەوڵەتی ئەوسای عێراقەوە بێ سەر و شوێن کرا، پرۆژەی پێک هێنانى ئه‌وته‌شکیلاته‌سیاسیه‌ سەری نەگرت. مامۆستابه‌شێوه‌ییکى چالاک ئه‌رکى به‌رێوه‌بردنى دەفتەرى مامۆستا شێخ عزەدینى ده‌داوبه‌ کردەوە مامۆستا سەید جەلال زو٠Žربه‌ى کار و بارەکانی دەفتەری بەرێوە دەبرد و بەشی زۆری ئەرکەکان لە سەرشانی بوو.




مامۆستا لە کاتی سەرهەڵدانی شو٠Žرش و تا سەرکەوتنی و دوای ئەویش هەر لەو باوەڕەدا بوو کە خەباتی خەڵکی کوردستان دەبێ یەک سەنگەر بێ و نابێ خەتەکان جیا بکرێنەوە، نابێ دوو بەرەکی و کێشە و رقەبەرایەتی ناوخۆی کوردستان بتەنێتەوە هەر بۆیە لە گەرمەی شەڕی ئاغا و رەعیەتەکاندا هەوڵی زۆری دا کە ئاشتبوونەوەیێک بێنیتە ئاراوە بۆ ئەوەی لەو هەل و مەرجەدا ئەو کێشانە کاردانەوەی خراپی دەبوو لە سەر بزوتنەوەی کوردایەتی. هەر بەو مەبەستە چەند جار چووە ناوچەی تیلەکۆی سەقز بۆ ئەوەی نێوبژیوانی ئاغا و رەعیەتەکان بکات و تا ئەندازەیێک هەوڵەکانی سەری گرت. هەر لە بارەی یەک بەرەیی بزوتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان دەفەرموێ: من لە زوودا و ئێستێش لەسەر ئەو باوەڕەم کە موبارەزەی کوردستان بەر لە هەموو شتێک موبارەزەیە بۆ رزگار بوونی گەلی کورد لە ژێر دەستیی, کورد ده‌بێ چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی دیاری بکا، و دڵسۆزانی کورد، کوردستان بەڕێوەبەرن، ئەگەر جوێ بوونەوە و سەر بەخۆییش نەبێ دەبێ دەسەڵاتی دراوسێیانی لەسەر نەمێنێ و دەسەڵاتی کورد بەسەر کوردستاندا بسەلمێندرێ. ئەو موبارەزە کاتێک درێژەی دەبێ و بڕشت و تەوژمی دەبێت کە لەژێر دەستی هەیئەتێکی سیاسی و نیزامی ی دڵسۆز و سەر دەرچوودا بەڕێوەببرێت. ئەوەش بەوە جێ بەجێ دەبێ کە بەرەیەک لە هەموو ئەحزاب و تەنانەت شەخسیەتانی لێزان و خاوەن نفوز پێک بێ و دەستەی بەڕێوەبەری بە ئینتیخاب دیاری بکرێ، و بەرنامەی موبارەزە لە باری سیاسی و نیزامی و ئابوری و ڕاگەیاندنەوە دابڕێژرێ جا دەست بەکارببن. دەبێ لایەنگرانی ئەحزاب بزانن کە حیزبێک کە خاوەنی خەتی تایەبەتە ناتوانێ نوێنەری جەماوەری میللەت بێ، بەڵکو بە هەموو حیزبەکان بە دەستە جەمعی نوێنەری جەماوەری کوردستانن.




لە دوای ئەوەی مامۆستا شێخ عزەدین حاشای لە بوونی هێزی نیزامی دەفتەر کرد کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بوونی هەبوو، ئەو هێزانە پرش و بڵاویان تێکەوت بەشێکی زۆریان روویان لە جەریاناتی سیاسی دیکە کرد. هەر بۆیە مامۆستا شێخ جەلال دین حوسەینی بە هاونەزەری لەگەڵ هاوەڵانی بیریان لە دامەزرانی رێکخراوێک کردەوە کە کوردایەتی بناغە و ئەساسی بێ و بە پێی ئەو رۆژە کە ئایدۆلۆژی لە نێو بزوتنەوەی کوردستاندا بە زەقی دەبیندرا و زۆر جار ئایدۆلۆژی دەبووە ئەولەویەتی موبارزە، ئیسلامیان وەک بیر و فکری ئەو رێکخراوە دیاری کرد و ناویان نا "سازمانی خەباتی نەتەوەایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران" دەنا مامۆستای بەرز و بەرێز لەو بارەوە دەفەرموێ: موبارەزەی زەروری و ئەرکی سەرەکی لەسەرشانی میللەتی کورد، موبارەزەی نەتەوایەتی و نیشتیمانییە کە خۆی و نیشتمانەکەی لەدەست داگیرکەرانی دراوسێ رزگار بێ. چونکە دوژمنەکان دەوڵەتن و خاوەن دەسەڵاتن و لەنێو نەتەوەییدا خاوەن پێوەندی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگین.... مییلەتی کورد ئەو هێز و ئیمکانات و پشتیوانیەی نییە، موبارەزەکەی پێویستی بە هاوکاری جەماوەری هەیە، جەماوەر تێکڕای هەستی کوردایەتی ی هەیە و ئامادەیە بۆ کوردایەتی و رزگاریی خۆی و نیشتمانی خەبات بکات.




لە یەکەم کونگرەی سازمانی خەبات دا مامۆستا سەید جەلال وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا. بەرێوەبەری سازمانی خەبات لەو کات و ساتەدا ئەرکێکی هەروا ئاسان نەبووە. سازمانێک لەلایێک دەبێ دیفاع لە مەوجوودیەتی خۆی بکات لە بەرانبەر هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان کە هیچ باوەرێکیان بە پۆلۆرالیزمی سیاسی نەبوو. لەلایێکی دیفاعی لە خاکی کوردستان بکردایە کە نەکەوێتە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران و بەربەرەکانی هێزەکانی رژیمی دەبوو بکردایە. ئەو باروودۆخەی سازمانی خەبات پێی تێدەپەڕی ئەگەر رەهبەری و سەرکردایەتیێکی خۆراگر و لێزانی نەبوایە گوومانی تێدا نیە کە هیچ کات نەیدەتوانی لە مەیداندا بمێنێتەوە. زۆر رێکخراو و جەریانی دیکە هەبوون لە کوردستاندا کە بەرگەی ئەو فشارانەیان نەگرت و توانەوە. 




لەو بارەوە مامۆستا لە دەستنووسەکانی دا بەو شێوە لە سەر بەرچاوتەنگی و شەڕی براکوژی لە کوردستان دەنوسێ: کە بەداخەوە ئەو بەرچاوتەنگی و خۆ نەناسین و کوردستان نەناسینە، وای کرد کە چەند ساڵا شەری کورد کوژی لە نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەدا گەرم بوو سەدان رۆڵەی کورد بە نارەوا کوژران و ئاخریش هەربە بەرین بوونی چیکەڵدانە، هاتنەوە سەرخۆ لە دوای لەخۆ دەرچوون، شەر وێستا. ئێستێش رۆژگاری زۆرمان لەبەرە، تەماشا کەن چەندەمان ماوە بۆ ئازادیی، ئەو رێگە دوورە بە تەبایی و برایەتی دەبڕدرێ‌ کە هەموو هێز و توانامان لە ڕێی ئامانجی سەرەکی دا بەکار بهێنین نەک لە بەربەرەکانی یەک دا، کاتێک کە کوردستانیش کەوتەوە دەست کورد، دەبێ‌ ئەحزاب ئازاد بن لە دیاری کردنی کاندیداکانیان و لە هەڵبژاردن و هەڵبژێران دا، دەئێستێ‌ کە دژمن لە ئارادیە و پێویست بە هێزی زۆر و دڵسۆزی و لە خۆ بووردن هەیە، چۆن دەبێ‌ ڕێ‌ بگیرێ‌ لە فیداکار و گیانبازان لە ڕێی ڕزگاریی کوردستان دا? 




لە دوای ئەو جۆرە روانینانەی ئەحزاب بە نیسبەت سازمانی خەبات، بەڵام سازمانی خەبات نەک هەر لە مەیدان وەدەر نەنرا بەڵکوو رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبوو چ لە باری هێزی نیزامی و پێشمەرگانە و چ لە باری سیاسی و تەبلیغیەوە. لە خاکەلێوەی ١٣٦٣دا بە هەوڵێکی زۆری مامۆستا سەید جەلالدین وسه‌رکردایه‌تى سازمان یەکەم ژمارەی رۆژنامەی تێکۆشان بلاوکرایەوە، کە بەشێک له‌ نووسینە سیاسی,ئەدەبی و ئایینی له‌نوسینى ماموستابوو. هەروەها لە خاکەلێوەی ١٣٦٤ لە دوای سەفەرێک کە بۆ ئوروپای کرد توانی دەزگاکانی زەبت و بڵاوکردنەوەی رادوێ وەدەست بخات و رادوێ دەنگی خەباتی کوردستان دەستی بە ووشان کرد. کە ئەو دوو ئورگانەی سازمان دەورێکی کاریگەر و باشیان هەبوو لە گەیاندنی دەنگی سازمانی خەبات بە جەماوەرەکەی.




لە کونگرەی دووهەمی سازمانی خەبات کە لە رەزبەری ساڵی ١٣٦٧ لە ناوچەی رانیە گیرا دیسان وەک سکرتێری گشتی سازمانی خەبات هەڵبژێردرایەوە و وەک سکرتێری گشتی سازمان بەردەوام بوو لە خزمەتە گەورەکانی بەسازمانی خەبات.




لە کونگرەی سێهەمی سازمان بۆ سکرتێری هه‌ڵنه‌بژێردرا, بەڵام وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی راگەیاندن بەردەوام بوو راپەراندنی ئەرکەکانی. بەهۆی بەساڵاچوون و هەڵکشانی تەمەنی لە کونگرەی چوارەمدا خۆی بۆ ئه‌ندامى کۆمیتەی ناوەندی نه‌پاڵاوت,بەڵام هەر لە بنکەکانی سازمانی خەباتدابه‌رده‌وام بوو لە نووسین و رێنوێنی کردن و راست کردنەوەی کەم و کوڕیەکانداو خزمەتی دەکرد. تا ئەوەی بەداخەوە لە ٣٠  پووشپەڕی ١٣٨٩ لە دوای ٦٧ ساڵ خەبات لە پێناو کورد و کوردستان لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا بە جەستە بەجێی هێشتین و کۆچی دوایی کرد.




وەک ئاشکرایە مامۆستا سەید جەلالدینی حوسەینی نەک هەر لە باری سیاسی و کوردایەتی بلیمەت و لێزان بووە بەڵکوو لە باری ئەدەبی و ئایینیش مامۆستایێکی بە تەواو مانازاناو بلیمه‌ت بوو.




بە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی بە تەواوی شارەزا بووە، کوردی زانێکی کەم وێنە بووە، بە یەکێک لە شاعیرە کلاسیکەکانی کورد دادەنرێ . لە باری ئەدەبیەوە نازناوی "پەژار" ی بۆ خۆی هەڵبژاردوە ئەو نازناوەش بەو مەبەستە بووە کە هەمیشە خەم و پەژارەی کوردی لە دڵدا بووە. بە شێعر گوزارشی لە سروشت و دەرد و مەنەتیەکانی خەڵکی کوردستان کردوە. لە ساڵەکانی ١٣١٩ و ٢٠  دا دەستی کردوە بە شێعر گووتن. خاوەنی جۆرێک لە داهێنان بووە لە نێو شێعری کوردی دا، کە شێعری کوردی بە سەبکی عەرەبی داناوە، هەروەها شێعری داناوە کە مەسرەعێکی عەرەبی بووە و مەسرەعێکی کوردی، لە سەرەتای شێعر دانان دا شێعری هەجوی زۆر بووە بەڵام دوایی ئەو شێعرانەی دەرنەخستووە و حەزی نەکردوە ئەو جۆرە شێعرانەی دەربخات، هەر چەند تاک و تروک لە لاى دو٠Žستان وناسیاوان هەن. شیعری نیشتمانی و شۆرشگێری زۆر بوون بەڵام لە کاتی ئینقلابی ١٣٥٧ بەشێکی زۆری شیعرەکانی بەداخەوە فەوتاون. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ناوی هێندێ لەو شیعرانەی کە ماون و کۆ کراونەوە بهێنم، کە بریتین لە:




باسکی بەهێز، بەهاری بولبول و مەل، بەهاری بێ ناز، برا لەپشت برابێ، بۆ جێژنی پێنجی خەرمانان، بۆ جێژنی مەولود، بولبول و گوڵی خوێناوی، تاجی سەری هۆزن، تەپڵی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پێنجی خەرمانان، چەپکە سڵاو، جگەر گۆشەی گەل، چوارینەکان، خەباتی کورد، داخی شۆرشی لەبەند کراو، دەمەتەقەی گوێز و چنار، دۆستی نەزان، رازی ژیان، رێبەندان مانگی ئازادی، سەربازی شۆرش و چەندین شیعر و پەخشان و پەخشانە شیعری دیکە.




هەروەها شارەزایێکی باشی هەبووە بە سەر زمانی فارسی و رێزمانی ئەو زمانەی بە تەواوی دەزانی، گولستان و بووستان سەعدی شیرازی و بەشی زۆری غەزەلیاتی حافزی لە بەر بووە، زاڵ بوو بە سەر تەرجومەی فارسی بۆ کوردی و هێندێ لە شیعرەکانی مەولانای رومی کردۆتەوە بە کوردی.




هەروەها به‌ سەر زمانی عەرەبیدا,وەک باسمان کرد شارەزایێکی باشی هەبووە و زیاتر لە ٥٠ ٠ ٠  شێعری عەرەبی لەبەر بووە و توانیویەتی چەندین قەسیدەی عەرەبی بهۆنێتەوە. لە باری دانانی شیعری عەرەبی و کار کردنی لەو بارەدا هیچی لە شاعیرە کلاسیکەکانی عەرەب کەمتر نەبووە.




لە باری ئایینیشەوە مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی لە دوای تەواو کردنی دەرسی مه‌لایه‌تى،بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی بە دین کردوە.حوجرەکەی هەمیشە پر بووە لە خوێندکار، هەموو خوێندکارێک لە حوجرەکەی دا جێگەی نەدەبووە بەڵکوو ئەو حوجرەیە جێگەی بارهێنانی خوێندکاری شۆرشگێر و نیشتمانپەروەر بوون و لەگەڵ ئەوەی دەرسەکانی (نەحو، سەرف، مەنتیق، بەلاغە، ئوسول، کەلام، فەرموودە، تەفسیر، تەجوید، شەرع و مێژووی ئیسلام) دەگووتەوە هاوکات کاری سیاسی تێدا بەرێوەچوە و وەک سەنگەری ئازادیخوازان وابووە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی لە حوجرەکەی مامۆستا شێخ جەلالدا بار هاتوون بە زۆری خاوەن باوەڕ و شۆرشگێر بوون و لە سەنگەری شۆرشی کوردستاندا جێگەیان گرتووە. مامۆستا هیچ کات کوردایەتی دژ بە دین نەزانیوە و دینیشی دژ بە کوردایەتی نەدیوە و هەمیشە رزگاری کوردی لە قازانجی کوردیش و دینیش دا زانیوە. 




لە کۆتایی دا بە پێویستی دەبینم کە ئێمە وەک رێبوارانی رێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات زیاتر زانیاری لە سەر ژیان و رابردووی ئەو رێبەرە خۆنەویست و کورد خۆشەویستە بزانین، بۆ ئەوەی بیر و ئەندیشەکانی چۆڵە چرای رزگاری کوردستانن.




ئێوەش هەر بژین و سەرکەوتوو بن.
Picture_161





11 ساڵ و 7 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 5 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ده‌قى قسه‌کانى کاک عه‌لى به‌هرامى له‌ سیمینارى مامۆستا سەید جەلالدین حوسەینی رەمزی فیداکاری و هێمای نەتەوەیی

ده‌قى قسه‌کانى کاک عه‌لى به‌هرامى له‌ سیمینارى مامۆستا سەید جەلالدین حوسەینی رەمزی فیداکاری و هێمای نەتەوەیی


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر