سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵەی کورد لەشاری دێهلوڕان، لەکاتی ماسی گرتندا کەوتۆتە نێو ئاوی چۆم و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا، دوو برای تەمەن ١٠ و ١٣ ساڵ بەناوەکانی "رەزا و ئەمیر حوسێن" و خەڵکی "دەڕەشار"ی ئوستانی ئیلام ، لە چۆمی "سەیمەرە"ی ئەو ئوستانەدا خنکان.
بە پێی ئامارێک کە هەواڵدەریی مێهر لە ساڵی رابردوودا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ساڵی ١٣٨٦ هەتا ١٣٩٠ ی هەتاوی ٧٥ هاووڵاتیی ئیلامی لە چۆماو و بەنداوەکانی ئوستانی ئیلامدا گیانیان لەدەست داوە.
لەلایەکی دیکەوەو بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران، لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ١ هەزار و ٧٥ کەس لە وڵاتی ئێران لە ئاودا خنکاون و هەروەها لە ساڵی ١٣٩٠ یشدا ١ هەزار و ٧٤ کەس لە ئاوەکاندا گیانیان لەدەست داوە
بەپێی ئەو ئامارە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٣٣٥ کەس لە دەریا، ١٢٠ کەس لە کەناڵەکانی ئاو، ١١١ کەس لە ئەستێــراو، ٩٦ کەس لە گۆلاوی دەستکرد و بەنداوەکان، ٤١ کەس لە گۆلاوە سرووشتییەکان و ٣٧١ کەس لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وەک چۆماوەکاندا خنکاون و گینیان لەدەست داوە.
لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی ئێــرانی بەهۆی کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان و و هەروەها نەبوونی هێـزی "نجات غریق" و کەمیی ئیمکانات" لە ئاوەکاندا خنکاون.